قادری حاجی عەلی بۆ شارپرێس: متمانە بەهاورێكانم‌و كەسێكی وەك كاك عومەر وایلێكردم خۆم كاندید نەكەم

کوردستان

22/07/2017‌ 22074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قادری حاجی عەلی، یەكێك لەسەركردە دیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەم جار لەرێگەی شارپرێسەوە، هۆكاری خۆكاندیدنەكردنی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی ئاشكراكرد.

قادری حاجی عەلی، كە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو بۆ پۆستی رێكخەری گشتی كاندید بێت  لەدوا ساتەكاندا دەركەوت خۆی كاندیدناكات بۆ ئەو پۆستە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند "متمانە بەهاورێكانم، بەتایبەت كاتێك كەسێكی وەك كاك عومەر تەنیا كاندیدبێت بۆ ئەو پۆستە ئیتر چ پێویست بەكێبەركی هەیەو منیش كاندیدبم".

ئەو سەركردەیەی بزووتنەوەی گۆڕان، كە یەكێكیشە لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەكە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان راشیگەیاند، "سەرەتا پێشنیارێك لەلایەن هەردوو لاوە هەبوو بۆ یەكتر ئەو رای وابوو من خۆم كاندید بكەم بەڵام منیش رام ئەوەبوو كە ئەو خۆی كاندیبكات، "بۆیە كە یەكلا بووەوە ئەو خۆی كاندید بكات، ئیتر نەك بڕیاری خۆكاندیدنەكردم داوە، لەگەڵ ئەوەش بڕیارمداوە، پشتوانی ئەو كەسە بكەم دەبێتە رێكخەری گۆڕان لەگەڵ ئەو بەرێزانەشی دەبنە خانەی راپەراندن".

سەركردەكەی گۆڕان جەختیشدەكاتەوە، كە لەبزووتنەوەی گۆڕاندا، پۆست بۆ ئەوەیە خزمەتی بزووتنەوەكەو خەڵكی پێبكرێت، كێبەركێ‌ لەناو گۆڕاندا لەسەر ئەوەیە كێ‌ دەتوانێت باشتر خزمەت بكات، نەك شتی تر.

شارپرێس
لەدواساتدا بڕیاری خۆكاندیدكردنت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی وەلانا، تاچەندە قەناعەتت بەوە هەیە ئەم كارەی تۆ خزمەت بەبزووتنەوەی گۆران دەكات؟

قادری حاجی عەلی: 
سەرەتا پیمخۆشە ئەوە بڵێم لەبزووتنەوەی گۆڕاندا، پۆست بۆ ئەوەیە خزمەتی بزووتنەوەكەو خەڵكی پێبكرێت، كێبەركێ‌ لەناو گۆڕاندا لەسەر ئەوەیە كێ‌ دەتوانێت باشتر خزمەت بكات، منیش متمانە بەهاورێكانم، بەتایبەت كاتێك كەسێكی وەك كاك عومەر كاندیدبێت بۆ ئەو پۆستە ئیتر چ پێویست بەكێبەركی هەیە، بۆیە لەو حاڵەتەدا خۆم كاندیدناكەم، سەرەتا هەردوو  پێشنیارمان بۆیەكتری ئەوەبوو یەكێكمان خۆمان كاندید بكەین، دواتر واكەوتەوە كە كاك عومەر خۆی كاندیدبكات ئەم شێوازە رەنگە بشبێتە هۆی هاودەنگی زیاترو تەبایی زیاتر لەناو گۆڕاندا، نەك هەر ئەوە بەڵكو بڕیارم ئەوەیە پشتیوانی ئەو و هەموو ئەو هەڤاڵانە بكەم كە پۆستەكان پردەكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەسەركەوتویی ئەركەكانی سەرشانیان راپەرێنن. 

من پێشتر لەڕابردووی سیاسی خۆمدا تەنانەن لەناو یەكێتی نیشتمانی‌و كۆنتریش كۆمەڵەدا هیچ كات داوایی پۆستم نەكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستیش، هەركاتێك پۆستێكم پیسپێردرابێت ئیتر قبووڵم كردبێت، یان رەتمكردبێتەوە، تاڕادەیەك موفاجەئە بوون بۆم، بۆیە هەر لەسەرەتاوە سەرباری ئەوەی گۆشارم لەسەر بوو تاخۆم كاندیدبكەم، بەڵام جۆریك بیدەنگیم هەلبژارد بۆ خۆكاندیدكردن تابەرچاوم رونتر بێتەوەو دواین برایاربدەم لەوبارەوە.

شارپرێس
دوای یەكلابوونەوەی خۆكاندیدنەكردن بۆ پۆستی رێكخەری بەهیوای چۆن لەگۆڕاندا بەردەوامبیت‌و خزمەت بكەیت؟

قادری حاجی عەلی: 
سروشتی كاركردن لەناو بزووتنەوەی گۆڕان تارادەیەك جیاوازە لەكاركردن لەناو پارتەكانی تر، ئەمەش بەشێك لەو جیاوازییانەیە، كە هەر لەسەرەتاوە بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆی هێنایە كایەی سیاسییەوە، هەردوو پەیامەكەی گۆڕان‌و سبەی، كە من بەحزوری كاك نەوشیروان خۆم نووسیومن، لەگەڵ ئەوەی هێزو تینێكی زۆری تێدایە بۆ جەماوەر، لەهەمانكاتیشدا بەردەوام كۆمەڵێك دەرگاو پەنجەرەی بەڕووی هەر ئەندام‌و گۆڕانخوازێكدا كردووەتەوە، كە بواری ئەوەی هەبێت ئەگەر لەپۆستیشدا نەبێت بتوانێت خزمەت بكات، واتە بواردەدات بەهەمووان چاودێر بن رەخنەگرو خۆ بەخاوەن ماڵ بزانن، بۆیە ئەوەش تاڕادەیەك ئەو تێڕوانینەی كەم رەنگ كردووەتەوە تۆ كاتێك دەتوانی خزمەت پێشكەشبكەیت، كە هەر لەپۆستدابیت.

شارپرێس
بەڵام پێگەی ئێوە لەناو بزووتنەوەكە دیارەو تاڕادەیەك ئەمەش بەرپرسیارییەتی زیاتری خستووەتە سەرشانتان، بەجیاواز لەخەڵكی تر ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی دوای كاك نەوشیروان مستەفا دەكەن؟

قادری حاجی عەلی: 
پێشتر لەسەر پێشنیازو داوای كاك نەوشیروان تاڕادەیەك ئەو مافەم پێدرابوو، كە وەك كەسێك چاودێربم  لەناو بزووتنەوەكەو تارادەیەك قسەو بۆچوونیشم هەبێت لەسەر كەموكورتییەكان، بەڵام ئێستا هەڵبژاردن دەكرێت بۆ پۆستەكان‌و ئەو هاوربَیانە هەڵدەبژێرین بۆ پركردنەوەی پۆستەكان ئیتر گۆڕان دەچێتە قۆناغێكی ترەوەو ئەركی ئێمەش گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە چیتر ئەو مافانەی پێشوو  بۆخۆم نادەم جگە لە چاودێریكردن كە ئەركی هەموو گۆرانخوازێكە بۆ پێشخستنی بزووتنەوەكە. دیارە ئەركی سەرەكیمان، پشتیوانی ئەو هەڤاڵانەیە ئەبێت بۆ ئەوەی بتوانن سەركەوتووانە ئەركەكانی خۆیان راپەرێنن، ئەمە لەگەڵ ئەوەی وەك هەر گۆڕانخوازیكی تر، رۆڵی چاودێری‌و رەخنەگرتمان دەبێت لەكاتی بوونی كەموكورتییەكان، ئەمەش سروشتی ناو بزووتنەوەی گۆڕانەو لاشموایە بەم جۆرە گۆڕان دەتوانێت جیاوازبێت لەهێزە كلاسیكییەكانی تر.

شارپرێس
وەك كەسایەتییەكی دیارو سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدا، كە بزووتنەوەكە سەركردەیەكی دیارو كاریزمایی لەدەستداوە تۆ چاوەروانی چی لەبزووتنەوەكە دەكەیت؟

قادری حاجی عەلی: 
مردنی كاك نەوشیروان خەسارەتێكی گەورە بوو نەك هەر بۆئ ێمە وەك هاوڕێی‌و بزووتنەوەكە، بەڵكو بۆ خەڵكی كوردستان‌و ناوچەكەش، چۆنییەتی بەڕێخستنی پرسەكەی شاهیدی ئەو قسانەن، بەڵام كاك نەوشیروان لەدوای خۆی پەیام‌و بەرنامەیەكی قووڵ‌و فراوانی بۆ بەجێهێشتوین، هیوادارم هەموومان بتوانین سود لەبەرنامەكانی‌و پەیامەكانی وەربگرین، من بۆخۆم قەناعەتی تەواوم بەو  بەرنامانە هەیە، كە بۆی بەجێهێشتین، لەوانە گۆڕان وەك بزووتنەوەیەكی جەماوەری بەسەربەخۆیی بمێنێتەوەو نەبێتە پاشكۆی هیچ پارتێكی ترو دیارە رێگەش نادەین ئەجیندای هیچ حیزبێكی تر بهێنرێتە ناو بزووتنەوەكەوە، لەڕووی پداگری لەخەباتی مەدەنیانەشی گۆڕان دەبێت بەردەوامبێت وەك بزووتنەوەیەكی مەدەنی‌و بیرلەوەنەكاتەوە ببێتە خاوەن هێزی چەكدار، چونكە دەركەوت بەمەدەنی مانەوەی چەند كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر چوونە پێشەوەی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی هێمنانەو دورستكردنی رای گشتی بۆ گۆڕانكاری‌و بەدوور لەدرووستبوونی بارگرژی‌و بەریەككەوتن‌و توندوتیژی، كۆتاشتیشم هیوادارم پەیامەكانی خەباتی دورودرێژی كاك نەوشیروان لەبەرچاوبگیرێت بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە بەردەوامبێت لەڕەتكردنەوەی حیزبی بنەماڵەیی‌و هەژمونی گروپ و تەكەتول وبەهیچ جۆرێك رێگەنەدات كەس وەسوەسەی ئەوانەی تێدا دروست بێت.