ئەنجومەنی ناوەند پرۆژەكەی بۆچارەسەری كێشەكانی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

12/12/2016‌ 1223 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پرۆژەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی بڵاودەكاتەوە.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ئەمرۆ دوو شەممە 12/12/2016  ئەو پرۆژەیەی  بڵاوكردەوە كەرۆژی 8/12/2016 بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پەسەندكرد بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

ئەوەشخراوەتەروو هەریەك لە سكرتێرانی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێگران و كۆمیتەی سەركردایەتی  نەخشە رێگاكەیان تاوتوێ‌ كردوە رەزامەندیان پیشانداوە لەسەر بڵاوكردنەوەی. 

دەقی پرۆژەی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:

لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەكریزی هەڤاڵانی یەكێتی و پەی بردنمان بە گرنگی پتەوكردنی گیانی هەڤاڵانە و دورخستنەوەی ئەگەری ترازان و پەیڕەوكردنی سیاسیەتی راست و دروستی چەپكەگوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلال، وە لەبەر هەستیاری و گرنگی دۆخی هەرێم و ناوچەكەو گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراو و نەكراوەكان، لە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیداری لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندی لەگەڵ هەڤاڵە پەیوەندیدارەكانی یەكێتی و دوای گفتوگۆی چڕ و پڕی راشكاوانە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ناوخۆی یەكێتی ئەم پرۆژەیەمان گەڵاڵە كرد وەكو ئەركێكی حزبی و ئۆرگانی و مێژوویی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و رێكخستنی ناوماڵی یەكێتی بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەرێگایەك بۆ ئەم قۆناغەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

یەكەم/ ئۆرگانەكانی بڕیاردان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:
١- ئەنجومەنی سەركردایەتی:
ئەنجومەنی سەركردایەتی لە بواری جێبەجێكردنی ئەركەكانی (ی.ن.ك) دا لە نێوان دوو كۆنگرەدا بەرزترین دەسەڵاتەو ئەركی جێبەجێكردن و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەكانی نێوان دوو كۆنگرەو داڕشتنی سیاسەتی گشتییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی (ی.ن.ك) لەگەڵ لایەنەكانی تردا، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی تر كە لە ماددەی (32) و ماددەكانی تری پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) پێیدراوە.

٢- مەكتەبی سیاسی:
ئەرك و دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی كۆمیتەی سەركردایەتی هەیە لەگەڵ سەرپەرشتی كردن و رێنمایی كردنی ئۆرگانەكانی حزب و پەرەپێدانی پەیوەندی (ی.ن.ك) لەگەڵ لایەنەكانی تر و دەسەڵاتەكانی تر كە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) پێی دەدات .

دووەم/ هەماهەنگی و راوێژكردن بۆ كۆبوونەوەكان:
پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، (هەڤاڵان جێگرانی سكرتێری گشتی و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی (م.س) و هەڤاڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی) راوێژو هەماهەنگی بكەن بەمەبەستی سەرخستنی كۆبوونەوەكان.

سێیەم/ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی:
١- ئەنجومەنی سەركردایەتی پاڵپشت بە ماددەی (33) لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) لە وادەی خۆیدا كۆبوونەوەی ئاسایی دەكات و لە كاتی پێویستدا كۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجام دەدرێت.

٢- كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی دەبێت، ئەگەر ئامادە نەبوو بەو رێكارانە دەبێت كە لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) دا هاتووە .

چوارەم/ رێژەی یاسایی و چۆنیەتی دەنگدان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەو رێوشوێنانە دەبێت كە لە ماددەی (5)ی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) دا هاتووە .

پێنجەم/ ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پەسەند دەكرێن دەبنە بڕیاری یەكێتی و دەبێت جێبەجێ بكرێن، وە لەوكاتەدا هیچ هەڤاڵێك دەسەڵاتی بڕیاری پێچەوانە و تاكڕەوانەی نیەو ئەنجومەنی ناوەندی چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەكات.

شەشەم/ سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك) لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەشدار دەبێت .

حەوتەم/ چارەسەركردنی دۆسیەكان:
دۆسیەی دارایی یەكێتی بە (داهات و خەرج) ەوە، دۆسییەكانی نەوت و گاز، پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی (ناوخۆیی و عێراقی و دەرەكی)، پڕكردنەوەی پۆستەكانی یەكێتی لە هەرێم و بەغداد و ئاڵوگۆڕ لە پۆستە حزبی و حكومیەكان، بەستنی كۆنگرەی (4) و دۆسیەكانی تر بەپێی گرنگی و ئەولەویەتی دۆسیەكان بە بەرنامەیەكی گونجاو لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە هەماهەنگی و بەبەشداری ئەنجومەنی ناوەندی چارەسەر بكرێن.

هەشتەم/ بەستنی كۆنفرانسی مەكتەب و دەزگاكان:
بەمەبەستی كاراكردنەوەی ئۆرگانەكان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ‌ و گونجاو بۆ ئەم قۆناغەو بۆ زیاتر پێشخستنی مەكتەب و دەزگاكان كۆنفرانسی تایبەت ببەسترێت بە پێی تایبەتمەندی ئۆرگانەكان, پاڵپشت بە ماددەی (48) بڕگەی (6) لە پەیڕەوی ناخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

نۆیەم/ بەمەبەستی رێگریكردن لەفرەلێدوانی و گەیاندن و شیكردنەوەی سیاسەت و پەیامی فەرمی یەكێتی بەرای گشتی و وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانەی دەدرێتە پاڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێویستە یەكێتی وتەبێژی فەرمی هەبێت، یان پێكهێنانی ژورێكی راگەیاندنی پسپۆڕی تایبەتمەند بۆ هەمان مەبەست.

ئەنجومەنی ناوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان