شارپرێس:
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتگیری لێدوانەكانی محەمەد حوسێن باقری سوپا سالاری وڵاتەكەی لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد.
بەهرام قاسمی ئەمڕۆ دوو شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "هەموو ناوەندە فەرمییەكانی ئێران سەرپشكن لەسەر قسەكردن دەربارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ قسەكانی سەرۆك ئەركانی سوپای وڵاتەكەی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند "هەڵوێستی ئێران لەبارەی ریفراندۆمی هەرێم روونە، ئەویش پارێزگاریكردنە لەیەكپارچەیی عێراق"، ئاماژەی بەوەش كرد، قسەكانی لیواو محەمەد باقری لەسەر ریفراندۆمی هەرێم لە "جێگەی خۆی بووەو هیچ كێشەیەكی نییە.
محەمەد حوسێن باقری، هەفتەی رابردوو لێدوانێكی لەسەر ریفراندۆمی هەرێمداو رایگەیاند، "ئێران دژی ریفراندۆمە"، كە ئەمە كاردانەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی لێكەوتەوەو وەڵامی دایەوەو راشیگەیاند ناوبراو بۆی نییە لەبارەی ریفراندۆمی هەرێم قسە بكات.
هـ ـ ح