فشارەكان بۆ سەر حیزبەكە چڕبووەتەوە
ئەگەری كشانەوەی یەكگرتوو لەحكومەتی هەرێم لاوازە

کوردستان

01/01/2018‌ 2234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەری كشانەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان لاوازەو بەو هۆیەشەوە فشارەكان بۆ سەر ئەو حیزبە چڕبوونەتەوە.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی 25ی مانگی رابردوو كۆبووەوەو چەند داواكارییەكی خستە بەردەم حكومەتی هەرێم، كە ئەگەر لەماوەی 20 رۆژ ئەو داواكارییانە جێبەجێنەكرێت، ئەوە لەحكومەت دەكشێنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی یەكگرتوو دراوە بەشارپرێس، ئەگەری كشانەوەی ئەو حیزبە، هەرچەند بەتەواوی یەكلانەبووەتەوە، بەڵام لاوازە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لەسەركردایەتی لەگەڵ كشانەوە نین.

هەر بەپێی زانیارییەكان، چەند رۆژێكە فشارەكان بۆ سەر یەكگرتووی ئیسلامی چڕبوونەتەوەو فشارەكانیش فشاری ناوخۆیی‌و دەرەكین، كە داوا لەو حیزبە دەكەن لەحكومەت بكشێتەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ناوخۆیی یەكگرتوو دەكرێت‌و لەو بارەوە بڕیار دەدرێت، كە كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەی بچووككراوەی سەركردایەتییە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی لەو بارەوە زانیارییەكانی بۆ شارپرێس پشتراستكردەوەو رایگەیاند، زۆربەی وەڵامەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی یەكگرتوو نەرێنی بووە، بۆیە ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوەو تاوتوێی پرسی كشانەوە دەكات.

ئەبوبەكر هەڵەدنی راشیگەیاند، هێشتا پرسی كشانەوە لەحكومەت، یان مانەوە لای ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو یەكلانەبووەتەوە، كە ئەو جەختیكردەوە، خۆی لەگەڵ ئەوەیە یەكگرتوو لەحكومەتی هەرێم بكشێتەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی خاوەنی 10 كورسی پەرلەمانییەو لەساڵی 2014 بەرێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكرات بەشداری كابینەی هەشتەمی حكومەتی كردو چوار وەزیری لەو كابینەیە وەرگرت.

هـ ـ ح