هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت لەكوردستان بڤەیە
كەس ناوێرێت ببێتە میراتگری‌ حكومەتێكی‌ قەرزدار

sharpress.net

3508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

08/12/2017‌

شارپرێس: نیقاش
سەردانە ماراسۆنییەكانی‌  شاندی‌ حكومەتی‌ هەرێم بۆ لای‌ لایەنە سیاسییەكان نەیتوانیوە تائێستا هیچ لەداواكاری‌ هەڵوەشاندنەوە، یان گۆڕینی‌ ئەو حكومەتە بگۆڕێت‌و دیسانەوە سیناریۆكان ناڕۆشنن.

لەدوای‌ ریفراندۆمەكەی‌ 25ی‌ ئەیلولی‌ رابردووەوە لەكوردستان تەوژمێكی‌ بەهێز پەیدابووە كە داوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ كابینەی‌ ئێستای‌ حكومەتی‌ هەرێم دەكات بەو پێیەی‌ بەهۆكاری‌ سەرەكی‌ "شكست"ی‌ دوای‌ ریفراندۆم‌و كێشەكانی‌ پێشتری‌ دەزانێت، لەبەرامبەریشدا هێزە دەسەڵاتدارەكان هیچ گەرموگوڕییەكیان بۆ ئەم داواكارییە نییەو لەدژی‌ وەستاونەتەوە.

لایەنگرانی‌  هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت پێیان وایە حكومەتی‌ ئێستا لەئاستی‌ ئاڵۆزی‌ قەیرانە ئابوریی‌‌و سیاسیەكاندا نییەو نەیارانی ئەو داواكارییەش كاتی‌ بەردەم پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ تر بەكەم دەزانن‌و لەگەڵ گۆڕانكاریی رێژەیین لەكابینەكەدا.

لەوانەیە بۆ ئەم قۆناغە گۆڕینی‌ حكومەتیش نەتوانێت ئاوێك بكات بەئاگری‌ ئەو قەیرانانەی‌ بەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ گرتووە، بەوپێیەی‌ ئەو هەنگاوە لەلایەك بۆشایی یاسایی‌ بەر لەهەڵبژاردنی‌ نوێ دروست دەكات‌و لەلایەكی‌ تریشەوە هیچ كارەكتەرێك سیاسی‌ ئامادە نابێت ببێتە میراتگری‌ حكومەتێك كە نوقمی‌ قەرزی‌ ناوخۆیی‌و دەرەكی‌ بووە.

لە 23ی‌ تشرینی‌ دووەمدا بزوتنەوەی‌ گۆڕان پاكێجێكی‌ داواكاری‌ راگەیاند كە رادەستی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ كردبوو كە دیارترین خاڵەكانی‌ پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ كاتی‌ بوو لەبری‌ حكومەتی‌ ئێستا تا هەڵبژاردنی‌ داهاتوو.

بەر لەو داواكارییەش بەمانگێك هەمان بزوتنەوەی‌ لەگەڵ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان‌و قەوارەی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی‌ بەسەرۆكایەتی‌ بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری‌ سكرتێری‌ پێشوی‌ یەكێتی‌ لەبەیاننامەیەكدا داوای‌ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ رزگاریی‌ نیشتیمانیان كرد.

دانا عەبدولكەریم ئەندامی‌ ژووری‌ حكومەت‌و پەرلەمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە"نیقاش"ی‌ وت "لە دوا كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەفدی‌ حكومەت پێیان وتین پێمان باشە حكومەتی‌ ئێستا بمێنێتەوە، بەڵام بیرۆكەی‌ حكومەتی‌ كاتیش رەتناكەینەوەو لەپاش تاوتوێكردنی‌ وەڵامتان دەدەینەوە".

دانا عەبدولكەریم وتیشی‌ "هەست دەكەین پارتی‌ كاتی‌ پێوە دەكوژێت‌و ئێمەش تا ماوەیەك لەسەر بیرۆكەی‌ حكومەتی‌ كاتی‌ بەردەوام دەبین‌و دواتر هەڵمەتی‌ راگەیاندن دەكەین دژ بەحكومەت".

حكومەتی‌ ئێستای‌ هەرێمی‌ كوردستان پارتی‌ پۆستی‌ سەرۆك‌و یەكێتی‌ پۆستی‌ جێگرەكەی‌ بەدەستەوەیە، ئەو دوو لایەنە زۆربەی‌ وەزارتەكانیان هەژموونكردووە‌و پێدەچێت ئاوها بە ئاسانی‌ نەیانەوێت بچنەژێر باری‌ پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ نوێوە.

لە 20ی‌ تشرینی‌ دووەمدا نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا لە هەولێر وتی‌ "ئەم حكومەتەی‌ ئێستا خۆی‌ كاتییە‌و پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ نوێ كاتێكی‌ زۆری‌ دەوێت".

لە 24ی‌ تشرینی‌ دووەمدا پەرلەمانی‌ كوردستان تەمەنی‌ خۆی‌ بۆ ماوەی‌ هەشت مانگ درێژكردەوە كە هاوكات لەگەڵیدا تەمەنی‌ ئەم كابینەیەی‌ حكومەتیش بۆ هەمان ماوە درێژدەبێتەوە كە ئێستا نزیكەی‌ شەش مانگ تەمەنی‌ ماوە.

درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ پەرلەمان‌و حكومەت لەكاتێكدا بوو لە كۆی‌ 20 وەزیرەكەی‌ ئەم كابینەیە چواریان كە سەر بەگۆڕانن دوورخراونەتەوەو دوانی تریشیان كە لەپشكی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و مەسیحییەكانن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.

عەبدولستار مەجید وەزیری‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاو لەپشكی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ ئاشكرایكرد كە لەكۆبوونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیراندا پرسی پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ كاتی‌ جوڵاندووە.

ئەو بە"نیقاش"ی وت"بیرۆكەكە رەت نەكرایەوە، بەڵام بڕیاردا لەپاش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بڕیاری‌ لەسەر بدرێت".

لەماوەی‌ سێ هەفتەی‌ رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی‌ تیمێكی‌ حكومەتەكەی‌ كرد بۆ لای‌ لایەنە سیاسییەكان كە پرسی پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ كاتی‌ یەكێك بوو لەبژاردەكانی‌ تاوتوێكردنی‌.

سەرچاوەیەكی‌ حكومەت كە لەبەر هەستیاری‌ پرسەكە نەیویست ناوی‌ بهێندرێت بە"نیقاش"ی وت "نێچیرڤان بارزانی‌ لەگەڵ ئەوەدایە لە كۆبوونەوەی‌ پێنج قۆڵی‌ پرسی حكومەتی‌ كاتی‌ یەكلایی بكرێتەوە".

ئاسان نییە تۆپی‌ كێشەیەكی‌ گەورەی‌ وەك چارەنوسی‌ حكومەت هەڵبدرێتە گۆڕەپانی كۆبوونەوەی‌ پێنج قۆڵی‌ كە مەبەست لێی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌‌و گۆڕان و كۆمەڵ‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامییە.

هەرێمی‌ كوردستان‌و كێشەكانی‌ ئەزمونێكی‌ باشیان لەگەڵ ئەو جۆرە كۆبونەوەیەدا نییە بەتایبەت كە لەساڵی‌ 2015 دا نۆ كۆبونەوەی‌ پێنج قۆڵی‌ لەو جۆرە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەنجامدرا، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ رێنەكەوتن، قەیرانەكەشی ئەوەندی‌ تر ئاڵۆز كرد.

لەساڵی‌ 1992 ەوە كە یەكەم كابینەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان پێكهاتووەو تائێستا هەشت كابینەی‌ جیاوازی‌ تێپەڕاندووە بەڵام هیچ كامیان هەڵنەوەشاونەتەوە لەگەڵ ئەوەی‌ هەرێم لەماوەی‌ 24 ساڵی‌ تەمەنیدا بە قەیرانی‌ قورسدا تێپەڕبووە كە دیارترینیان شەڕی‌ ناوخۆو قەیرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ چەند ساڵی‌ رابردوو بوو بەهۆی‌ توند بوونەوەی‌ ناكۆكییەكان لەگەڵ حكومەتی‌ ناوەندی‌.

بەدرێژایی (12) ساڵ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان ئەنجامنەدرا كە كابینەی‌ حكومەتیش گرێداروە بە خولێكی‌ پەرلەمانیەوە كە چوار ساڵە.

لە ساڵی‌ 1994 كاتێك شەڕی‌ ناوخۆ سەری‌ هەڵدا، هەرێمی‌ دابەش كرد بەسەر دوو زۆنی‌ ئیداریدا، حكومەت لەهەولێر هەڵنەوەشایەوەو بەدەستی‌ پارتیەوە مایەوەو لە سنوری‌ ئیدارەی‌ سلێمانیش یەكێتی‌ حكومەتێكی‌ تری‌ پێكهێنا. 

تا ئێستا‌و لەپاش ئەو قەیرانەی‌ لەدوای‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆەوە دروست بووە تێڕوانی دوو لایەنە سیاسیە سەرەكییەكەی‌ هەرێم بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت زۆر نەگۆڕاوە.

دلێر ماوەتی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی وت "لەگەڵ ئەوەدانین ئەم حكومەتە هەڵبوەشێتەوە بەڵكو باشترە گۆڕانكاریی‌ لەوەزیرەكاندا بكرێت‌و بەشێك لە دەموچاوەكان بگۆڕدرێن".

لەنێوان پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ كاتی‌‌و بەردەوام بوونی‌ حكومەتی‌ ئێستای‌ هەرێمی‌ كوردستاندا بۆشایی نێوان لایەنەكان وەك خۆی‌ ماوەتەوە، لەوە دەچێت كەلتوری‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت لەهەرێمی‌ كوردستاندا هێشتا سەوز نەبووبێت، ئەو پرسە بۆتە هیڵی‌ سور بۆ ئەو لایەنانەی‌ 25 ساڵە لەدەسەڵاتدان.

پێشتر لە ساڵی‌ 2011  بزوتنەوەی‌ گۆڕان كە ئەو كات ئۆپۆزسیۆن بوو لەبەیاننامەیەكدا داوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت و پەرلەمان وسەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ كردو ئەوكات یەكێتی‌ و پارتی‌ كە پشكی‌ شێریان لەدەسەڵاتدا هەبوو داواكەیان بە "كودەتا" ناوبرد.

لەپاش شەش ساڵ هێشتا داواكاری‌ هەوەڵشاندنەوەی‌ حكومەت لەلایەن گۆڕانەوە  بە هەستیاری‌ وەرگیراوە.

لەدوای‌ كۆبوونەوەی‌ نێوان وەفدی‌ حكومەت و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش لە هەولێر لە 28ی‌ تشرینی‌ دووەمدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی‌ پارتی‌ لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا وتی‌ "لەگەڵ  ئەوە نین حكومەت هەڵبوەشێتەوەو ئەوە كێشەی‌ لێدەكەوێتەوە".

تێبینی‌ پارتی‌ لەسەر داواكاری‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت وەك عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی‌ ئەو حزبە دەڵێت پەیوەندی‌ بە كاتەوە هەیە، ئەو وتی‌"داواكاریەكە نا واقعی‌ و نا لۆژیكیە، هەڵوەشاندەوەی‌ حكومەت وپێكهێنانەوەی‌ ئاسان نییە بەتایبەت كە تەمەنی‌ حكومەت خۆی‌ چەند مانگێكی‌ كەمی‌ ماوە".

عەلی حوسێن بە"نیقاش"ی‌ وت " ئەو داواكاریانە گرەو كردنە لەسەر دەنگی‌ شەقام بۆ  هەڵبژاردن".

پێدەچێت بەدیوێكی‌ تردا هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت یان پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ راگوەزەر بۆ ئەوانەش ئاسان نەبێت كە داوای دەكەن.

هەر كارەكتەرێكی‌ سیاسی‌ هەرێم بیەوێت ببێتە میراتگری‌ حكومەتی‌ ئێستا دەكەوێت بەسەر قەیرانی‌ چەندین ملیار دۆلاری‌ قەزاری موچەخۆران‌و قەزری‌ كۆمپانیا نەوتییەكان.

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان هاورای‌ ئەو مەترسیەیەو دەڵێت"كەس ناوێرێت حكومەتێك وەربگرێت كە ئەوەندە قەرزار بێت".

ئەوە جگە لەوەی‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەتی ئێستا بێ رێكەوتنی‌ پێشوەختە رەنگە چەندین خولی‌ دانوستانی‌ نێوان لایەنەكان بەدوای‌ خۆیدا بهێنێت بۆ رێكەوتن لەسەر كارنامە‌و پێكهاتەو كارەكتەر و پشكی‌ لایەنەكان و تیایدا .

د. ئەحمەد وەرتێ پەرلەمانتاری‌ پێشووی‌ كوردستان‌و پسپۆری‌ یاسایی‌ دڵنیایە لەوەی‌ بەبێ رێكەوتنی‌ پێشوەختە بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ نوێ هەڵوەشاندنەوەی‌ بۆشایی یاسایی‌ دروست دەكات بەوپێیەی‌ جگە لە دەسەڵاتەكانی‌ خودی‌ حكومەت بەپێی‌ بڕیارێكی‌ پەرلەمان چەند دەسەڵاتێكی‌ تری‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمیشی‌ بۆ گواستراوەتەوە لەپاش هەڵوەشاندنەوەی‌ لە 29ی‌ تشرینی‌ یەكەمدا.

وەرتێ بە"نیقاش"ی وت "هیچ دەقێكی‌ یاسایی‌ نییە لە هەرێم رێ بەدریژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ حكومەت بدات ئەوەی‌ كراوە عورفێكی‌ سیاسیە بەپێی‌  یاسا هەڵوەشاندەوەی‌ حكومەت بەسێ رێگا دەبێت، یان نیوە كۆیەكی‌ وەزیرەكانی‌ دەست لەكار بكێشنەوە یان نیوە كۆ یەكی‌ پەرلەمانتاران پەرلەمان هەڵبوەشێننەوەو ئەو خولە كۆتایی دێت بە حكومەتەوە، یان خودی‌ سەرۆكی‌ حكومەت دەست لەكار بكێشێتەوە".

ئایندەی‌ هاوكێشەی‌ ئەو ململانێیە رون نییە كە لە هەرێمی‌ كوردستان لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت هەرێم دروست بووە.

لەوە دەچێت یەكێك لە سیناریۆكانی‌ پشت جوڵاندنی‌ پرسی هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەتیش نزیك بوونەوەی‌ وادەی‌ هەڵبژاردنەكان بێت كە هەر حزبەو بەشێوازێك كار لەسەر هەڵمژینی‌ ناڕەزایی شەقام دەكات.

د.شۆرش حەسەن مامۆستای‌ زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی‌ سلێمانی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت"یەكێتی‌ و پارتی‌ نایانەوێت لە دەسەڵاتدا پەراوێز بخرێن بۆیە قایل نین بە هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت، لایەنەكانی‌ تریش جدی‌ نین لەو داواكارییە ئەگەرنا وەزیرەكانیان بەتەواوی‌ دەكشاندەوە، چونكە لە سیستمی‌ پەرلەمانیدا بەرپرسیارێتی‌ شكستەكان دەستەجەمعییە".







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved