ڕوداوەکانی خورماتوو لە سایەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا

مەلەفی تایبەت

15/11/2017‌ 627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرکەوت جەلیل - ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی

سەرەتا      
      لە ڕۆژانی 16 و 17ی ئۆکتۆبەر و لە ناوچە جێناکۆکەکان، شەڕێک لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی و بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا دروستبو. لە ئەنجامدا خەڵکی چەند شارێک و بە ڕێژەی جیاواز، بەتایبەتییش کەرکوک و خورماتوو، بەر لێکەوتەکانی شەڕەکە کەوتن؛ هەندێک ئاوارە بون، هەندێک بریندار بون، هەندێک خانویان سوتێنرا، هەندێک ئەشکەنجە دران، هەندێکیش کوژران.
      من لەم توێژینەوەیەدا دەمەوێت تەرکیز بکەمە سەر شاری خورماتوو، بەو پێیەی بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەندێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ئەنجامی شەڕەکەوە زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە. لە خورماتوودا و بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، چەندان ماڵ تاڵانکراون، چەندان خانوو سوتێنراون، لای کەم 11 کەسی مەدەنی کوژراون، دەیان هەزار کەس ئاوارە بونە و ناشوێرن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان؛ جگە لەوانەش، هێرشی کوێرانە کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل (بێ چەک). وەک پرەنسیپ و بەپێی ئەو بەڵگە و نیشانانەی دەستی من کەوتون، وەک ئەوەی لە میانەی ئەم توێژینەوەیەدا دەیخەمە ڕو، تاوانی جەنگی (war crime) و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییش (crimes against humanity) لە خورماتوودا ئەنجامدراون.

تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
      بۆ ئەوەی تێکەولێکە لە نێوان زاراوە یاساییەکاندا دروست نەبێت، سەرەتا دەبێ بزانین تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی چین؟ و چی لە تاوانەکانی تریان جیادەکاتەوە؟
      تاوانی جەنگی کۆمەڵێک تاوانن کە لە کاتی جەنگ و ڕوبەڕوبونەوەی سەبازیدا دەقەومێن. جەنگیش، بەپێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی، یان نێودەوڵەتیە، واتە لەنێوان دو دەوڵەت یان زیاتردایە، یانیش ناوخۆییە، کە لەنێوان دو هێز یان زیاتری ناوخۆی وڵاتێکدا دەبێت. دیارە ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە عێراق دەگوزەرێت، شەڕێکی ناوخۆییە، بەو پێیەی لایەنەکانی شەڕەکە بریتین لە سوپای عێراقی، هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە. سەرباری ئەوەی هەندێک ڕاجیاوازی هەیە لەسەر ئەوەی، ئایا یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە جەنگ، تەنیا بۆ جەنگی نێودەوڵەتیین، یان هیی ناوخۆیییش دەگرنەوە. بەڵام وەک زۆرێک لە توێژەران جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەوەی دوەمیش دەگرنەوە و بەسەریاندا دەچەسپێن.
      جۆرەکانی تاوانی جەنگی و سزاکانیان لە پەیماننامەی ڕۆمای ساڵی 1998ی تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، باسکراون. لەوێدا، پاش چەندان هەوڵ و کارکردنی چەندان لیژنەی پسپۆڕ، لەسەر پێناسەی تاوانی جەنگی  و تاوانەکانی تر و گرنگترین ڕەگەزەکانی ئەو تاوانانەش، ڕێککەوتن.
      بۆ ئەوەی کردەوەیەک بە تاوانی جەنگی بێتە ئەژمار، دەبێ دو ڕەگەزی سەرەکی تێدا فەراهەم ببێت: یەکەم، تاوانەکە دەرهەق بە کەسانێک کرابێت، کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە جەنگ و وردەکاریەکانیدا نیە و نەکردوە. دوەم، بە بیانوی جەنگەکەوە کرابێت، واتە جەنگەکە هۆکار و زەمینە، یان دەرفەتی وەها تاوانێکی ڕەخساندبێت. بە دەربڕینێکی تر، تاوانەکە بۆ تەواوکردنی مەبەست و ئامانجەکانی جەنگەکە بێت.
            بەپێی بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لە هەمو پێکدادانێکی سەربازیدا و لەکاتی هەر جۆرە هێرشێکدا، دەبێ ڕەچاوی کۆمەڵێک بنەما و پێوەر بکرێت، ئەگینا کارەکە بە نایاسایی و زێدەڕەوی دادەنرێت و ئەنجامدەری بەرپرسیار دەبێت. ئەو بنەمایانەش بریتین لە: یەکەم، جیاکردنەوە. دەبێت هەمو لایەنەکان تەنیا پێگە سەربازیەکان بکەنە ئامانج؛ نابێت خەڵکی سڤیل، چ وەک گروپ و چ وەک تاکەکەسیش، بکرێنە ئامانج. هەڵبەت سەربازان و جەنگاوەرانی هەردولا، ئامانجی سەربازیین و دەشێت هیرشیان بکرێتە سەر، بەڵام لە چەند حاڵەتێکدا کە لە خوارەوە ڕونتری دەکەینەوە، ئەوەش تاوانە. دوەم، گونجاوی. بەپێی ئەمیان، هیچ هێرشێک نابێت زیانی زۆر بە خەڵکی سڤیل بگەیەنێت. بەپێی ئەم دو بنەمایە، دواجار قەدەغەیە، کە خەڵکی سڤیل زیانیان پێ بگەیەنرێت. هەڵبەت خۆدورگرتن لە ئازاردانی خەڵکی سڤیل لەکاتی جەنگدا مەحاڵ نا، بەڵام قورسە. بۆیە دەبێت لایەنەکان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن، تا کەمترین زیانیان بەربکەوێت، هەڵبەتە ئەویش بە نائەنقەست، ئەگینا هێرشی بەئەنقەست بێگومان قەدەغەیە.
      تاوانی جەنگی لە پەیماننامەکانی ژنێڤی ساڵی 1949 و هەردو پرۆتۆکۆلی ساڵی 1977دا، قەدەغە کراوە و جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەڵبەت ئەم پەیماننامانە، بەشێوەی سەرەکی، بەسەر جەنگی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ دەبن. بەڵام ماددەی 3 کە لە هەر چوار پەیماننامەکەی ژنێڤدا دوبارە بوەتەوە و هاوبەشە، وا دەکات، کە بەسەر جەنگی ناوخۆییشدا جێبەجێ ببن. بەپێی ئەم پەیماننامانە (کە عێراق ئەندامە و پەسەندی کردون)، هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل قەدەغە و تاوانە. بەپێی ماددەی 3: کوشتن، ئەشکەنجەدان، مامەڵەکردنی دڵڕەقانە، بەبارمتەگرتن، سوکایەتی کردن و بەسوک سەرنجدان قەدەغە کراون. جۆرەکانی تاوانی جەنگی تەرکیز دەکەنە سەر دو گروپ: یەکەم، ئەو کەسانەی لە شەڕدا بەشدارن، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، چەکیان داناوە و چیتر بەشدار نین، وەک برینداربون، تەسلیم بون، دەستگیرکردن. دوەم، خەڵکی سڤیل. واتە هێرشکردنە سەر ئەم دو گروپە، تاوانی جەنگیە.
جگە لەوەش، لە دەستوری ئەو دادگایانەی لە بۆنەی جیاجیادا دروستکراون و ئەنجامدەرانی تاوانەیلی جیاوازیان سزاداوە، وردەکاریی زیاتر دراون. بۆ نمونە، لە مادە 3ی دەستوری دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە یوگۆسلاڤیادا باسی چەند تاوانێک کراوە: یەکەم، تێکدان و ڕوخاندنی هەڕەمەکیانەی شار، شارۆچکە و گوندەکان دەکات، یان هەر تێکدانێک کە بەپێی پێویستیە سەربازیەکان نەبێت. دوەم، دەستبەسەرداگرتن، تێکدان، یان زیانگەیاندن بە هەر جێگەیەک کە تەرخانە بۆ مەبەستی پەروەردەیی، ئاینی، خێرخوازی، هونەری و زانستی، یان بۆ سەر مۆنیومێنتی مێژویی، کاری هونەری یان زانستی. سێیەم، تاڵانکردنی هەر موڵکێکی گشتی یان تایبەت. دواجار تاوانبارانی جەنگی کۆسۆڤۆ، بەپێی ئەم بنەمایانە و هەریەکە بە سزای جیاواز، سزادران.
      لێرەوە دەتوانین بڵێین، لە خورماتوو تاوانی هەمەجۆر ئەنجام دراون. ڕەنگە نەتوانین بنچینەیی بڕیار لە کردەوە و ئەنجامدەرانیان بدەین، بەڵکو بوارێک بۆ توێژینەوەی زیاتر دەهێڵینەوە. هۆکاری ئەمەش، لێڵیی کردەوەکان و زۆریی لایەنە بەشدارەکانی جەنگەکەیە. بەڵام بۆ هەر کردەوە و تاوانێک، بەرپرسیاری یەکەم، حکومەتی عێراقیە، بەو پێیەی لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هێرش کراوە، پێکدادان دروستبوە، هێزەکان جوڵاونەتەوە و لە ئەنجامیشدا، ئەو تاوانانە کراون. لەم سیاقەدا، ئەوەی دەشێت وەک تاوانی جەنگی لە ڕوداوەکانی خورماتوودا حسابی بۆ بکرێت، بریتین لە:
1.ئەشکەنجەدانی ئەو دیلانەی ماوەیەک لای هێزەکانی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی مانەوە.
2.سوکایەتی کردن بە هەندێک لە هاوڵاتیانی سڤیلی شارەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی عێراقیەوە.
3.نەرمی نواندنی دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت دەرهەق بەم کردەوانە. تەنانەت باس لە بەشداریی ڕاستەوخۆی بەشێک لە بەرپرسە باڵاکان دەکرێت، وەک ئامادەیی نیازی میعمار ئۆغڵۆ، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هێزە تایبەتەکەی لەکاتی ڕوداوەکانی خورماتوودا. ناوبراو لە شارەکەدا بینراوە و وێنەشی گیراوە.
4.سوتاندنی بارەگای کۆمەڵێک دەزگا، کە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕەکەدا نەکردوە و گرتنەوەی خورماتوویش، پێویستیی بە سوتاندن و تاڵانکردنی ئەو شوێنانە نەبوە. وەک تاڵانکردن و سوتاندنی بارەگای ڕادیۆی دەنگی گۆڕان، ڕادیۆی گەلی کوردستان، ڕادیۆی یەکگرتو، تەلەڤیزیۆنی وەرزشیی کۆمەڵ.
5.تاڵانکردن و سوتاندنی سەرجەمی بارەگا حیزبیە کوردیەکانی ناو شارەکە، کە 21 بارەگا بون.
6.تاڵانکردنی نزیکەی 10 فەرمانگەی حکومی.
7.سوکایەتی کردن و شێواندنی تەرمی کوژراوێکی پێشمەرگە بە ناوی 'هارون'، کە هاوکات خانوەکەشیان سوتێنراوە.
8.جگە لەوانەش، خەڵکی سڤیل، چ لە کورد و چ لە نەتەوەکانی تریش، لە شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتوە. کەسێک بە ناوی سەید ڕەشید، سوکایەتیی پێ کراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی لێ سەندراوە. کەسێکی عەرەب، سەری بڕاوە. کەسێک بە ناوی مقداد سامی، کە هاوکات موختاری گوندی 'ئەوج تەپە'شە، لە ناحیەی ئامرلی حەبس کراوە و تا مردوە، ئەشکەنجە دراوە و بێ نان و ئاو هێڵراوەتەوە.
هەڵبەتە ئەگەر کنەی زیاتر بکرێت، دەشێت وردەکاریی زیاتریش ئاشکرا ببن. بەڵام لە ئێستادا و بە نیسبەت ئێمەوە، هەر هێندەمان بەردەست کەوتوە. دیارە وەک پرەنسیپ و چوارچێوەی گشتی، ئەوەی بەسەر تاوانی جەنگیدا دەچەسپێت، بەسەر تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییشدا دەچەسپێت. لە ڕاپۆرتی ساڵی 1950ی لیژنەی یاسای نێودەوڵەتیدا تاوانەکانی کوشتن، لەناوبردن، بەکۆیلەکردن، وەدەرنان یان هەر کارێکی تری سوکایەتی دەرهەق بە هەر خەڵکێکی سڤیل، دادگایی و لێپرسینەوە لەسەر بنەمای سیاسی، نەژادی، یان ئاینی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم دراون، بەتایبەت ئەم کردەوانە یان ئەم دادگایی کردنانە پەیوەندییان بە تاوانی شەڕەنگیزی (داگیرکردن) یان تاوانی جەنگیەوە هەبێت. لێرەدا دەستەواژەی 'هەر خەڵکێک' مانای وایە، کە کردەوەکانی تاوانباران دەرهەق بە خەڵکی خۆیشیان دەگرێتەوە. لە ڕاپۆرتی ساڵی 1996دا، لیژنەی یاسای نێودەوڵەتی، جەختی کردەوە، کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە ڕەهایی پەیوەست نیە بە جەنگەوە. واتە دەشێت ئەم تاوانانە لە غەیری دۆخی جەنگیشدا، ئەنجام بدرێن. ئەمەش خاڵی جیاکردنەوەی تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە؛ ئەوەی یەکەمیان هەر لەکاتی جەنگدا دەشێت ڕوبدات.
      دوای ساڵانێک و چەندان هەوڵی نەبڕاوە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کە بەپێی پەیماننامەی ڕۆمای ساڵی 1998 دامەزراوە، لە 2002 دەستی بە کارەکانی کرد. چیتر تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بەبێ سەقفی یاسایی و کردەیی نامێننەوە. ئەو دادگایە لایەنی تایبەتمەندە بە دادگایی و لێپرسینەوەی تاوانبارانی ئەم جۆرانە لە تاوان. تاوانی جەنگی لە مادەی 8 و تاوانی دژە مرۆڤایەتییش لە مادەی 7ی پەیماننامەکەدا باسکراون. بەپێی مادەی 7، ڕەگەزەکانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دوانن: یەکەم، دەبێت تاوانەکە بەشێک بێت لە 'هێرشێکی بەرفراوان' یان 'سیستەماتیک' دژی هەر خەڵکێکی سڤیل. دوەم، تاوانبار ئاگای لەوە بێت، کە خەریکە لە وەها هێرشێکدا بەشداری دەکات.
      لە پەیماننامەکەدا تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بریتین لە: کوشتن، یان بوونە هۆکاری مردن؛ لەناوبردن، یان قڕکردن، واتە کوشتنی کەسێک یان زیاتر؛ بەکۆیلەکردن؛ بەزۆر وەدەرنان، یان بێ ماڵ و حاڵ کردن؛ حەبسکردن، یان هەر کارێکی تری زەوتکردنی ئازادی؛ ئەشکەنجەدان؛ لاقەکردن؛ سەرنوقمکردن و چەند کردەوەیەکی تریش. تاوانی جەنگیش بریتین لە: کوشتنی بەویست؛ تێکدانی خانو و موڵک و ماڵ؛ هیرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل؛ هیرشکردنە سەر پێگە یان ئامانجەیلی سڤیل؛ هیرشکردنە سەر شوێنی بێ بەرگری، واتە شوێنێک کە خەڵکەکەی بەرەنگاری تاوانباران نەبنەوە و خۆیان دابێت یان بدەن بەدەستەوە؛ هێرشکردنە سەر باڵەخانە پارێزراوەکان، واتە ئەوانەی کە بۆ مەبەستی ئاینی، پەروەردەیی، زانستی، هونەری یان کاری خێرخوازی بەکاردێن، یان مۆنیومێنتە مێژووییەکان و نەخۆشخانەکان؛ تێکدان یان ڕوخاندنی موڵک و ماڵی نەیاران، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە جەنگەکە و ئەنجامەکانیەوە نەبێت؛ شکاندنی کەرامەتی مرۆیی، تەنانەت ئەگەر دژی مردووانیش بێت.
      بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی 24ی ئۆکتۆبەری 2017ی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چەند تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییش لە خورماتوو ئەنجام دراون. بەپێی زانیاریەکانی نێو ڕاپۆرتەکە و بە وتەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی)، نزیکەی 35000 خەڵکی سڤیل، لە ئەنجامی شەڕەکەوە، شارەکەیان جێهیشتوە. ڕاپۆرتەکە هەندێک زانیاریی کەسییشی تۆمارکردوە. بۆ نمونە، 'حەمید'ی 68 ساڵە بە ڕێکخراوەکەی وتوە، کە کاتێک، دوای ئاوارەبون، گەڕاوەتەوە ماڵەکەی لە خورماتوو، خانوەکەی سوتێنراوە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە و بە وتەی شایەتحاڵەکان، یازدە کەسی سڤیل بەهۆی هێرشی کوێرانەوە، کوژراون. 'سەرهەنگ' بە چاوی خۆی بینیویەتی، کە کۆمەڵێک چەکدار و بە سواریی ماتۆڕ، کۆمەڵێک ماڵیان ئاگر تێبەرداوە. ئەمەش واتە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی شارەکە، لەو هێرش و سەرپێچیانە ئاگادار بون و چاویان لێ نوقاندون.
      ئەمانە و جگە لە چەند کەیسێکی لاقەکردن، کە بەپێی زانیاریاکانی ئێمە، یەکێکیان لە دادگای شارەکە سکاڵای ڕەسمیی تۆمار کردوە.
      
ئەنجامگیری: چی بکرێت؟
      پێش هەر شتێک، دەبێ ئەوە ڕونبکەمەوە کە ڕوداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری شاری خورماتوو، ناچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. هەرچەندە لە هەندێک لە میدیا کوردیەکانەوە باسی ئەوە کرا، کە ئەو ڕوداوانە، جینۆسایدێکی ترن دەرهەق بە خەڵکی کوردی شارەکە، بەڵام وەها قسەیەک، زیاتر لێکەوتەی سۆزە و پەیوەندیی بە توێژینەوەی زانستیی یاساییەوە نیە. جینۆساید واتە قڕکردن، واتە کوشتن یان هەوڵدان بۆ کوشتنی کۆمەڵە کەسێک بەتەواوی یان بەشێک لەو کۆمەڵە کەسە لەسەر بنەمای نەتەوە، ئیتنیک، ئاین یان هەرئیعتیبارێکی تر. ئەوەی لێرەدا خرایە ڕو دەیسەلمێنێت، کە لە خورماتوودا جینۆساید نەبوە.
      ڕوداوەکانی خورماتوو پێویستییان بە لێتوێژینەوەی ورد و قوڵتر هەیە. ئەم هەوڵەی من زیاتر وەک نەخشە ڕێگایەکە، تا لە ڕێیەوە حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بتوانن، بەپەلە کارێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە بکەن، تاوانەکانی کە ئەنجام دراون، تۆمار بکەن و تاوانبارانیش سزا بدرێن. دواجار ئەوەی گرنگە، سەرنجڕاکێشانی هەمو لایەکە، کە لەو شارە و لەو ڕێکەوتەدا، کۆمەڵێک تاوان کراون و پێویستییان بە بەدواداچون هەیە. هێندەی ئێمە بەدوایدا چوین، زۆربەی تاوانەکانی نێو خورماتوو، پەیوەندییان بە موڵک و ماڵەوە هەیە. زەقترین تاوانی ئەنجامدراو، تاڵانی و سوتاندن و ڕوخاندنی خانوی خەڵک و باڵەخانەکانی تری نێو شارەکەیە. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی، کە هیچ تاوانی تر ئەنجام نەدراون. بەڵکو کەسانێک کوژراون، کەسانێک سوکایەتییان پێ کراوە، کەسانێک ئەشکەنجە دراون... لە هەمویشی گەورەتر، ئاوارەبونی دەیان هەزار خەڵکی شارەکەیە. سەرباری ئەوانەش، لایەنی دەرونی دانیشتوانی شارەکەشمان لەبیرنەچێ. دەبێت بزانین، کە ئێستە هەزاران کەس لە دۆخێکی دەرونی و ڕۆحیی نالەباردا دەیگوزەرێنن، تەنانەت ترسیان لە گەڕانەوەش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەیە: ئەوەی ڕویداوە، ماکی تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تێدایە.
      ئەوەی ڕویدا، ئەنجامی سیاسەتەیلی هەڵە و کورتبینانەی سەرجەمی لایەنە سیاسیەکانی عێراقە، بە کوردەکانیشەوە. ئەوەتا بەهۆی ململانێی سیاسیەوە و بەهۆی نەبونی دیدێکی نیشتمانی و هەوڵێکی جدی بۆ پێکەوە گونجاندنی لایەنە جیاوازەکان، هەزاران کەس ئاوارە بون و لە دۆخێکی نالەباری مادی و دەرونیدا دەژین. دەبێت، پێش هەمو شتێک، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، سەرجەمی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی خورماتوو کراون، جا لە هەر نەتەوە و ئاینێک بن، تۆمار بکەن و بپارێزن. دەکرێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش، لە وەها کارێکدا، هاوکار بن. وەزارەتەکانی داد، بەرگری، پێشمەرگە، ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەری، دەبێت پێشەنگی وەها ئەرکێک بن.
      هەڵبەتە دەشێت دادگایەکی تاوانی باڵا بۆ ئەم تاوانانە دروست بکرێت، وەک ئەوەی پێشتر و بۆ تاوانەکانی حکومەتی پێشوی عێراقی (حکومەتی حیزبی بەعس)، کرا. دەشێت لە ناوخۆدا تاوانباران سزا بدرێن، ئەگەرنا، دەشێت لە دادگای تاوانی نێودەەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکرێت. چونکە بەپێی ڕێکەوتننامەی ڕۆما، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی تەواوکاری بۆ دادگای نیشتمانی دەبینێت. واتە ئەگەر بە هەر هۆکارێک، حکومەتی پەیوەندیدار نەیتوانی ڕێکارە یاساییەکان دەرهەق بە تاوانباران بگرێتە بەر، دەشێت هانا بۆ ئەو دادگا نێودەوڵەتیە ببرێت. بەرپرسیارێتییش لە وەها تاوانەیلێک، کەسییە. واتە ئەو کەسانەی تاوانەکانیان ئەنجام داوە، لێیان دەپرسرێتەوە و سزا دەدرێن. خاڵی جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە، کە یاسای سزادانی عێراقی بەسەر وەها تاوانێکدا ناچەسپێت. ئەوەش لەبەر هۆکارێکی سەرەکی: ئەم تاوانانە لە سەروەختی جەنگدا رویانداوە، لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە ئەنجامدراون، کە سەر بە هێزە چەکدارەکان بون و بە بۆنەی جەنگ و پێگەیانەوە لە جەنگدا، وەها تاوانێکیان ئەنجامداوە.
      لە ئێستاشدا ئاوارەکانی خورماتوو، لە شارەکانی کفری و کەلار، ناحیەکانی ڕزگاری و زینانە و گوندەکانی سەر بەوان و شارەکانی تریشدا نیشتەجێن. بەشێکیشیان گواستویانەتەوە بۆ کەمپی ئاوارەکانی 'تازە دێ' لە قەزای کەلار. دەبێت سەرەتا مشوری ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بخورێت، بەڵام تۆمارکردنی تاوانەکان و سزادانی ئەنجامدەرانیشمان لەبیر نەچێت. پێویستیمان بە ئەجێندایەکە، کە ئینتیمای نەتەوەیی و ئاینی تێپەڕێنێت و هەوڵی پێکەوە گونجاندنی جیاوازیەکان بدات، جا بە هەر میکانیزمێک و لە هەر فۆرمێکدا بێت.

سەرچاوەکان
لە نوسینی ئەم توێژینەوەیەدا، سود لەم سەرچاوانە بینراوە:
1.Amnesty International, Iraq: Fresh evidence that tens of thousands forced to flee Tuz Khurmatu amid indiscriminate attacks, lootings and arson: https://www.amnesty.org/en/latest/news/2017/10/iraq-fresh-evidence-that-tens-of-thousands-forced-to-flee-tuz-khurmatu-amid-indiscriminate-attacks-lootings-and-arson/
2.Rome Statute of the International Criminal Court, 1998.
3.Elements of Crimes, International Criminal Court, 2011.
4.David Luban, A Theory of Crimes Against Humanity, 29 Yale J. Int'l L. 85-167 (2004).
5.Knut Drmann, Elements of War Crimes under the Rome Statute of the International Criminal Court, Cambridge University Press, 2004.