كۆبوونەوە لەئاستی باڵا دەكرێت
هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح دەستپێشخەری بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان دەكات

کوردستان

01/01/2018‌ 7312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح دەستپێشخەری بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی فراوانی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان كردووەو بڕیارە لەو بارەشەوە كۆبوونەوە لەئاستی باڵا بكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، دەستپێشخەری كردووە، بۆ چەند لایەنێكی سیاسی، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن، بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، دەستپێشخەرییەكەی بەرهەم ساڵح بەدەمەوەهاتنی هەبووەو  بڕیارە لەرۆژانی داهاتوو لەو بارەوە كۆبوونەوە لەئاستی باڵا بكرێت‌و قسە لەسەر پێكهێنانی ئەو بەرەیە بكرێت.

لەو بارەوە رێبوار كەریم مەحمود وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراستی‌و دادپەروەری زانیارییەكانی بۆ شارپرێس پشتراستكردەوەو وتی: "چ لەلایەن ئێمەوە وەك هاوپەیمانی، چ لەلایەن چەند لایەن‌و كەسایەتییەكی تری سیاسی، دەستپێشخەری كراوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكرێت بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی فراوان".

رێبوار كەریم مەحمود لەلێدوانەكەی بۆ شارپرێس وتیشی: "لەو بارەوە هەنگاوی باش بڕواوەو بەدەمەوەهات لەچەند لایەنێك هەبووەو بڕیارە لەو بارەشەوە چەند كۆبوونەوەیەك بكرێت".

بەرمەم ساڵح، بەم دوایانە لەیەكێتی نیشتمانی كشایەوە، كە پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەبوو، ئێستاش قەوارەیەكی پێكهێناوە بەناوی هاوپەیمانی‌و دەیەوێت، بەو قەوارەیەو بەپێكهێنانی هاوپەیمانییەكی فراوان بەشداری هەڵبژاردن بكات.

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ئەوەشی پشتراستكردەوە، كە لایەنەكان چاوەڕێی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانن‌و دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان بڕیاری چۆنییەتی بەشداری هەڵبژاردن دەدەن، كە یەك لیستی بۆ چەند لایەنێك، ئەگەرێكی كراوەیە.

رێبوار كەریم مەحمود لەبارەی بەشداری لایەنەكانی دەسەڵات لەو هاوپەیمانییە، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی وتی: "هەوڵەكان بۆ سڕینەوەی هیچ لایەنێك نییە، چونكە لەناو ئەو لایەنانەش هەن هەوڵی چاكسازی دەدەن، كە ئامانجی سەرەكی هەوڵەكانی ئێمە ئەوەیە".

هـ ـ ح