شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامداو باسی چەند پرسێكیان كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەكانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دەست ئاژانسی ئەنادۆڵ كەوتووەو لەهەواڵێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەپەیوەندییەكەدا دوا پێشھاتەكانی ناوچەكەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان تاوتوێكرا.
هەروەها لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا گفتوگۆ لەسەر راپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان كراوەو ئاماژە بەوەكرا، كە پێداگری لەسەر ئەنجامی راپرسی، بارگرژی ناوچەكە زیاتر دەكاتو جەختیش لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كراوەتەوە،
ھاوكات ئاماژە بەوەش كرا، كە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ راگرتنی راپرسی هەرێم، بڕیارێكی لەجێی خۆی بووەو هەردوولا پشتگیری دەكەن.
ئەم پەسوەندییە تەلەفۆنییە لەكاتێكدایە بڕیارە 25 ئەم مانگە لەهەرێم راپرسی بۆ سەربەخۆیی بكرێت، كە توركیاو عێراق دژی پرۆسەكەنو بڕیاریشە لەو بارەوە ئەردۆغانو عەبادی لەمریكا كۆبوونەوەیەك بكەن.
هـ ـ ح