شارپرێس:
كاردانەوەكانی بڕیاری بەشداریكردنی پارێزگای كەركوك لەپرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كاردانەوەی بەدواوە هاتووەو كاردانەوەكانیشی بەردەوامە.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی سێ شەممە بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بەشداری لەپرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوەش لەمانگی نۆی داهاتوو.
بڕیارەكە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هات، بەشێوەك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیارەكەی "بەنادەستووری" ناوبردو رایگەیاند بڕیارەكە رەتدەكەینەوە.
لەنوێترین كاردانەوەش، سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق لەلێدوانێكی ئەمڕۆ چوار شەممە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، حكومەتی عێراق بڕیارەكە "بەنادەستووری دەزانێتو رێگە بەئەنجامدانی ریفراندۆم لەو ناوچانە نادات".
سەعد حەدیسی راشیگەیاند، كە "نابێت هەرێمی كوردستان دۆخی ئەمری واقیع لەناوچەكە بقۆزرێتەوەو هەر بڕیارێك پێی خۆشە پێچەوانەی دەستووری عێراق دەریبكات".
لەگەڵ كاردانەوە ناوخۆییەكان توركیاش هەمان رۆژی دەركردنی بڕیارەكە بەیاننامەیەكی دەركردو رایگەیاند "بڕیاری بەشداری كەركوك لەریفراندۆمی هەرێم، هەڵەیەكی تر خرایە سەر ئەو زنجیرە هەڵانەی هەرێم لەم ماوەیەدا دەیكات".
وەزارەتەكە راشیگەیاند، كە نابێت بڕیارەكە جێبەجێبكرێت، چونكە "بەتەواوی پێچەوانەی بەندو یاساكانی دەستووری عێراقەو لەدژی دەوەستینەوە".
هـ ـ ح