رۆژئاوای كوردستان وێستگەكانی كارەبا و سووتەمەنی بەگەڕ دەخاتەوە

ڕاپۆرت

10/03/2024‌ 646 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس-كەنداڵ جودی:

 لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئیدارەی خۆسەر هەوڵدەدات جارێكی دیكە خزمەتگوزاری سووتەمەنی و كارەبا بۆ هاوڵاتیان بەگەڕبخاتەوە دوای ئەوەی لەلایەن توركیاوە لەناوبران.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ دەوڵەتی توركیا جارێكی دیكە بە فڕۆكەی جەنگی هێرشی كردە سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای كوردستان و زیانێكی زۆری پێ گەیاند.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتوون، حكومەتی توركیا تاكە وێستگەی غازی سویدی لە ناوچەی دێرك و بەشی كارەباكەی بۆردومان كردووە، هەروەها وێستگەكانی كارەبای كۆبانێ، عەین عیسا، دربێسی، قامیشلۆ و تربەسپی بۆردومان كردووە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ٢ ملیۆن كەس بێ كارەبا و ئاون و ٥ ملیۆن كەسیش بێ غاز ماونەتەوە.

بەڕێوەبەری كارگەی غازی سوید، عەگید عەبدولمەجید، بە شارپرێسی ڕاگەیاند، تیمەكانیان لە 14ی 1ی 2024ەوە دەستیان كردووە بەكار لە كارگەی غاز و بەشی كارەبا و بەو پێیەی ئاستی زیان و وێرانكاری زۆر گەورە هەیە. پێویستی بە تیمی گەورەتر و ئامراز و دەرفەتی زۆر باشتر هەیە.

عەبدولمەجید دەڵێت، تیمەكانیان بە پێی دەرفەتەكانی ئێستا بەشێك لە كارگەی غاز و كارەبای سویدیان چاك كردووەتەوە و ڕاشیگەیاند، هەوڵدەدەن لە ئایندەیەكی نزیكدا كارگەكە بخەنەوە خزمەتكردن دووبارە.

عەبدولمەجید گوتیشی: "بەو پێیەی هێشتا وێستگەی غازی سویدی نەخراوەتەوە گەڕ، ئێمە وەك ئیدارەی خۆسەر لە ئێستادا غاز لە باشووری كوردستانەوە دەهێنینە رۆژئاوای كوردستان، 10 هەزار بتڵی غاز لە باشووری كوردستانەوە دەهێنین بۆ هەرێمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

لە هەمان كاتدا دەوڵەتی توركیا ٨ تۆرباینی كارەبایی لە كارگەی سویدی بە تەواوی بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا هەموویان لە خزمەتگوزاری دەرچوون. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە عەبدولمەجید بە شارپرێسی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ئامێر و كەرەستەی لە دەستیاندایە، تەنها دەتوانن تۆرباینێك بخەنەوەكار،  هەر بۆیە تەنها كارەبا بۆ هەندێك ناوچە دابین دەكەن، بەڵام زۆرێك لە ناوچەكانی دیكە هێشتا بێ كارەبان".

هاوكات هاوسەرۆكی فەرمانگەی وزەی ئیدارەی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاد ڕوستەم بۆ شارپرێس رایگەیاند، لە ڕۆژی دوای هێرشەكەوە تیمەكانیان كار بۆ خستنەوەكاری وێستگەكانی كارەبا دەكەن و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "هەوڵدەدەین ڕێگەچارەی كاتی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی وێستگەكانی كارەبا بخرێنەوە خزمەت".

ڕوستەم دەشڵێت، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستا لەدژی ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەڕی بەردەوامی توركیا دژی ناوچەكە هەیە، ناتوانن كەرەستەی پێویستیان لەدەرەوەی ڕۆژاڤای كوردستانەوە دەستبكەوێت. 

هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: مەسەلەكە تەنها ئەوە نییە كە كەرەستەكان دەچنە ناو هەرێمەكەوە، بەڵام پێویستمان بە وێستگەی نوێ هەیە، چونكە زیانەكانی هێرشەكانی توركیا زۆرن و چاككردنەوەی هەموویان ئەستەمە.

لە بارەی ئەو پرسیارەی كەی دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە، ڕوستەم رونیكردەوە:  ئەوە پەیوەستە بە بارودۆخی ناوچەكە و گرنگترین شت ئەوەیە كە گەرەنتی ئەوە بدەین كە توركیا بۆردومان ناكاتەوە بەڵام تا ئێستا ئەم مەرجە جێبەجێ نەكراوە و هیچ گەرەنتییەك نەدراوە كە توركیا هێرش نەكات.

هەرچەندە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تاكە وێستگەی غاز لە ڕۆژاڤای كوردستان دەخرێتەوەكار، بەڵام خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و ئیدارەی خۆسەر نیگەرانن لەوەی توركیا جارێكی دیكە هێرش بكاتەوە سەر ئەو وێستگەیە.