لەشازادەی جێنیشنی سعودییەوە بۆ دەستبەسەری لەكۆشك

جیهان

01/07/2017‌ 5000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: شێنێ‌ یاسین
هەرچەندە بەرپرسە سعودییەكان نكۆڵی لەوە دەكەن، كە محەمەد بن نایفی جێنشینی پێشووی سعودییە لەكۆشكێكدا دەستبەسەركرابێت، بەڵام راپۆرتە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن، ناوبراو دوای لێسەندنەوەی پۆستەكەی لەكۆشكەكەشی دەستبەسەركراوە.

دوو سەرچاوەی نزیك لەخێزانی شاهانەی سعودییە، رایانگەیاند، كە محەمەد بن نایف دورخراوەتەوە بۆ كۆشكەكەی بۆ شاری جەددە، كە دەڕوانێتە سەر دەریای سوور، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لەلایەن پاشای سعودییە لەپۆستەكەی خرا.

محەمەد بن نایف، كە جێنیشنی سعودییەو جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیری بەرگری بوو، هەفتەی رابردوو لەلایەن شا سەلمان پاشای سعودییە بەفەرمانێكی شاهانەیی لەپۆستەكەی خرا، لەجێگەی ئەویش محەمەد بن سەلمانی كوڕی پاشای سعودییە دانرا، كە ئێستا كار بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتەكەی دەكات.

محەمەد بن نایف، بەقەیسەری ئەمنی سعودییە ناودەبرا، كە تەمەنی ٥٧ ساڵ بوو، زۆربەی سەرچاوەكان باسیان لەوە دەكرد، كە دەتوانێت ببێتە پاشای داهاتوو سعودییە، بەڵام بەلابردنی خەونەكەی لەگۆڕنرا.

رۆژنامەی نیۆریۆك تایمزی ئەمریكی لەراپۆرتێك باسی لەوە كردووە، دوای ئەوەی پاشای سعودییە بن نایفی لەپۆستەكەی خستووەو هەموو دەسەڵاتەكانی لێسەندووەتەوە، رەوانەی كۆشكەكەی كردووەو ئێستا دەستبەسەرەو گەشتكردن لەخۆی‌و خانەوادەكەی لێقەدەغەكراوە.

 لەو بارەوە یەكێك لەبەرپرسەكانی سعودییە بۆ رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، شا سەلمان نایەوێت هیچ سەركێشییەك بكات بەو گۆڕانكارییەی لەوڵات كردوویەتی، بۆیە بڕیارێكی لەو جۆرەی دەركردووە.

هەروەها ئەو بەرپرسە باسی لەوەش كردووە، بەهۆی ئەوەی محەمەد بن نایف رۆڵێكی گەورەی هەبووە لەدروستكردنی پەیوەندییەكانی سعودییە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی ئەمریكاو بەریتانیا، لەگەڵ ئەوەش بۆ پاراستنی یەكپارچەیی سعودییە بەو بڕیارە دووبەرەكی لەوڵاتەكەی دروستبێت.

نیۆریۆك تایمز باشی لەوەش كردووە، ئەگەر هەیە دەستبەسەرییەكە كاتی بێت بۆ بن نایف، چونكە ئەگەر لەداهاتوو وادەربكەوێت ناوبراو هیچ مەترسییەكی نابێت دەستبەسەرییەكەی لەسەر هەڵدەگیرێت.

شا سەلمان محەمەدی كوڕی كردووەتە جێنیشنی سعودییە، كە ناوبراو تەمەنی 31 ساڵە، دوای ئەوەی لەمەراسیمێك پۆستی جێنیشنی وەرگرت‌و بەیعەتی پێدرا، چووەتە كۆشكی جێنیشنی‌و پاسەوانەكانیشی لەو كۆشكە جێگیركردووە، بەو هۆیەشەوە جێنیشنی پێشوو، پاسەوانەكانیشی كۆشكەكەیان جێهێشتووەو چوونەتە شاری جەددە.

رۆژنامەكە جەختیشیكردووەتەوە، مەترسییەكی زۆر هەیە لەوەی لەم كاتی ئاڵوگۆڕی پۆستەدا، كە بەهێزترین پۆستی وڵاتە، محەمەد بن نایف قسە بكات‌و بەهۆی قسەكانیشییەوە كاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵات دانێت.

لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕەدا، ئەو وڵاتانەی، كە هاوپەیمانییان لەگەڵ سعودییە هەیە، دەیانەوێت بۆچوونی محەمەد بن نایف لەسەر ئاڵوگۆڕەكە بزانن، كە تائێستا لەو بارەوە هیچ لێدانێكی نەداوە.

ئەو رۆژنامە ئەمریكییە باسی لەوەش كردووە، كە بەشێكی زۆر لەوڵاتانی رۆژئاوای هاوپەیمانی سعودییە ئامادەن پێشوازی لەجێنیشنی پێشوو بكەن، ئەوەش لەئەگەری دەربڕینی ناڕەزایی لەو بارەوە، بۆیە سعودییە ئەو رێكارانەی لەبەرانبەر گرتووەتە بەر.

هــ ـ ح