پێویستەی خۆیان یەكبخەن
روسیا: كورد لەناوچەكە هەر بڕیارێك بدات پشتیوانی دەكەین

کوردستان

15/02/2017‌ 2457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی وتەی بەشدارانی كۆبوونەوەی كورد لە مۆسكۆ نوێنەری ئەو ولاتە رایگەیاندوە وڵاتەكەی پێشتیوانی لە كورد دەكات هەر بڕیارێك بدات.


ئەمڕۆ 15/2/2017 لە مۆسكۆی‌ پایتەختی‌ روسیا بە بەشداری‌ كوردانی‌ نوێنەرانی هەر چوار پارچەی‌ كوردستان لە و لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران‌و كەسایەتی سیاسی كۆبوونەوە.


شێركۆ حمە ئەمین نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكە بە شارپرێسی راگەیاند كۆبوونەوەكە بەبەشداری نوێنەری كوردی سەرجەم  پارچەكانی كوردستان بووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تەنیا یەكێتی‌و گۆڕان بەشداریان كردوە، بەوتەی خۆی بەبێ‌ زانینی هۆكارەكەی.

شێركۆ حمە ئەمین وتی" لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو نوێنەرانی كورد جەختمان لەیەكگرتوویی كردەوە كە پێویستە كورد لەدوای داعش زیاتر یەكگرتوو بێت".


هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە لەكۆبوونەوەكەدا باس لە قارەمانییەتی پێشمەرگەو شەڕڤانان كراوە كە وەك هێزێكی سەرەكی لەدژی داعش شەڕیان كردوەو سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، بەوتەی هەموو لایەك كۆك بوون كە بەرهەمی ئەو ماندبوون‌و قوربانیدانە بەفێرۆ نەدرێت‌و كورد یەك دەنگ بێت.


نوێنەرەكەی گۆڕان رونیكردەوە كە لەكۆبوونەوەكەدا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی روسیا‌و پارتە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتە بەشداربوون‌و تیایدا قسەی خۆیان هەبووە بۆ كورد‌و بە وتەی ناوبراو نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی روسیا وتویەتی" پێویستە كورد خۆی كۆ بكاتەوەو یەك دەنگ بێت لەبڕیارەكانیدا، ئێمە رێز لە هەر بڕیارێك دەگرین كە لەناوچەكە دەیدات‌و پشتیوانی دەكەین".


هەروەها شێركۆ حمە ئەمین ئەوەشی باسكرد كە هەمولایەك جەختیان لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردوەتەوەو پێویستە كوردكێشەكانی خۆی لەمەودوا چارەسەر بكات.


لەلایەكی ترەوە عیزەت سابیر نوێنەری یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ بەشارپرێسی راگەیاند" كۆبوونەوەكە باسی هەموو ئەو كێشانەی كرد كە ئەمرۆ رووبەرووی كورد بوونەتەوەو جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە نابێت لەدوای شەڕی داعش كورد بە دەستی بە تاڵا لێی دەربچێت‌و هیچ بەرهەمێكی نەبێت"


سابیر ئەوەشی خستەڕوو كە لەكۆبوونەوەكەدا پەیامێك درا بە روسیا پشتگیری لە كورد بكات، رونیكردەوە كە باسكرا كە بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا هەیە بەو پێیەی پێشمەرگەو شەڕڤان‌و گەریلا یەكەم هێزبوون لەدژی داعش شەڕیان كردوەو گەلی خۆیان پارستووە.


بڕیارە كۆبوونەوەكە دوو رۆژ بخایەنێت‌و ئەمڕۆش یەكەم رۆژی بووە، سبەینێش كۆبوونەوەكە درێژەی دەبێت‌و چەند پرسێكی تری تایبەت بە كێشەكانی كورد تاوتوێ دەكرێت.


ئەم كۆبوونەوەیەی نوێنەرانی  كورد لە مۆسكۆ لەكاتێكدایە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی نا ئارامدا تێپەڕ دەبێت‌و شەڕ لەسەرجەم ئەو  ولاتانە هەیە كە كوردی بەسەردا دابەش بووە.


هەروەها لەسەر كێشەكانی سوریاش سەرجەم وڵاتە ناكۆك‌و نەیارەكانی كورد كۆبوونەتەوە، بەڵام تائێستا كورد نەیتوانیوە لەناوخۆیدا لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی رێكبكەون.

ئەنوەر موسلیم سەرۆكی كانتۆنی كۆبانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بە شارپرێسی راگەیاند" ئەمرۆ نوێنەرانی هەموو گەلی كورد لە مۆسكۆ كۆبووینەوە بۆ ئەوەی بەداگیركەرانی كوردستان بڵێین كوردیش دەتوانێت كۆبێتەوەو كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات".


موسلیم ئاماژەی بەوەكرد لەكۆبوونەوەكەدا ئەو كێشانە باسكران كە رووبەرووی هەموو گەلی كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان بوونەتەوەو گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی رێگا چارەكان دەكرێت لەرۆژانی داهاتوو.


سەرۆكی كانتۆنی كۆبانی رونكردەوە یەكگرتووی كورد بە كۆنگرەی نەتەوەیی دێتە دی، بەوتەی خۆی تا كۆنگرەی نەتەوەیی نەبەسترێت ناتوانین چارەسەر بۆ كێشەكانمان بكەین.


هەروەها ئەنوەر موسلیم وتیشی" نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین دەكێشرێتەوە، بەبێ‌ كورد ناتوانرێت دەستكاری ئەو نەخشەیە بكرێت‌و ناشتوانرێت وەكو رابردووبمێنێتەوە، چونكە گۆڕانكاری گەورە روویداوەو پێویستە كوردیش خۆی بۆ ئەو تێكۆشانە نوێییە ئامادە بكات".


ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كۆك بوون لەسەر بەڕێوەچوونی كۆنگرەی نەتەوەیی پێشبینی دەكرێت لەوبارەیەوە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارێك بدرێت.
س.هـ