پێشنیازی رێككەوتنیان بۆ یەكتر كردووە
گەڕی دووەمی گفتوگۆكانی هەرێم‌و عێراق لەهەولێر بەرێوەدەچێت

کوردستان

21/08/2017‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەڕی دووەمی گفتوگۆكانی هەرێم‌و عێراق لەهەولێر بەرێوەدەچێت، كە گەڕی یەكەمیان لەسەر پرسی ریفراندۆم هەفتەی رابردوو لەبەغدا بەرێوەچوو.

لەڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 14-8-2017 ماوەی حەوت رۆژە شاندی دانوستانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كە لەحەوت كەس پێك هاتووە‌، سەردانی بەغدایان كردووەو نزیكەی 45 كۆبوونەوەیان لەگەڵ تەواوی لایە‌و پێكهاتە‌ عیراقییەكان‌و كۆنسوڵ‌و باڵیۆزی وڵاتان لەعێراق لە‌بارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی‌ كوردستان ئەنجامدا.

لەبارەی گفتوگۆكانی ئەو هەفتەیە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و ئەندامی شاندی دانوستان بۆ بەغدا ئەمڕۆ دوو شەممە بۆ پێگەی فەرمی پارتی دیموكرات رایگەیاند "ئەمڕۆ سەردانەكەیان بۆ بەغدا تەواو دەبێت‌و كۆبوونەوەكانمان لەبەغدا لەڕووی نەزەرییەوە بەشێوەیەكی باش رۆییشت، كە ئەو بابەتانەی تاوتوێكران بابەتی گرنگ بوون".

سەعدی پیرە راشیگەیاند "پێمانوایە ئەگەر لە‌سەرەتادا جێبەجێبكرایە عێراق بەرەو قۆناغێكی تر دەرۆیی، ئەوەشی ئێستا قسەی لەسەر كراوە هەموو ئەو بابەتانەن، كە ئێمە لەهەرێمی كوردستان پێمانوایە‌ لەدژی هەرێم كراوەو بەشێكی گەورەن لەكێشەكان‌و عێراق بە‌گشتی لەبواری ئەمنی‌و كێشەكانی ناوخۆو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ژیانی خەڵك هەیەتی".

پیرە) ئاماژیشیدا، جیا لەشاندی هەرێم، كە بابەتی خۆیان بەهاوپەیمانیی شیعە داوە، ئەوانیش بابەتی خۆیان بەشاندی هەرێم داوەو ئەوەشی راگەیاند "ئەو بابەتانەی ئێمە ئامادەمان كردبوو پێشكەش بەهاوپەیمانی نشتیمانی شیعەمان كرد، ئەوەشی ئەوان ئامادەیان كردبوو پێشكەش بەئێمەیان كرد، هەردوولامان بەوەرقەكەمان دەگەڕێینەوەو لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی خۆمان دادەنیشین‌".

هەروەها ئەوەی راگەیاند "لە‌ماوەی ئەم سێ رۆژەی ماوە،‌ لەم حەفتەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم‌و مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسول‌و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان دادەنیشین، بۆ ئەوەی بڕیاری لە‌بارە‌وە بدەین".

بەقسەی پیرە گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەدوای ریفراندۆمیش بەردەوام دەبن، "ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجامبدرێت، دواتریش گفتوگۆكان بەردەوامدەبن‌و لە‌ماوەی 10 رۆژی تر جارێكی تر كۆدەبنەوە".

لەمەڕ شوێن‌و وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی شاندی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا، سەعدی پیرە ئاشكرایكرد، كە لایەنە عێراقییەكان سەردانی هەولێر بۆ ئەو مەبەستە دەكەن، "گفتوگۆو دانوستانەكان بۆ جاری داهاتوو لەهەولێر دەبێت، ماوەی رێككەوتنە‌كەمان بۆ دوو حەفتە دیاریكردووە،‌ ڕەنگە پێشتریش كۆببینەوە ئەگەر پێویست بكات".

هـ ـ ح