پیلانی‌ دووەم
داعش بەهاوپەیمانی نوێوە دەگەڕێتەوە بۆ دیالە

عیراق

28/04/2017‌ 6955 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دوو ساڵە داعش دیالەی‌ لەدەستداوە، بەڵام ئێستا سەرلەنوێ‌ لەڕێی چەند هاوپەیمانیەكی نوێوە گەڕاوەتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی، كە ئەوەش بەرەنگاربوونەوەیەكی دیاری هێزە ئەمنییەكانی عێراقە.

شەممەی رابردوو چەند هێزێكی هاوبەشی سوپا‌و "حەشدی شەعبی" ئۆپراسیۆنێكیان لەپارێزگای دیالە دەستپێكرد كە گەورەترین ئۆپراسیۆنە لەوەتەی پێش دوو ساڵ توندڕەوان لەو ناوچەیە دەركران، مەبەستی ئۆپراسیۆنەكەش بەپێی قسەی مازن تەمیمی فەرماندەی مەیدانی لە هێزەكانی "حەشدی شەعبی"، راوەدوونانی شانەكانی داعشە.

تەمیمی بە "نیقاش"ی وت "ئۆپراسیۆنەكە هێزەكانی سوپا لەفەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی دیجلە‌و لیوای 24ی هێزەكانی حەشد ئەنجامی دەدەن‌و ئامانجەكەشی ناوچەكانی دۆڵی سلاب‌و ئیمام وەیس‌و نەفتخانەی باكووری خۆرهەڵاتی بەعقوبەیە بەمەبەستی گەڕان بەدوای ئەو تیرۆریستانەی بەمدواییانە دزەیان كردۆتە ناو شارەكە‌و توانیویانە مۆڵگە بۆ حەشاردانی تیرۆریستان دروست بكەن".

كۆتایی مانگی رابردوو چەند ئەندامێكی داعش لەكاسێتێكی ڤیدیۆییدا لەدیالەوە دەركەوتن‌و پێكهێنانی "كەتیبەی فارسی"یان بۆ دژایەتیكردنی ئێران راگەیاند، داواشیان لەگەلی ئێران كرد لەدژی رژێمی ویلایەتی فەقیه راپەڕن، دواتر ئەندامانی رێكخراوە لەڤیدیۆكەدا تەقەیان لەوێنەی چەند كەسایەتیەكی سیاسی‌و ئایینی ئێران كرد.

سەیر لەوەدایە رێكخراوەكە دیالەی هەڵبژاردووە بۆ راگەیاندنە نوێیەكەی‌و وادیاریش بوو كە چەكدارەكانی لەرەوشێكی ئارامدان كەبتوانن كاسێتی ڤیدیۆیی لەشارێكدا تۆماربكەن كە پێویست بوو خاڵی بێت لەتوندڕەوان، چونكە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەسەرەتای ساڵی 2015دا رایانگەیاند داعشیان لەناوبردووە‌و ئاسایشیان لەشارەكەدا سەپاندووە.

هەندێك كەس گومانیان لەو گرتە ڤیدیۆییە كرد‌و ئێرانیان بەدروستكردنی تۆمەتبار كرد، بەڵام واقیعی ئەمنی لەدیالە ئاماژە بۆ هەڵكشانی مەترسیە تیرۆریستیەكان دەكات لەدژی هێزە ئەمنیەكانی عێراق لەو شارە ئەویش هاوكاتە لەگەڵ كاردانەوەی چەند گرووپێكی چەكدار كە دۆسێی ئەمنیان كۆنترۆڵ كردووە‌و كاری كوشتن‌و رفاندنیان ئەنجام داوەو ئاماژەیەكە بۆ فشەڵی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەو شارەكە كە لەماوەی 10ساڵی رابردوودا پەناگەی رێكخراوە توندڕەوەكان بووە.

بەگوێرەی قسەی ئەفسەرێكی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆ، گەڕانەوەی ئەمجارەی داعش دوای ئەوە هات كە هاوپەیمانی نوێی لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوە چەكدارییە دێرینەكان بەست كە سێ ساڵ لەمەوبەر لەهەڕەتی بەهێزییەكەیدا كودەتای بەسەردا كردن، لەوانەش رێكخراوی قاعیدە‌و چەند گرووپێكی جیهادی عێراقی توندڕەو.

ئەو ئەفسەرە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی لێدوانی نیە، بە "نیقاش"ی وت "زانیاری دروست هەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات چەند شانەیەكی چەكدارە عەرەب‌و بیانیەكان لەدوای هەڵاتنیان بۆ موسڵ گەڕاونەتەوە‌و ئەركی ئەوانە دۆزینەوەی زەمینەیەكە بۆ گەرٍانەوەیان بۆ دیالە".

هەروەها دەڵێت "كاتێك هێزە ئەمنیەكانی عێراق داعشیان لەشارەكە دەركرد دەمانزانی دەگەڕێنەوە، سێ ساڵ لەمەوبەر سەرقاڵی بەڕێوەبردنی چەند شارێكی تەواو بوون لەسەڵاحەدین‌و ئەنبار‌و نەینەوا‌و ئێستاش حوكمیان لەدەستداوە‌و دەگەڕێنەوە بۆ هێرشە هەڕەمەكیەكان، دیالەش بەهۆی سروشتە لادێیە كشتوكاڵیەكەی ژینگەیەكی لەبارە بۆ ئەو كارە‌و خۆحەشاردان تێیدا ئاسانە".

چەكدارە گەڕاوەكانی داعش بۆ دیالە سەركردەی دیاریان تێدایە‌و ئەركیان دانوستانە لەگەڵ پاشماوەی ئەندامانی رێكخراوی قاعیدە‌و گرووپە چەكداریە خۆجێییەكان لەپێناو پێكهێنانی هاوپەیمانیەكی نوێدا، لەوبارەیەشەوە ئەفسەرەكە وتی "ناكۆكی نێوان ئەو گرووپانە گەورەیە دوای ئەوەی داعش دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند‌و گرووپەكانی دیكەی ناچار كرد بەیعەتی پێبدەن یاخود چەكەكانیان تەسلیم بكەن یان دەكوژرێن، بەڵام ئێستا داعش لاوازە‌و بەدووری نازانین هاوپەیمانیەك لەنێوان خۆیاندا ببەستن، چونكە چەكدارە عەرەب‌و بیانیەكان پێویستیان بەهاوپەیمانێكە شارەزای جوگرافیای شارەكە بێت".

بەگەڕانەوەش بۆ دواوە، دیالە یەكەم پایتەختی رێكخراوە جیهادیەكان بوو لەعێراق، چونكە لەساڵی 2004دا یەكەم گرووپی توندڕەو لەعێراق لەدوای داگیركاری ئەمریكا دروست بوو، ئەبو موسعەب زەرقاوی سەركردە لەرێكخراوی قاعیدە لەو كاتەدا گرووپی "تەوحید‌و جیهاد لە وڵاتی رافیدەین" باڵی ناوخۆیی رێكخراوی قاعیدەی جیهانی راگەیاند.

زەرقاوی دیالەی كردە بارەگای خۆی‌و شارۆچكە كشتوكاڵیە چڕوپڕەكانی كردە وێستگەی پشوودانی چەكدارە عەرەب‌و بیانیەكان كە لەدەرەوەی وڵاتەوە هاتبوون، هەر لەوێش مەشقیان پێ دەكرا‌و ئامادە دەكران بۆ هێرشكردنە سەر شارەكانی دیكەی عێراق تا لەبۆردومانێكی ئاسمانی ئەمریكادا زەرقاوی لەبارەگاكەی خۆی لە شارۆچكەی هەبهەبی سەر بە شاری خاڵس لەدیالە كوژرا.

مەترسی نوێی داعش دەكەوێتە زنجیرەیەك گوندی كشتوكاڵی چڕوپڕ كە لەناوچەیەكی جوگرافیدا درێژدەبێتەوە بە "سەنسل" ناسراوە لەباكووری شارۆچكەی میقدادیە تا دەگاتە دەوروبەری شارۆچكەی خاڵس لەشێوەی هیلالێكدا دەوری شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگاكە‌و بارەگای حكومەتی خۆجێیی‌و ئەو فەرمانگە حكومیانەی داوە كە حزبە شیعەكان تێیدا باڵادەستن‌و پێشتر بەر لەساڵی 2014 هێزە سوننەكان حوكمیان دەكردن.

لەو ناوچانەوە چەكدارە توندڕەوەكان هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی سوپا‌و "حەشدی شەعبی" كە لەبازگەكانی پشكنین لەگوندە كشتوكاڵیە چڕوپڕەكاندا جێگرن.

هەروەها ئەو ناوچانە وەك شاری خێو وان، چونكە ماوەی دوو ساڵە خاڵین لەدانیشتووان ئەویش دوای ئەوەی دانیشتووانە سوننەكان لەترسی داعش‌و ئەو گرووپە شیعانەی بەهاوكاریكردنی توندڕەوان تۆمەتباریان دەكەن، ناوچەكەیان چۆڵكردبوو. دوای ئەوەی دووساڵ لەمەوبەریش داعش لە دیالە دەركرا، رێگە نەدرا دانیشتووانەكەی بگەڕێنەوە ئەوەش بواری بۆ توندڕەوەكان فراوانكرد تا بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە.

حەقی جبوری ئەندامی ئەنجومەنی خۆجێیی دیالە بە "نیقاش"ی وت "شتێكی مەترسیدارە دەیان گوندی باكووری میقدادیە خاڵی بن لەدانیشتووانەكەیان كە ژمارەیان بەنزیكەی 1700 خێزان مەزەندە دەكرێت، چونكە رەنگە تیرۆریستان ئەوە بقۆزنەوە‌و دەستبكەن بەدروستكردنی حەشارگە بۆ ئەو ئەندامانەیان كە لەشارەكانی دراوسێیەوە دێن.. لەبەرئەوە پێویستە هەموو ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەكانیان بۆ هێنانەدی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا".

ئەو قەیرانانەی لەدوو ساڵی رابردوودا دیالەیان گرتەوە، ترسێكی ئەمنیان دروستكردووە كە رەواندنەوەی زەحمەتە‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی نێوان دانیشتووانەكەیان تێكداوە، عشیرەتە شیعەكان هاوتا سوننەكانیان بەهاوكاریكردنی تیرۆر تۆمەتبار دەكەن، لەپاش هەر رووداوێكی تیرۆریستیش كاردانەوەی بەدوادا دێت لەڕێی كاری كوشتنەوە، پارێزگاكەش پڕە لەرووداوی لەو جۆرە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشیان كردە سەر بازگەیەكی هێزەكانی "حەشدی شەعبی" لەدەوروبەری شارۆچكەی وەجیهیە كە دەكەوێتە سەر رێگای نێوان بەعقوبەی زۆرینە شیعە‌و میقدادیەی زۆرینە سوننە، لەهێرشەكەدا كەس بریندار نەبوو، بەڵام كاردانەوەكە لەڕێی چەند گوللە هاوەنێكەوە بوو ئەو گوندانەی دەوروبەریان كردە ئامانج كە چەكدارەكان بەرەو میقدادیە بۆی هەڵاتبوون.

پێدەچێت ستراتیژی نوێی داعش لەدیالە نانەوەی ئاژاوەی تایفەگەری بێت، چونكە دركی بەوە كردووە ئاشتی كۆمەڵایەتی لەنێوان دانیشتوواندا فشەڵە‌و ئەگەری تەقینەوەی هەیە.

باسم عەزاوی مولازم لەپۆلیسی دیالە لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە"نیقاش"ی وت: "داعش چیتر جبەخانەی سەربازی نیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورە، لەبەرئەوە دەستیكردووە بەجوڵاندنی هەستی تایفەگەریی بۆئەوەی عەشیرەتەكانی شارەكە لەنێو خۆیاندا شەڕ بكەن".

هەروەها رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری پارێزگای دیالە لە فراكسیۆنی "یەكێتی هێزە عێراقیەكان" (سوننە) دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند كردەوەكانی راگواستن‌و رفاندن‌و دۆزینەوەی تەرمی كەسانی كوژراو گەڕاونەتەوە بۆ شارۆچكەكانی میقدادیە‌و بەلەدروز‌و بەعقوبە‌و گوسەیبە لە دیالە.

ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە دەنگدانەوەیەكی بەرفراوانیان لەبەغدای دراوسێدا هەبوو، چونكە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كە لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرانی ناوخۆ‌و بەرگری‌و ئاسایشی نیشتمانی پێكدێت، لەپاڵ شەڕی موسڵدا، كێشەی دیالەی خستە كارنامەیەوە.

راگەیەندراوێكی رەسمی حكومەت لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە كە رۆژی 10ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، روونیكردۆتەوە "ئەنجومەن گفتوگۆی لەبارەی راپۆرتێكی تێروتەسەل كردووە سەبارەت بەبارودۆخی ئەمنی لەدیالە‌و چەند رێوشوێنێك گیرانەبەر كە یارمەتیدەر دەبن لەسەقامگیركردنی بارودۆخی شارەكە".

گەڕانەوەی توندڕەوان بۆ ئەو ناوچانەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق لەم سێ ساڵەی دواییدا ئازادیان كردوون، تاقیكردنەوەیەكی سەختە بۆ حكومەتی عێراق لەقۆناغی دوای داعشدا، ئەم ئالنگاریە نوێیەش خۆی لەپێویستی رێكردن لەگەڵ تەكتیكە نوێیەكانی داعش دەبینێتەوە، ئەگەرچی توندڕەوان جبەخانە سەربازیەكەیان بۆ شەڕی ئاشكرا لەگەڵ سوپا لەدەست دابێت، ئەوا ستراتیژی داهاتوویان جیاواز دەبێت‌و پێویستە حكومەتیش خۆی بۆ ئامادە بكات‌و سەركەوتنە سەربازیەكانی بپارێزێت.