لایك 5 و كۆمێنت 10 ملیۆن دینارە
فەیسبووك لەباشووری عێراق ناكۆكییە عەشایرییەكان دەوروژێنێت

عیراق

15/07/2017‌ 1035 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
پێدەچێت فەیسبووك بەو جەماوەرەی لەعێراقدا هەیەتی بووبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ دروستكردنی كێشەی عەشایری نێوان عێراقییەكان لەباشووری وڵات‌و یەكێكیش بێت لەهۆكارەكانی زیادبوونی خوێنبایی.

عەلی ناجی فەرمانبەر رۆژی 15ی حوزەیرانی بەقورسی لێ رۆیشت، چونكە نیوەڕۆی ئەو رۆژە ناچاربوو "حەشەم"ی عەشایری بدات (جۆرێكی خوێنابیە) كە بڕەكەی 10 ملیۆن دینار بوو، ئەویش بەهۆی كۆمێنتێكەوە كە سەجادی كوڕە هەرزەكارەكەی لەپەیجێكی فەیسبووك نووسیبووی‌و ئەو كاتە بەخراپەكاری‌و دەستدرێژی بۆ سەر ناوبانگی یەكێك لەو خێزانە دانرا كە لەنزیك ماڵەكەیان نیشتەجێن.

رەنگە ئەم كارە جێگای سەرسوڕمان بێت، بەڵام ئەمە یەكەم رووداو نییە كە عەشیرەتەكانی باشوور ناچار دەبن سزای ئەنجامدەرانی بدەن، ئەویش دوای ئەوەی نموونەی ئەم بابەتانە بوونە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ناكۆكی عەشایری هەمەجۆر لەو پارێزگایانەدا‌و هەندێكیشیان سەریان كێشاوە بۆ ململانێی چەكداری كە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدا كەسانی بێتاوان.

"خوا رەحم بەروژانی كۆلێژ‌و رووداوەكانی رۆژانی رابردوو بكات" ئەمە دەقی ئەو كۆمێنتەیە كە ئەو گەنجە هەرزەكارە لەسەر بابەتێك نووسیویەتی كە یەكێك لەهاوڕێكانی لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاوی كردووەتەوە‌و ئەوەی تێدا هاتووە كە بەنیازە یەكێك لەكچانی ئەو گەڕەكە بخوازێت كە تێیدا نیشتەجێیە، ئەو دەستەواژەیە هەر زوو لەلایەن گەنجە خوازبێنیكەرەكەوە گەیشتەوە بەكەسوكاری كچە‌و ئەوەش بەس بوو بۆئەوەی كوڕە هەرزەكارەكەی خاوەن كۆمێنت‌و باوكی تۆمەتبار بكرێن.

داننانی باوكی هەرزەكارەكە بەو هەڵە گەورەیەی كوڕەكەی كردوویەتی، نەیتوانی بڕی پارەی حەشەمی عەشایرییەكەی كەمبكاتەوە‌و ناچاربوو ئۆتۆمبیلە تایبەتەكەی بفرۆشێت بۆ دانی ئەو بڕە پارەیەی عەشیرەتە ركابەرەكەی بەسەریدا سەپاند.

بەهای ئەو حەشەمە عەشایرییەی بەسەر خێزانی گەنجە هەرزەكارەكەدا سەپێندرا، بەشێكە لەرێككەوتنێك كە عەشیرەتەكانی نیشتەجێی باشووری عێراق ئیمزایان كردووە‌و تێیدا هاتووە دەبێت هەركەس تێوەگلانی لەنووسینی كۆمێنتێكی "قبوڵنەكراو لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە" ساغ ببێتەوە پابەند بكرێت بەپێدانی بڕی 10 ملیۆن دینار، هەروەها رێككەوتنەكە ئەوەشی تێدا هاتووە ئەو كەسەی هەر بابەتێك لایك بكات ئامانجی جوێندان بێت بەكەسانێك بەناوی خۆیانەوە 5 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێت.

عەلی فەرمانبەر دەڵێت "هۆكارەكانی ئەم رێككەوتنە عەشایریە هەمەجۆرن، لەوانە تۆمەتی تەشقەڵەپێكردن‌و هەوڵی هاككردنی پەیجی تایبەتی یاخود پێشێلكردنی تایبەتمەندی تاكەكان".

چیرۆكی ئەم پیاوە‌و ئەوەی بەسەریدا هاتووە تەنیا یەكێكە لەو حاڵەتە زۆرانەی ناو بەناو لەپارێزگاكانی عێراق روودەدەن بەهۆی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە بوونەتە هۆكارێك بۆ هەڵكشانی زۆری ناكۆكییە عەشایرییەكان لەپارێزگاكانی باشووری عێراق.

لایك كردنی كۆمێنتێك كە یەكێك لەهاوڕێیانی عەلی یاسر سەبارەت بەبابەتێك لەسەر گەندەڵی دارایی بەرپرسێكی حكومی خۆجێیی لەپارێزگا بڵاوی كردۆتەوە، بووە هۆی غەرامەكردنی عەلی بەبڕێك پارە.

عەلی بە "نیقاش"ی وت "یەكێك لەبلۆگەرەكان لەفەیسبووك بابەتێكی بڵاوكردەوە كە تۆمەتی سەبارەت بەگەندەڵی دارایی بەرپرسێكی حكومی تێدابوو، بۆیە بابەتەكە بووە جێی رەزامەندیم‌و لایكم كرد".

ئەو بەردەوام دەبێت‌و دەڵێت "تەنیا دوای یەك رۆژ لەپڕ لەلایەن چەند كەسێكەوە كە نایانناسم لەدەرگا درا‌و پێیان راگەیاندم كە بەعەشایری داواكراوم لەلایەن عەشیرەتی ئەو بەرپرسە حكومییەوە كە خاوەنی پۆستەكە بەگەندەڵی دارایی تۆمەتباری كردبوو، داوایان لێكردم دابنیشم‌و گفتوگۆ بكەین‌و رێكبكەوین".

وتیشی "لەگەڵ كەسوكار‌و پیاوماقوڵانمان رۆیشتم بۆ میوانخانەی عەشیرەتی بەرپرسەكە، دوای بگرەو بەردە تۆمەتباریان كردم بەپێدانی فەسڵی عەشایری كە بڕەكەی پێنج ملیۆن دینارە ئەویش بەهۆی لایككردنی ئەو بابەتەی باسی گەندەڵی تێدابوو".

عەلی یاسری تەمەن 45 ساڵ بەدەم گۆڕینی شێوازی دانیشتنەكەیەوە، ئاشكرایكرد كە دووچاری پارەلێكێشانەوەیەكی بەبەرنامە بووەتەوە لەلایەن كۆمەڵێك شێخی عەشیرەتەوە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن بۆچوونەكان لەكێشە عەشایرییەكانی نێوان خەڵكدا لێك نزیك دەكەنەوە.

فەسڵ‌و حەشەمی عەشایری غەرامەیەكی داراییە عەشیرەتێك دەیداتە عەشیرەتێكی تر بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێك یاخود پێشێلكردنی نەریتە عەشایرییەكان، ئەویش وەك هەنگاوێك بۆ هێوركردنەوەی كێشەكان‌و رێگرتن لەتۆڵەسەندنەوەی خوێناوی.

هەندێك پارێزگای عێراق ناو بەناو ناكۆكی عەشایری بەخۆیانەوە دەبینن كە هەندێكجار پەرەدەسێنن بۆ ململانێی چەكداری، دوای رووداوی لەو جۆرەش ئەوەیە كە بەغدای پایتەخت بەخۆوەی بینی‌و گەنجێكی تێدا كوژرا‌و دووانی دیكەش برینداربوون، ئەویش دوای سەرهەڵدانی ناكۆكییەك لەنێوانیاندا لەسەر پۆستێكی قەیسبووك، هاوكات رووداوێكی هاوشێوە لەدانیشتنێكی عەشایریدا لەپارێزگای بەسرە ئەنجامەكەی ئەوە بوو گەنجێك پابەند كرا بەپێدانی بڕی 20 ملیۆن دینار بەهۆی تۆمەتباركردنی بەهەراسانكردنی كچێك لەهەمان سایتدا.

سەرەڕای ئەو رەخنانەش كە لەهەندێك هەڵسوكەوتی عەشایری دەگیرێن، بەڵام هەندێك لەرووناكبیران پشتیوانی لەدەستوەردانی عەشیرەتەكان دەكەن‌و سوورن لەسەر ئەو باوەڕەیان كە عەشیرەتەكان توانیویانە زۆر ناكۆكی‌و كێشە دابمركێننەوە كە رێی تێدەچێت لەهەر ساتێكدا پەرەیان بستێنایە بۆ ململانێی چەكداری.

حەسەنێن سەعدون چالاكوانی مەدەنی پێیوایە دیاردەی دەستوەردانی زۆری عەشیرەت لەكۆمەڵگا‌و بینینی رۆڵی دادوەر لەنێوەدەكانی كۆمەڵگەی عێراقیدا دوای ئەوە سەریهەڵدا كە "هۆشیاری تاك لەبەكارهێنانی ئامرازە نوێیەكانی پەیوەندیكردن پاشەكشەی كرد" پێشیوایە كە "سەرهەڵدانی ئەو جۆرە دیاردانە لەنێو خەڵكدا نائامادەگی ئاشكرای یاسایە".

هەروەها دەڵێت "ئەگەر خەڵك دڵنیابكرانایەوە لەهێنانەدی دادی كۆمەڵایەتی لەرێی دەسەڵاتی دادوەریەوە، ئەو رۆڵە میحوەرییەی عەشیرەت لەسەر حسابی یاسا سەری هەڵنەدەدا".