راگەیاندنی فەرمی پارتی: ھەولێرو بەغدا دەست بەگفتوگۆ دەكەن

عیراق

01/01/2018‌ 1422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، كە بڕیار وایە ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆببنەوەو دەستپێكردنی دانوستانی نێوان ھەرێمی كوردستان‌و عێراق یەكلابكەنەوە.

پێگەكە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویشیكردەوە، كە بۆ دانوستان لەنێوان ھەرێم‌و عێراق ‌و تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوانیان، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق ھەوڵەكانی خستووەتەگەڕو لەگەڵ بڕیاربەدەستانی بەغداو هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

هەروەها ئەوەشی بڵاویكردووەتەوە، كە سەرۆك كۆماری رایگەیاند ئامانجی لێكنزیككردنەوەی حكومەتەكانی هەولێر‌و بەغدایە، تا پێكەوە كۆببنەوەو كێشە هەڵپەسێردراو و كەڵەكەبووەكانی نێوانیان چارە بكەن.

لەو بارەوە عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، كە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراقە رایگەیاندووە "دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك كۆماری عێراق ھەنگاوی باشی بڕیووە، لەگەڵ ھەموو لایەنەكان گفتوگۆی كردووەو زۆریش بەرەوپێش چووە".

عەبدوڵڵا عەلیئاوایی راشیگەیاندووە "بڕیاریش وایە لەھەفتەی دابێت ھەرسێ سەرۆكایەتی كۆمارو وەزیران‌و پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن‌و لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازی دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان ھەرێم‌و بەغدا بخرێتەڕوو."

لەپاش ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان لە ٢٥ـی مانگی ٩ـی ساڵی ڕابردوودا، پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا تا ئاستی پچڕان چوو، كە چەند ساڵێكیشە كێشە لەنێوانیان هەیەو كێشەكانیش بەردەوامە.

عەبدوڵڵا عەلیاوەیی پێیوایە، ھەفتەی دابێت گفتوگۆ لەنێوان ھەرێم‌و بەغدا دەستپێبكات‌و ئەوەشی راگەیاندووە "لەكۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆكایەتیش بڕیاری لەبارەوە دەدرێت‌و سەرۆكوەزیرانیش ئامادەیی حكومەتەكەی بۆ دانوستان رادەگەیەنێت".

عەلیاوەیی هەروەها رایگەیاند "پێویستە گفتوگۆ لەنێوان ھەردوو سەرۆكوەزیران بكرێت‌و ئەوان لیژنەی ھونەری ھاوبەش دروستبكەن، بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەربكرێن، چونكە  تەنیا بەبڕیاری سیاسی كێشەكان چارەسەر نابن‌و پێویستە بە شێوەی كرداری ئەو كارە بكرێت."

هـ ـ ح