سەڵاحەدین بەهادین بۆ پرسی ریفراندۆم لەگەڵ شاندێكی باڵای ئێران كۆدەبێتەوە

کوردستان

20/09/2017‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئێرانی كۆبووەوەو رایگەیاند، گەلی كوردستان دۆستایەتی دەپارێزێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌.

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمڕۆ چوار شەممە لەگەڵ شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران  كۆبووەوە، كە حەسەن دانایی فەڕی باڵوێزی پێشووی ئێران لەعێراق سەرۆكایەتی دەكرد.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە باسی پرۆسەی سیاسی هەرێم‌و پرسی ریفراندۆم‌و هەوڵەكانی لایەنەكان كرا بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بەتایبەتی حكومەتی عێراق زیاتر لەسێ ساڵە بەچەندین شێوە خۆی دەدزێتەوە لەبەرپرسیارییەتی بەرانبەر بەهەرێم.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەو رووەوە هەوڵی لایەنەكان خرایە روو و ئەگەرەكانی پێشهاتەكان لێكدرایەوەو لەم بوارەدا سەڵاحەدین بەهادین راشیگەیاند "ئەنجامدانی ریفراندۆمیش دژ بەهیچ وڵات‌و لایەنێك نییەو دەبێت قۆناغێكی دۆستایەتی‌و هاوكاری دەستپێبكات".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە لایەنی ئێرانی لەگەڵ ئەو پرۆسەیە، نییەو داوای دواخستنی ریفراندۆمی هەرێم دەكات.

هـ ـ ح