كەس حیساب بۆ كەس ناكات
كەركوك بووەتە پارێزگایەكی‌ بێ‌ خاوەن

عیراق

25/01/2018‌ 1130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ناكۆكییە سیاسییەكان لەسەر دوو پۆستی‌ پارێزگای‌ كەركوك بەجۆرێك قوڵبوونەتەوە، كە كاریگەری‌ تەواوی‌ لەسەر ژیانی‌ خەڵكی‌ پارێزگاكە هەیە، رۆژ بەرۆژ رووی‌ لەهەڵكشانەو ئاسۆی‌ چارەسەریش روون نییە.

ململانییەكان لەسەر پۆستی‌ پارێزگارو سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاری‌ كەركوك گەیشتووەتە ئاستێكی‌ بەرز، حیزب‌و پارتە سیاسییەكانی‌ كەركوك‌و ئەنجوومەنی‌ پارێزگا لەناكۆكییەكی‌ قووڵدان.

گردبونەوەی‌ عەرەبی‌ نوێنەرایەتی‌ زۆرینەی‌ پێكهاتەی‌ عەرەبەكانی‌ كەركوك دەكەن نایا‌نەوێت تاكو ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا ئەو پۆستە یەكلای‌ بكرێتەوە، بەڵام بەرەی‌ توركمانی‌ كە نوێنەری‌ زۆرینەی‌ توركمانەكانی‌ شارەكە دەكات رایەكی‌ تریان هەیە، ئەوان دەیانەوێت سەوداو مامەڵەیەك بكەن كە تیایدا پۆستی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك وەربگرن لەبەرمبەر ئەوەی‌ پۆستی‌ پارێزگار بدەنەوە بەكورد.

ناكۆكی‌ سەرەكی‌ لەسەر پۆستی‌ پارێزگاری‌ كەركوك ئەو كات سەری‌ هەڵدا كە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی‌ 2017 كەوتونەتەوە ژێر دەستی هێزە عێراقیەكانی‌ فیرقەی‌ ئاڵتوونی‌‌و بەرپەرچدانەوەی‌ خێراو حەشدی‌ شەعبی‌ ئەوەش دوای كشانەوەی پێشمەرگە، پارێزگاری‌ ئەو كات پۆستەكەی‌ بەجێ‌ هێشت‌و حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق، راكان سەعیدی‌ جێگری‌ كردەی‌ پارێزگاری‌ كەركوك بەوەكالەت.

محەمەد خزر جبوری‌ ئەندامی‌ گردبونەوەی‌ عەرەبی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش" وت "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین پۆستەكانی‌ شارەكە بەنەتەوەیی‌‌و مەزهەبی‌ بكرێت، چەندین ساڵە ئەو پۆستە لەلایەن كوردەوە بەرێوەدەبرێت، ئێستاش ئاساییە نەتەوەی‌ كوردیش قبوڵی‌ بێت پۆستی‌ پارێزگار لای‌ نەتەوەیەكی‌ دیكە بێت".

پۆستی‌ پارێزگار كەركوك بەر لە 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ رابردوو لەپشكی‌ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، ئێستاش ئەو حزبە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنێتەوە، لەهەواڵدایە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای‌ كەركوك ئەنجام بدرێت كە تیایدا پێكهاتەو لایەنەكان كۆبكاتەوە، بەڵام ئەمە یەكێكە لەكارە زۆر ئاستەمەكان.

ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لەلیستی برایەتی زۆرینە كورد، هەروەها 9 ئەندامی‌ توركمان بەهەردوو مەزهەبی شیعەو سوننەو 6 ئەندامی‌ پێكهاتەی‌ عەرەبە، هەریەك لەم هێزانەش لەناو خۆیاندا ناتەبان، بۆ نموونە لیستە كوردییەكە لەیەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ پێكهاتووە كە ئەمان بیروبۆچوینیان لەسەر پۆستی‌ پارێزگار جیاوازە، دوو پێكهاتەی توركمانی لەمەزهەبی‌ شیعەو سوننە لەئەنجومەنەكەدا هەن كە ئەمانیش رایان جیاوازە، هەرچی‌ لیستی‌ گردبونەوەی‌ عەرەبییە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ ئەندامەكانی‌ لەژێر یەك لیستدا كۆبوونەتەوە، بەڵام‌ كەمجار روویداوە لەسەر پرسەكانی‌ شارەكە كۆك بن.

ئاسۆ مامەند ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌و بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێمە كەركوك ناكەینە قوربانی‌ هیچ كەسێك لەبەرئەوە بۆ ئێمە كەس گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە ئەو پۆستە كورد بەدەستی‌ بهێنێتەوە ئەمەش وایكردوە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ ئەوەی‌ كۆبونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی‌ بەپاساوی‌ داگیركاری‌ شارەكە ئامادەنین بێنەوە هۆڵی‌ كۆبونەوەی‌ ئەنجومەن‌و ئەو پۆستە یەكلای‌ بكەنەوە."

ئاماژەی‌ بەوەشكرد "بەدانانی‌ پارێزگارێك كە بروای‌ بەپێكەوەژیانی‌ نێوان پێكهاتەكان هەبێت دڵنیایی دەگەرێتەوە بۆ دانیشتوانی‌ شارەكەو هەموو ئەو كەسانەش كە سەردانی‌ كەركوكیش دەكەن."

حكومەتی‌ عێراق بەرەسمی‌ نەجمەدین كەریمی‌ لەپۆستی‌ پارێزگار لابردووە، زۆرینەی‌ سەركردەكانی‌ حیزبەكەی‌ خۆیشی‌ ناكۆكی‌ قوڵیان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام تائێستاش نەجمەدین كەریم هەر خۆی‌ بەپارێزگاری‌ كەركوك دەناسێنێت، هەرچەندە سێ‌ مانگە نەیتوانیوە بچێتەوە شارەكەی‌.

د.نەجمەدین كەریم كە ئێستا لەهاوینەهەواری‌ سەلاحەدین لەپارێزگای‌ هەولێر نیشتەجێیە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا كەركوك داگیركراوەو كەسێك بەزۆرەملێ‌ كراوە بەپارێزگار كە ئەمەش پێچەوانەی‌ بنەما یاساییەكانە، لەبەرئەوە بەپێی‌‌ هەموو بنەما دەستوورییەكان من پارێزگاری‌ یاسایی كەركوكم بەتایبەت كە بەدەنگی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا كراوم بەپارێزگار."

لەناو یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستاندا دەنگۆی‌ ئەوەیە هەیە كە خالید شوانی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ ئەو حیزبەو پەرلەمانتاری‌ پێشووی‌ عێراق بۆ پۆستی‌ پارێزگار پاڵێوراوە، بەڵام پێش هەموو شت ناكۆكی‌ نێوان لیستی‌ برایەتی‌ (لیستە كوردییە) رێگرە لەیەكلابوونەوەی‌ پۆستەكە.

ئێستا یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ دەیانەوێت كۆبوونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بكرێت، بەڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەو كۆبوونەوەیە رازی‌ نییە.

كامەران كەركوكی‌ ئەندامی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەلیستی‌ برایەتی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر حكومەتی‌ عێراقی‌ پێشمەرگەو ئاسایشی‌ قبوڵ نییە ئێمە فیرقەی‌ ئاڵتوونی‌‌و پۆلیسی‌ ئیتحادیمان قبوڵ نییە لەبەرئەوە چارەسەر بۆ دۆسیەی‌ ئەمنی‌‌و گەرانەوەی‌ ئەندامانی‌ پارتی‌ بۆ كۆبونەوەكانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا ئەوەیە دۆسیەی‌ ئەمنی‌ كەركوك رادەستی‌ پۆلیس بكرێت‌و هێزەكانی‌ دیكە لەشارەكە بكشێنەوە."

دەشڵێت "تا دۆخی‌ كەركوك نەگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ 2017 ئێمە ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك".

كێشەی‌ هەرە سەرەكی‌ لەرووی‌ سیاسییەوە جگە لەپۆستی‌ پارێزگاری‌ كەركوك، پۆستی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوكیشە، ململانێی‌ سەرەكیش بۆ یەكلایی‌ ‌بوونەوەی‌ پۆستی‌ سەرۆكی ئەنجومەن هیچی‌ كەمتر نییە لەپۆستی‌ پارێزگار، ئەوەش كاتێك سەریهەڵدا كە حەسەن تۆران سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا لەنیسانی‌ ساڵی‌ 2014 بوو بەپەرلەمانتاری‌ عێراق‌و رێبوار تاڵەبانی‌ جێگری‌ بەوەكالەت پۆستەكەی‌ بەرێوەدەبرد، لەو كاتەوە نە كورد ئامادەبوو لایەنگری‌ كاندیدێكی‌ توركمان بكات بۆ پۆستی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەن‌و‌ نە لیستی‌ بەرەی‌ توركمانیش خاوەنی‌ كاندیدێكی‌ هاوبەش بوون بۆ سەرۆكی‌ ئەنجومەن.

نەجات حوسێن، ئەندامی بەرەی‌ توركمانی لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت "بەپێی مادەی 23ی هەڵبژاردنی پارێزگاكان پۆستی پارێزگار مافی گەورەترین لیستە كە لیستی برایەتییە، لیستی‌ دووەم مافی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ هەیە كە بەرەی‌ توركمانیە، سەرەتا كار بەو مادە دەستووریە كرا، بەڵام دوای‌ ئەوەی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەن بوو بەپەرلەمانتار لەلایەن كوردەكانەوە ئەو مادە دەستوورییە پێشیلكراو ئامادەنەبوون ئەو پۆستە بدرێتەوە بە توركمان".

بەڵام جەمال مەولود ئەندامی‌ لیستی‌ برایەتی‌ كەركوك رەیتدەكانەوە ئەوان هۆكاربووبن‌و دەڵێت "پێكهاتەی‌ شیعەو سوونەی‌ توركمان بۆچوونیان زۆر جیاوازە لەسەر بەرێوەبردنی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەن‌و ئەوەش وایكردووە سێ‌ كاندیدیان بەناوەكانی‌ تەحسین كەهیەو عەلی‌ مەهدی‌‌و نەجات حسێن هەبێت‌ بۆ پۆسی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك".

ئێستا كەركوك وەك پارێزگایەكی‌ بێ‌ خاوەن وایەو كەس كاغەزی‌ دەستی‌ كەس ناخوێنێتەوە، ئەمەش وەك هاوڵاتیانی‌ شارەكە دەڵێن رەنگدانەوەی‌ روونی‌ هەبووە بەسەر فەرمانگە ئەمنی‌‌و خزمەتگوزارییەكانەوە، چونكە ئاستی‌ خزمەتگوزاری‌ لەپارێزگاكە ئێجگار هاتووەتە خوارەوەو لەرووی‌ ئەمنیشەوە حاڵەتەكانی‌ كوشتن‌و رفاندن‌و دزیكردن زیادكردووە.