هاووڵاتیانی‌ كوردو عەرەب نایانەوێت ببنە بەشێك لەململانێی‌ سیاسییەكان

عیراق

21/09/2017‌ 2618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش

ئەو هەرا سیاسیەیی‌ ماوەی‌ چەند هەفتەیەكە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا لەسەر ریفراندۆم سەریهەڵداوە، لەرێی‌ هاشتاگێكەوە نەهێڵرا شۆڕبێتەوە بۆ ناو دانیشتوانی‌ عەرەب‌و كوردی‌ عێراق.

دەستپێكردنی‌ كەمپەینێك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ پێكەوە ژیانی‌ نێوان كوردو عەرەب زوومی‌ سەر ململانێ سیاسییەكانی‌ لەنێو هاوڵاتیانی‌ كوردو عەرەب درووخستەوەو سەلماندی‌ كە شەقام لەسیاسەتمەدارەكان ئاشتیخوازترە.

زۆر شەو كەسوكاری غەزوان ئەحمەد لەبەغداوە پەیوەندی‌ تەلەفۆنی‌ پێوەدەكەن‌و لێی‌ دەپرسن بارودۆختان لەهەرێمی‌ كوردستان چۆنە؟ كوردەكان هێرش ناكەنە سەرتان؟، ئەو گەنجە عەرەبە تەمەن 35 ساڵە كە چوار ساڵە لەئەنبارەوە رووی‌ كردووەتە هەرێمی‌ كوردستان پێی‌ سەیرە پرسیارێكی‌ لەو جۆرەی‌ لێدەكرێت.

غەزوان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەوەی‌ لێرە برا كوردەكانمان بۆیان كردووم خزمەكانم بۆم ناكەن، بەئارامی‌ دەژین ئەوەی‌ باس دەكرێت لەبارەی‌ رقلێبوونەوە تەنیا دەنگۆیە یان لەتەلەفزیۆنەكانەوە دەیبیستم، لێرە هەست بەئارامی‌ دەكەم"

دەستپێكی‌ هەڵمەتی‌ ئامادەكاریی‌ بۆ ریفراندۆمی‌ سەربەخۆیی هەرێمی‌ كوردستان تەوژمێكی‌ تری‌ ململانێی‌ سیاسی‌ لەنێوان هەولێرو بەغدا بەدوای‌ خۆیدا هێنا كە هاوكات ئاماژەی‌ جیاواز هەبوو بۆ دژایەتیكردنی‌ نێوان كوردو عەرەب لەسنوری‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ زۆرینە كوردو ناوچەكانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ ناوەندی‌ كە زۆرینە عەرەبن.

مەسعود بارزانی‌، لەگەڵ سەركردەی‌ زۆربە هێزە سیاسییەكانی‌ كوردستان رێككەوتن رۆژی‌ 25ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵ پرۆسەی‌ ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەعێراق بەڕێوەبچێت‌و 15ی‌ ئەم مانگەش پەرلەمانی‌ كوردستان بەزۆرینەی‌ دەنگ ئەو رێكەوتەی‌ پەسەندكرد.

مەترسییەكان لەساتی‌ دەستپێكردنی‌ بانگەشەی‌ ریفراندۆمەوە لەسەر ئەوەبوو كە هاوڵاتیانی‌ ئاوارەی‌ عەرەب لەهەرێمی‌ كوردستان‌و كوردانی‌ دانیشتوی‌ ناوچەكانی‌ تری‌ سنوری‌ دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ ناوەندی‌ رووبەڕووی‌ گوشار ببنەوە لەلایەن نەتەوەی‌ بەرامبەریانەوە.

بڵاوكردنەوەی‌ گرتەی‌ ڤیدیۆیی سوتاندنی‌ ئاڵای‌ یەكتری‌ وەك دەربڕینی قەبارەی‌ ململانێ سیاسییەكە تائێستا نەگەیشتۆتە ئاستی‌ كۆمەڵایەتی‌ خەڵك‌و تێروانینی‌ ئەو دوو نەتەوەیە بۆ یەكتری‌.

ئیسماعیل ئیبراهیم (40 ساڵ) كوردێكی‌ دانیشتوی‌ بەغدای‌ پایتەختە، ئەو بەبێ كێشە هەموو بەیانییەك بەرەو زانكۆی‌ بەغدا بەرێدەكەوێت بۆ وتنەوەی‌ وانەی‌ كوردی‌ لەبەشی‌ زمانی‌ كوردی‌ ئەو زانكۆیە بێ ئەوەی‌ وەك خۆی‌ دەڵێت كێشەی‌ بۆ دروست بكەن.

ئیسماعیل بە"نیقاش"ی وت "من هەست بەوەناكەم عەرەبێك رقی‌ لێم بێت ئەوەی‌ لەوبارەیەوە هەیە تەنیا شەڕە قسەی‌ سیاسیەكانە ئەگەرنا هاوڵاتیانی‌ ئاسایی حەز بەناكۆكی‌ ناكەن، بەڵام هێشتا خەڵكانیش لەهەردولا هەن پەنا بۆ هەڕەشە دەبەن".

توندبوونەوەی‌ ململانێ سیاسییەكان لەدوای‌ ساڵی‌ 2003ەوە هەندێكجاریش‌و پەلكێشانی‌ بۆ ناكۆكی‌ تائیفی هاوڵاتیانی‌ توشی دڵەراوكێ كردووە لەئەگەری‌ زیاتربوونی‌ یان پەلهاویشتنی‌ بۆ ناكۆكی‌ نەتەوەیی لەنێوان هەردوو پێكهاتە سەرەكەییەكدا كە كوردو عەرەبن.

ئەو ترسە وایكرد هەرزوو ئەو كەمپەینەی‌ كە بەناوی‌ (#كوردو عەرەب) لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ ئەیلولدا راگەیەندرا پاڵپشتی‌ زۆر كۆبكاتەوە.

بەشداربوانی‌ ئەو كەمپەینە بۆ رێگری‌ لەدروستكردنی‌ ناكۆكی‌ نێوان عەرەب‌و كورد بەهۆی‌ ململانێ سیاسییەكانەوە، وێنەی‌ خۆیان و هاورێیەكی‌ نەتەوەی‌ بەرامبەریان دادەنا وەك ئاماژەیەك بۆ پێكەوە ژیان، بۆ نموونە هاوڵاتییەكی‌ كورد لەسەر فەیسبووك وێنەیەكی‌ خۆی‌ لەگەڵ كەسێكی‌ عەرەبدا دادەنێ‌‌و ئەو هاشتاگەی‌ بۆ دەنوسێ‌، هەروەها بەپێچەوانەوە.

هیوا مەحمود عوسمان رۆژنامەنوس‌و چالاكوان خاوەنی‌ پرۆژەی‌ كەمپەینەكە بە"نیقاش"ی وت "بەهۆی‌ پرسی ریفراندۆمەوە جۆرە گرژییەك لەهاوڵاتیانی‌ هەردوولاوە دروستبوو، ئەوەش مەترسیدارە لەباری‌ تەقینەوەیدا بەتایبەت كە بەغدا كوردی‌ زۆر لێیەو لەهەرێمیش ئاوارەی‌ عەرەبی زۆرەو  هەر شتێك روبدات كاریگەریی‌ لەسەر ناوبانگی‌ هەردوو نەتەوە دەبێت‌و كەمپەینەكەی‌ ئێمە بۆ رێگری‌ لەدروستبوونی‌ ئەو مەترسیەیە".

هیوا مەحمود عوسمان وتیشی‌ "لەپاش ماوەیەكی‌ كەم لەدانانی‌ وێنەیەكی‌ خۆم‌و دۆستێكی‌ عەرەبم ژمارەیەكی‌ ئێجگار زۆر كەس بەشدارییان تیدا كرد، ئەو پێشوازییە لەكەمپەینەكە بەڵگەی‌ ئەوەیە پرۆسەی‌ سیاسی‌ دوورە لەشەقام و هاوڵاتیان  ئاشتیان دەوێت نەك شەڕ".

لایەنە سیاسیەكانی‌ هەردوو نەتەوەكە بەرووكەش خۆیان لەوە بەدوور دەگرن كە هۆكاربن بۆ دروستبونی‌ گرژی‌ نەتەوەیی لەنێوان هاوڵاتیانی‌ هەردوولا، پارتەكانی‌ سنوری‌ دەسەڵاتی‌ ناوەند بەڵینی‌ پاراستنی‌ كوردو پارتەكانی‌ سنوری‌ دەسەڵاتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش بەڵێنی‌ پاراستنی‌ ئاوارە عەرەبەكان دەدەن.

سەعد مەتلەبی سەركردە لەحزبی‌ دەعوەی‌ عێراق بە"نیقاش"ی وت "ئەوەی‌ رویداوە بەهۆی‌ پرسی ریفراندۆمەوە بووەو ئەوەی‌ روشبدات لەداهاتوودا مەسعود بارزانی‌ لێی‌ بەرپرسە، چونكە ئەو پرسە مەترسیدارەو ئەگەری‌ شەڕی‌ ناوخۆی‌ لێدەكرێت، ئەوەی‌ لەهەرێم روودەدات لەدژی‌ هاوڵاتیانی‌ عەرەب هاوڵاتیانی‌ ئاسایی كورد ئەنجامی‌ نادەن‌و دەزگاو حزبی سیاسی‌ لەپشتەوەیە".

 سەرەڕای‌ ئەو تێبینیانە مەتلەبی جەخت لەوەدەكاتەوە كە كوردانی‌ سنوری‌  دەسەڵاتی‌ ناوەند دەپارێزن لەهەر هەڕەشەیەك‌و ئەنجامدەرانی‌ كارێكی‌ لەوشێوەیەش سزا دەدەن.

لەئێستادا هەزاران هاوڵاتی‌ كوردی‌ سونەو فەیلی شیعە مەزهەب لەسنوری‌ بەغداو بەشێك لەشارەكانی‌ تری‌ ناوەڕاست‌و باشوری‌ عێراقدا دەژین‌و لەبەرانبەریشدا زۆرینەی‌ ئەو یەك ملیۆن‌و شەشسەد هەزار ئاوارەیەی‌ لەهەرێمی‌ كوردستانن لەنەتەوەی‌ عەرەبن.

لەبەرامبەردا بەرپرسانی‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش جەخت لەوەدەكەنەوە كە رێگری‌ لەوە دەكەن دەستدرێژی‌ بكرێتە سەر هاوڵاتیانی‌ عەرەب لەسنورەكەیداو رێ لەدروستبوونی‌ ئاڵۆزی‌ نەتەوەیی دەگرن، تەنانەت مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم لەهەموو گردبووەكانی‌ ریفراندۆمدا جەخت لەوە دەكاتەوە.

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی وت "هەڵوێستمان روونە كە لەدژی‌ عەرەب نین، بەڵكو لەدژی‌ ئەو كەسانەین كە لەدەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ ناوەندیدان، كێشەكە عەرەب نییە وەك نەتەوە، بەڵكو بەشێك لەدەسەڵاتدارەكانیانە".

ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن لەپاش دامركاندنەوەی‌ ململانێ سیاسییەكانی‌ پرسی ریفراندۆم ئەو هەڵسوكەوتە كەسیانەش كەم ببنەوە كە لەناوچەكانی‌ ژێردەستی‌ ناوەندو هەرێمدا روودەدەن لەدژی‌ هاوڵاتیانی‌ یەكتر.

ئەو هەڵكشانە كاتییەو دامركادنەوەی‌ وێنەی‌ دووبارەی‌ هاوكێشەی‌ سیاسی‌ بووە  لەدوای‌ ساڵی‌ 2003ەوە لەعێراق كە تیایدا لایەنە سیاسییەكان بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی‌ شەقام لەدژی‌ یەكتر دەجوڵێنن بێ ئەوەی‌ دەرەنجامەكانی‌ لەبەرچاو بگرن كە زۆرجار ئاڵۆزی‌ مەزهەبی‌و نەتەوەیی لێدەكەوێتەوە .

نەوزاد  پۆلس حەنا رێكخەری‌ گشتی‌ تۆڕی‌ پێكەوەژیانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەو روداوەنە دەیسەلمێنن كە هاوڵاتیانی‌ ئاسایی باشتر بیردەكەنەوەو زیاتر خەمی‌ پێكەوەژیانیانە وەك لەسیاسییەكان، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرەڕای‌ ململانێكان هەزاران گەشتیاری‌ عەرەب سەردانی‌ هەرێم دەكەن‌و لەزۆر ناوچەی‌ سنوری‌ ناوەندیش كورد شان بەشانیان دەژی‌".