لەمنداڵدانی قاعیدەوە بۆ هەڵگەڕانەوە
داعش لەهاوینی شاگەشكەوە بۆ قەتیسبوونی خەلافەت

عیراق

14/05/2017‌ 1183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای كۆنتڕۆڵكردنی پایتەخەتەكەی لە سووریا لە ئاداری 2014، داعش دووەم گەورە شاری عێراقیشی داگیركرد كە مووسڵ بوو و ئەمیشی كرد بە پایتەختی خەلافەتەكەی، دواتر بە چەشنێك هەڵشاخا كە یەك لەسەر سێی عێراقی بە دەستەوەبوو و بوو بە دراوسێیەكی ترسناكیش بۆ عێراق، بەڵام ئێستا داعش بە شێوەیەك تێكدەشكێت كە زیاتر لە 90 لەسەدی خاكی ئەو پایتەخەتەی لەدەست چووە و پێدەچێت بە منزیكانە ئەو دەیان چەكدارەشی كە ماون لە دیجلە نوقم بكرێن، لەم بەدواداچوونەی ئاژانسی ئانادۆڵو تیشك دەخرێتە سەر داعش وەكو گەورەترین گرووپی سەلەفی جیهادی كە لەناوچوونی نزیكە.

داعش لە رەحمی قاعیدەوە بۆ هەڵگەڕانەوە لێی
ئەو كاتەی ئەبو موسعەب زەرقاوی بە رەچەڵەك ئوردنی گرووپی تەوحید و جیهادی دامەزراند لەو باوەڕەدا نەبووە كە رۆژێك بێت و لە منداڵدانی ئەو گرووپەیەوە دڕندەترین و خوێنڕێژترین گرووپی سەلەفی جیهادی لێ بەرهەم بێت كە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" دێتە كایە و ئیدی لە خوێنڕێژیدا ئەم گرووپە هیچ وێنە و پێشینەی نابێت.

رەگی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" بۆ گرووپی تەوحید و جیهاد دەگەڕێتەوە كە ئەبو موسعەبی زەرقاوی بە رەچەڵەك ئوردنی لە ساڵی 2004 لە عێراق دایمەزراند بۆ رووبەڕووبونەوە و شەڕكردن لە دژی ئەمریكییەكان كە 2003 بەزەبری چەك و هێرشی سەربازی عێراقییان داگیركرد.

زەرقاوی لە ساڵی 2006 بەیعەتی بە سەركردەی رێكخراوی قاعیدە، ئوسامە بن لادن دا و بەوەش گرووپەكەی كە ناوی بۆ "رێكخراوی قاعیدە لە عێراق" بوو بە لقی قاعیدە لە عێراق و دواتریش ئەنجوومەنی شورای موجاهیدییان دامەزراند پاش یەكگرتنییان لەگەڵ چەند تاقم و گرووپێكی دیكەی هاوبۆچوونی چەكداری سەلەفی جیهادی.

ئەمریكییەكان هەمیشە بە دەستی گرووپە چەكدارەكانەوە لە عێراق ناڵاندوویانە، بۆیە هەمیشە بەدوای سەركردەكانییانەوە بوون، چوون لە پاڵ كوشتاری زۆر ئەو گرووپانە ئەوانییان دەكردە ئامانج، بەڵام ئەم هەوڵانەی ئەمریكییەكان بێ هودە بوو، ئەوەی روویدا لە كۆتاییدا گەورەترین گرووپی توندڕەو هاتە دنیایەوە بە ماوەیەكی كەم لەدوای دەرچوونییان لە عێراق لە ساڵی 2011.

دوای كوشتنی زەرقاوی لە ئاكامی هێرشێكی ئەمریكییەكاندا، ئەبو حەمزەی موهاجری هەڵبژارد و دواتریش" دەوڵەتی ئیسلامی عێراق" دامەزرا و ئەبو عومەری بەغدادی بوو بە سەركردەی رێكخراوەكە.

لە نیسانی 2010 ئەمریكییەكان دیسانەوە ئەو دوو سەركردەیەیان كوشت و دواتر ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت، ئەبو بەكر بەغدادیی بە سەركردەی رێكخراوەكە دیاری كرد، بەغدادی ئەو پیاوەیە كە ئێستا نرخی كەلـلەسەری بۆ ئەمریكییەكان پارەیەكی زۆر دەكات و ئەو پارەیەشی بۆ گرتنی دیاری كراوە، 25 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە و ئێستا ئەم پیاوە كە ناوی تەواوی عەوەز ئیبراهیم ئەلبەدری ئەلسامەڕائیە و لە ساڵی 1971 لە سامەڕا لەدایكبووە بۆ دونیا بووەتە ترسناكترین پیاوی دنیا.

بەغدادی ناكۆكیی قوڵی لەگەڵ جێگرەكەی ئوسامە بن لادن كە ئەیمەن زەواهیری بوو دەست پێكرد، بە تایبەت لەسەر كوشتنی خەڵكی سڤیل و رشتنی خوینی بێ تاوانەكان كە بە لای بەغدادییەوە ئەوەی لەگەڵیاندا نەبوو كوشتنی رێگەپێدراوە و ئەم جەختی لەسەر كوشتنی خەڵكی سڤیل و زەواهیری و قاعیدەش بە پلەی یەكەم لەسەر كوشتنی سەركردەكانی شیعە و كورد و سوننەكان ئەوانەی كە "بەكرێگیراو"یان دادەنا، ئیدی لە نیسانی 2013دا، بەغدادی كە پێشتر لە لایەن ئەمریكییەكانەوە دەستگیركرابوو و دواتریش ئازادكرابوو لە تۆمارێكی دەنگیدا رایگەیاند، بەرەی نوسرە كە لقی رێكخراوەكەی بوو لە سووریا لەگەڵ دەوڵەتی لە ئیسلامی عێراق هەڵوەشاندووەتەوە و لەژێر ناوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" گرووپێكی نوێی دروست كردووە، ئیدی ئەم گرووپە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە گەورەترین و سەرسەختترین گرووپی سەلەفی جیهادی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت كە لەماوەی سێ ساڵدا توانی یەك لەسەر سێی عێراق و شتێك كەمتر لەو رووبەرە لە سووریا كۆنتڕۆڵ بكات و دەست بەسەر سەدان بیرە نەوت و ملیارەها دۆلار و چەك و تەقەمەنی و جبەخانەی گەورەی هەردوو سوپای عێراق و سووریادا، بگرێت و بەوەش هێزەكانی بە زیاتر لە 100 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرا لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە حوزەیرانی 2014.

داعش لە ساڵی 2014 و سەرەتاكانی 2015ش توانی بووی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات و هەزاران كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ نەیارەكانی هەبوو، ئیدی بۆ ئەم گرووپە پێدەچێت ئەوە وەكو مێژوو بمێنێتەوە كە رۆژانێك ئەو رووبەرە فراوانەی لەژێر دەستتدا بوو، چوون تا دێت داعش دەكشێت، كشانێك كە زۆری خایاند، بەڵام تێكشاندنی داعشیش ئاسان نەبوو، بە تایبەت عێراق دەیان كێشەی دیكە بەرۆكی گرتووە و داعشیش لە رێكخراوێكی عێراقییەوە بوو بە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی.

داعش لە گرووپێكەوە بۆ خەلافەت
ئەوەی داعشی لە گرووپێكی چەند سەد كەسییەوە كرد بە كۆمەڵەیەكی گەورەی خاوەن دەوڵەت ئەگەرچی ئەم دەوڵەتە لە لایەن هیچ وڵاتێكەوە دانی پێدانەرابوو ئەو تەشەنەكردنە خێرایەی بوو كە لە ماوەی چەند مانگێكی كەمدا خۆی لەبەردەم دەیان هەزار چەكدار بینییوە، هۆكاری سەرەكیی ئەمەش كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ بوو لە عێراق كە لە 10ی حوزەیران ئەو دووەم گەورەترین شارەی عێراقی لە رووی دانیشتوانەوە گرت و هێزەكانی عێراق لەبەردەم تفەنگی چەكدارەكانی داعش خراپ تێكشكان، ئەمە سەرباری ئەوەی داعش لە ئەورووپا و رۆژئاوا بە گشتی و لە رۆژهەڵاتیش هەزاران چەكداری وەكو شانەی نووستوو یان ئەوانەی پێیان دەگوترێت "گورگە پەرتەوازەكان" هەبوو و ئەم گورگانە پەلاماری چەندین وڵاتی رۆژئاوایان دا لەنێویاندا، فەڕەنسا، ئەمریكا، ئەڵمانیا، بەلجیكا، نەرویج، و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی دیكەش لە نموونەی توركیا.

داعش پێش ئەوەی هێرش بۆسەر مووسڵ بهێنێت لە ساڵی 2013 و دواتر چەندین جار هێرشی كردووەتە سەر گرتووخانەكانی عێراق و لە چەند ئۆپەراسیۆنێكدا، سەدان چەكداری خۆی ئازاد كرد و ئەمەش وای كرد ترس لە داعش دروست ببێت، هەربۆیە سوپای عێراق لە مووسڵ لەبەردەم كەمتر لە 400 چەكداری داعش هەرزوو ورە رووخاوبوو و ئەو شارەی بە شێوەیەك بە جێهێشت ئێستاشی لەگەڵدا بێت لێكۆڵینەوەكان بە تەواوەتی روونییان نەكردووەتەوە ئەوەی لە مووسڵ روویدا چی بوو؟.

داعش جیاواز لە رێكخراوی قاعیدە جگە لە رووبەرێكی زۆر لە خاك، بوو بە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار، دەروازەی سنووری، سوپا و هێزی چەكداری زۆر، گرتنەدەستی دامەزراوەكان و رایكردنی كاروبارەكانی خەڵك ئەگەر بەنیوەناچڵی و ناتەواویش بێت، لە پاڵ ئەوانەشدا راكێشكردنی هەزاران چەكداری بیانیی هەبوو، ئەمەی دوایی ئاسانكاریی زۆری بۆ داعش كرد بۆ ئەنجامدانی دەیان كردەی هێرشكردنە سەر خەڵك و كوشتنییان و هێرشكردنە سەر دامەزراوەكان.

داعش سوودی گەورەی لە توڕەبوونی بەشی هەرەزۆری رۆڵەكانی سوننە مەزهەبی عێراقی وەرگرت بۆ پەل هاویشتنی خێرا لەژێر ناوی جیاجیا و بە دیاریكراوی دژایەتیكردنی سەرۆكوەزیرانی ئەوێ كاتی عێراق، نوری مالكی و ناساندنی وەكو چەوسێنەری یەكەمی سوننەكان، ئەوەبوو هەرزوو توانی لە ناوچە سوننییەكان بكشێت و پارێزگاكانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین و بەشێكی كەركووك و بەشێكی دیالەشی كۆنتڕۆڵ كرد و هەڕەشەكەی خستە سەر بەغدا و بەڵێنی دا بگات بە جەرگەی پایتەختی شیعەكان و كەربەلا و نەجەفیان بۆ بكات بە گۆمی خوێن.

داعش سوودی گەورەی لە بێ متمانەیی هاووڵاتییانی عێراق بە تایبەت سوننەكان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت وەرگرت بۆ راكێشانی سۆزی ئەوان و هەرزوو خۆی وەكو پارێزەری مافەكانی ئەوان نیشان دا، بەڵام ئاكام ئەوەی داعش كردی پێچەوانەكەی دەرچوو، داعش سەرباری كوشتنی هەزاران سوننە، تەواوی ناوچە و پارێزگاكانی سوننەی نزیك لە خۆڵەمێش كردووەتەوە، ئەمە سەرباری ئاوارەبوونی سەدان هەزاریان و بێ ماڵ و حاڵ بوون و ریسواییەكی زۆر كە بۆ ئەمانی هێنا.

دوای سێ مانگ لە كۆنتڕۆڵكردنی رققە لە سووریا، داعش مووسڵیشی كۆنتڕۆڵ كرد، دواتر خەلافەتی راگەیاند و ئەبو بەكر بەغدادیشی بە خەلیفەی موسوڵمانان ناوبرد، لەو رۆژەوە هەموو دونیا بە دوای خەلیفەوەیە، خەلیفەش دووجار دەركەوتووە كە یەكەمیان لەسەر مینبەری مزگەوتی نوری بوو لە مووسڵ لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە بە ماوەیەكی كەم و تێیدا دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكییەكان و خاچپەرستان وەكو ئەوەی ئەو ناوی بردن و لەگەڵ حكوومەتی عێراق و بە بەكرێگیراو ناوی برد دووپات كردەوە.

داعش هێرشی زۆر توندی بۆسەر كەمینەكان برد لە پارێزگای نەینەوا، جگە لە كوشتنی سەدان ئێزدی و هاووڵاتیی شەبەك و شیعە و سوننە و مەسیحی، هێشتا بە هەزاران كەس لە رۆڵەی پێكهاتەكان بێ سەروشوێنن و ناوچەكانی ئەمانی تووشی كاولكارییەكی زۆر كردەوە و زۆرینەی شوێنی پەرستنیشیانی لەگەڵ خاك تەخت كرد، ئەو كارەساتەشی بەسەر ئێزدییەكانی هێنا لە سەرەتاكانی مانگی ئابی 2014دا، باشترین بەڵگەن لەسەر قڕكردنی پێكهاتەكان.

داعش بە ئاڵا رەشەكەیەوە كە ناوی "الله" و محەمەد "د.خ" لەسەرە، بانگەشەی سەرەكیی ئەوەبوو كار بۆ گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و جێبەجێكردنی شەریعەت دەكات، هەر بۆیە دەستی دایە هەڵمەتێكی گەورەی تەكفیركردن و كوشتن و سەرپەڕاندن لەژێر پاساوی جێبەجێكردنی شەریعەت و یاسای "الله"، كە ئەمەش لە لایەن زۆرێك لە شارەزایانی ئیسلامەوە رەتكرایەوە.


ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2016 لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە راگەیەنرا، لەوێ كاتەوە داعش لە شكست و پاشەكشەی بەردەوامدایە، داعش هێندە دەچێتە دواوە بە شێوەیەك ئەو دەوڵەتەی هەیبوو بە كردەیی پووكاوەتەوە، چوون سەرباری دۆڕاندن و لەدەستدان هەزاران كیلۆمەتر لە خاك، ئێستا هەموو داعش لە چەند گەڕەكێكی كەمی مووسڵ كە ژمارەیان لە پەنجەكانی یەك دەست كەمتر قەتیسبوون، ئەگەرچی چەند ناوچەیەكی دیكەشیان بەدەستەوەیە، بەڵام كەوتنی پایتەختی خەلافەتەكەی كەوتنی داعش دەگەیەنێت، چونكە ئێستا داعش 90 لەسەدی پایتەختەكە كاولبووەكەشی لەدەستداوە، سەرباری دەیان شار و شارۆچكە و سەدان گوندی دیكە، بۆیە داعش لەنوقمبوون لە دیجلە نزیك بووەتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆڵ