حكومەتی عێراق بەفەرمی پێشوازییان لێناكات
شاندێكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەبێ‌ پارتی سەردانی بەغدا دەكەن

کوردستان

01/01/2018‌ 4982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ پارتی دیموكرات سەردانی شاری بەغدا دەكەن، كە حكومەتی عێراقیش ئامادەنییە بەفەرمی پێشوازییان لێبكات.

رۆژنامەی عەرەبی جەدید، لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردووە، كە چەند لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی شاندێك پێكبهێنن، بۆ سەردانیكردنی بەغداو كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.

رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، كە ئەو لایەنانە بەبێ‌ پارتی دیموكرات، كە دەسەڵاتی سیاسی‌و ئابووری‌و سەربازی‌و ئیداری هەرێمی كوردستانی بەدەستە شاندەكە پێكدەهێنن‌و سەردانی بەغدا دەكەن.

لەو بارەشەوە، سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاندووە، كە ئەوان ئاگاداری سەردانێكی لەو جۆرە نین، ئەگەر سەردانێكی لەو جۆرەش هەبێت، وەك شاندێكی حیزبی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن‌و بەفەرمی پێشوازییان لێناكەن.

سەعد حەدیسی راشیگەیاند، ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، كە حكومەتی هەولێر گفتوگۆ بكەن‌و جەختیشیكردەوە، تائێستا هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دیارینەكراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق قووڵبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەمانگی نۆی رابردوو، ئێستاش چەند هەوڵێك هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەو سەرچاوەیە بۆ رۆژنامە عەرەبییەكە ئاشكراشیكردووە، كە شاندەكە بەمەبەستی رەخساندنی زەمینە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكات.

هـ ـ ح