لە توركیا ڕۆژی یەكشەممە 31ی ئادار هەڵبژاردنی شارەوانی لە 81 پارێزگا بەڕێوەدەچێت و تیایدا پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەوڵدەدات ئەو شارانە بەدەستبهێنێتەوە كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2019دا دۆڕاندویەتی بە ركابەرەكەی، لەنێویاندا ئەستەنبوڵ، و ئەنقەرە دوو گەورە شاری وڵاتەكە.
وێستگەكانی دەنگدان ڕۆژی یەكشەممە لە كاتژمێر حەوتی بەیانی تا چواری پاشنیوەڕۆ بە كاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و لە هەشتی بەیانی تا پێنج ئێوارە لە شوێنەكانی دیكە وڵات دەرگاكانیان دەكەنەوە.
پێشبینی دەكرێت تا كاتژمێر ١٠ی شەو هەڵبژاردن بەردەوام بێت و دواتر ئەنجامە سەرەتاییەكان دەربكەون.
شرۆڤەكاران ئەو دەنگدانە بە تاقیكردنەوەی سەرتاسەری بۆ ئاستی پشتیوانی لە ئەردۆغان و بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەزانن. پێشبینی دەكرێت ڕكابەری توند و نزیك بێت لەو شارەدا كە ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە ١٦ ملیۆن كەسە.