دیموكراسی‌ لەسایەی‌ تفەنگدا
دەیان گروپی‌ چەكدار بەشداری‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق دەكەن

عیراق

27/01/2018‌ 963 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەو گرووپە چەكدارانەی لەدژی داعش جەنگان، چەكەكانیان خستە لاوە‌و سەركردەكانیشیان بەرگی سەربازییان لەبەر داكەند وەك ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و پارێزگاكان.

تێكەڵبوونی‌ سەركردە سەربازییەكان بەپرۆسەی‌ سیاسی‌ پرسیار لەبارەی كارایی هەڵبژاردنەكان دەوروژێنێت كە گرنگترین هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی رێچكەی وڵات لەدوای قۆناغی داعش.

لە شاری بەسرە لەوپەڕی باشووری وڵات كۆمەڵێك جەنگاوەری "فیرقەی عەباس" بەوریایی گوێیان بۆ قسەكانی مەیسەم زەیدی فەرماندەیان راگرتووە كە دەڵێت: "ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەین‌و هیچ حزبێكی سیاسی نوێنەرایەتیمان ناكات‌و راتان دەسپێرین كە باشترین كەس هەڵبژێرن لەڕووی لێهاتوویی‌و پیشەییەوە، قەدەغەیە بانگەشە بۆ هیچ حزبێك بكەن، هۆشداریش دەدەینە كاندیدانی هەڵبژاردن كە ناو‌و وێنەی شەهیدەكانمان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەكار نەهێنن".

"فیرقەی شەڕكەری عەباس" یەكێكە لەو گرووپە چەكدارانەی بەڕەسمی بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردندا راگەیاندووە، وەك ملكەچبوونێك بۆ قسەی دامەزرێنەرەكەی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە كە بەهیچ جۆرێك رازی نییە بەشداری لە سیاسەتدا بكات، بەڵام زیاتر لە 20 گرووپی دیكە بڕیاریان داوە بەشداری لە هەلًَبژاردندا بكەن‌و تێكەڵی هاوپەیمانییەكانی هەڵبژاردنیش بوون.

هەفتەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لیستی كۆتایی ئەو حزب‌و لایەنە سیاسیانەی راگەیاند كە ناویان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن تۆماركردووە، لەوانەش دەیان گرووپی چەكداری شیعە كە چوونەتە هاوپەیمانییە سیاسییە دژبەیەكەكانەوە، چونكە ئەو شەڕانە لە بەرەكاندا یەكیخستبوون‌و سیاسیەت لێكی جیاكردنەوە، ئەمڕۆش ترسە زۆرەكە لەوەیە هەژموونی خۆیان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دروست بكەن.

یاسای حزبەكان لە عێراق كە پەرلەمان لە ساڵی 2015 پەسەندی كرد، بەشداریكردنی گرووپە چەكدارەكان لە هەڵبژاردندا قەدەغە دەكات‌و ماددەی 8ی كە پەیوەندیدارە بە مەرجەكانی دامەزراندنی حزبەكان، دەڵێت: "نا بێت دامەزراندنی حزب‌و كاركردنی لە شێوەی رێكخراوی سەربازی یاخود نیمچە سەربازیدا بێت، هەروەك نابێت پەیوەندیان بە هیچ هێزێكی چەكدارەوە هەبێت".

بەڵام گرووپە چەكدارەكان توانیویانە حزب بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا دابمەزرێنن، ئەویش دوای ئەوەی سەركردەكانیان رایانگەیاند جەنگاوەرەكانیان دەخەنە ژێر فەرمانی "دەستەی حەشدی شەعبی" سەر بە حكومەت، بەڵام لە واقیعدا هێشتا جەنگاوەرانیان پەیوەستن بە فەرمانی سەركردەی گرووپەكانەوە‌و بە دەیان نووسینگەی ئەو گرووپانە لە هەموو پارێزگاكاندا لەنێو دانیشتوواندا بڵاوبوونەتەوە.

چەند مانگێكە مشتومڕ لەناوخۆی وڵاتدا لەسەر ئایندەی گرووپە شیعەكانە‌و چەندین هەوڵی حكومی بۆ تێكەڵكردنیان بە سوپا‌و پۆلیس شكستیان هێناوە بەهۆی ئارەزووی سەركردەی گرووپەكان بۆ مانەوە وەك هێزێكی سەربەخۆ، بەڵام خواستی سیاسی ئەم دواییەیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا مشتومڕی لەنێو عێراقییەكاندا هێناوەتە ئاراوە، سیاسییەكانیش چەند پێشنیارێكیان لەو بارەیەوە پێشكەش كردووە.

عەباس بەیاتی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمان بە "نیقاش"ی وت: "حەشدی شەعبی هێزێكی ئەمنی عێراقی شەرعیە‌و سێیەم هێزی وڵات پێكدەهێنێت لە دوای سوپا‌و پۆلیسەوە، قبوڵی ناكەین دەستدرێژی بكرێتەسەر، بەڵام ئەم هێزە پێویستی بە رێكخستن‌و دوورخستنەوە هەیە لە حزبەكان‌و كاری سیاسی بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمان لەبارەی حەشدی شەعبیەوە دەریكردووە".

بەڵام ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی كردووە سەبارەت بە دانانی "حەشدی شەعبی" بە دامەزراوەیەكی رەسمی، وردەكاری گرنگی لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنیەوە روون نەكردووەتەوە، ئەوەش وای كردووە چەند پەرلەمانتارێك داوای كاراكردن‌و هەمواركردنی یاساكە بكەن، حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری لەپەرلەمانیش داوای كردووە نووسینگەی گرووپە چەكدارەكان ببرێنە دەرەوەی شارەكان، بەڵام ئەوەش رووی نەدا.

لە تشرینی دووەمی رابردوودا 10 گرووپی چەكدار پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سیاسییان بەناوی "موجاهیدین" بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن راگەیاند، بەڵام دوای قسەیەكی توندی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە لە 15ی كانونی یەكەمی رابردوو سەبارەت بە بەشدارینەكردنی گرووپەكان لە هەڵبژاردندا، سەركردەی چەند گرووپێك لەوانە هادی عامری سەركردەی رێكخراوی "بەدر"‌و قەیس خەزعەلی سەركردەی "عەسائیب ئەهلل حەق" رایانگەیاند جەنگاوەرانیان دەخەنە ژێر دەسەڵاتی حكومەتەوە، بەڵام لە راستیدا هەموو جەنگاوەرانیان نا، تا ئێستاش هیچ گرووپێك رادەستكردنی چەكەكانی بە دەوڵەت رانەگەیاندووە.

هاوپەیمانی "موجاهیدین" لە میدیادا دیار نەما، بەڵام هەفتەی رابردوو لەژێر ناوێكی نوێدا جارێكی دیكە گەڕایەوە ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا بەناوی "فەتح" بە سەركردایەتی هادی عامری، هەمان شت بەسەر گرووپەكانی دیكەشدا روویدا وەكو "سەرایا سەلام"‌و گرووپەكانی سەر بە "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی" كە هەموویان لە كێبڕكێدان بۆ هەڵبژاردن.

پەرلەمانتارانی سوننە زۆر باوەڕیان بە لێدوانی گرووپەكان سەبارەت بە دەستبەرداربوونیان لە چەك نەهێنا‌و حزبە سوننەكانیش دووشەممەی رابردوو لە دانیشتنی پەرلەماندا پێشنیاریان كرد بڕگەیەكی نوێ بۆ یاسای هەڵبژاردن ناوپێچ بكرێت كە حكومەت پابەند بكات بەوەی "ئەو حزبانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن باڵی سەربازیان نەبێت‌و لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن تا رۆژی دەنگدان چەك قەدەغە بكرێت"، بەڵام چەند حزبێكی شیعە تێبینیان لەسەر هەبوو.

ئەو گرووپە شیعانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن دوو بەشن، یەكەمیان ئەوانەن كە لە ئێرانەوە نزیكن‌و دڵسۆزی ئاینیان بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێرانە‌و تائێستاش جەنگاوەریان لە سوریا هەیە، دووەمیشیان ئەوانەن كە سەر حزب‌و بزووتنەوە سیاسییە شیعەكانن‌و دوورن لە ئێرانەوە، هەرچی گرووپەكانی سەر بە سیستانیشە ئەوا تەنیا ئەوانن كە رایانگەیاندووە بە هیچ شێوەیەك بەشداری هەڵبژاردن ناكەن.

هاوپەیمانی فەتح
هەموو گرووپەكانی نزیك لە ئێران چوونە ژێر سایەی هاوپەیمانی "فەتح" بە سەركردایەتی هادی عامری كە 18 پێكهاتەی سیاسی لەخۆدەگرێت‌و زۆرینەیان ناوی نوێ‌و جیاوازن لەوانەی لەكاتی شەڕەكانی دژ بە داعش پێی ناسرابوون.

بۆ نموونە "بزووتنەوەی راستگۆیی‌و وەفا" رووكاری سیاسی گرووپی "ئەنساروڵڵا ئەلئەوفیا"یە‌و "بزووتنەوەی ئیسلامی" رووكاری سیاسی "كەتائیب ئیمام عەلی"یە‌و بزووتنەوەی "سادیقون" رووكاری سیاسی "عەسائیب ئەهلل حەق"ە‌و كوتلەی "مونتەسیرون" رووكاری سیاسی "كەتائیب سەیدولشوهەدا"یە‌و حزبی "تەڵیعە"ش رووكاری سیاسی "سەرایا خوراسانی"یە، ئەمە جگە لە "حزبوڵڵای عێراق" كە ناوەكەی نەگۆڕیوە.

چەند جیاوازییەكی فیكریش لەنێوان ئەو گرووپانە‌و گرووپەكانی دیكەدا هەیە كە دیارترینیان دڵسۆزی ئاینیە بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێران، هەروەك عێراق‌و سوریا بە یەك بەرە دادەنێن‌و خۆیان دەخەنە چوارچێوەی ئەوەی بە "میحوەری مقاوەمە" ناسراوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بیروڕای سیاسی توندیشیان بەرامبەر بە كورد هەیە‌و نزیكبوونەوەی دیپلۆماسی ئەم دواییەی نێوان عێراق‌و دەوڵەتانی كەنداو بەتایبەتیش سعودیە رەتدەكەنەوە.

ئەو هێزانە لەبەر سنوورداری شارەزایی سیاسیان هاوپەیمانییەكی جێمشتومڕیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بەست بۆ سوودوەرگرتن لەو پێگەی جەماوەرییەی عەبادی هەیەتی، لە بەرامبەریشدا عەبادی هەوڵی دا بەو هاوپەیمانییە سوود لە هەژموون‌و پێگەی جەماوەری ئەو گرووپانە وەربگرێت، بەڵام دوای كاردانەوە جەماوەرییە نەرێنییەكان، هاوپەیمانییەكە هەر زوو هەرەسی هێنا.

سەدر‌و حەكیم
موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر‌و عەممار حەكیم سەركردەی رەوتی "حیكمە" نوێنەرایەتی نەوەی گەنجی سیاسی شیعە دەكەن، چونكە ئەو دوو پیاوە كە پێكەوە هاوپەیمانییان بەست تا رێ لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بگرن لەساڵی 2014دا ویلایەتی سێیەم بەدەست نەهێنێت، رێچكەیەكی سیاسی نیشتمانیان گرتووە دوور لە هەژموونی ئێران، دوای هێرشی توندڕەوانیش لە عێراق هەردووكیان ناچاربوون گرووپی چەكدار پێكبهێنن لەپاڵ ئەو گرووپانەی دیكەدا  كە جەماوەرێكی زۆریان كۆكردووەتەوە.

رەوتی سەدر كە گرووپی "سەرایا سەلام"ی هەیە، بڕیاری دا دوور لە حزبە شیعەكانی دیكە هاوپەیمانییەك بەناوی "سائیرون" پێكبهێنێت، ئەو هاوپەیمانییە حزبی شیوعیش لەخۆدەگرێت بەوەش ئەو هاوكاریەی نێوان هەردوولای پتەوتر كرد كە لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان لەساڵی 2015وە دەستی پێكرد كاتێك شوێنكەوتووانی رەوتی سەدر چوونە پاڵ خۆپیشاندەرانی حزبی شیوعی‌و رەوتی مەدەنی.

هەرچی حەكیمیشە كە بە سیاسەتی‌ ئەزمونكردن ناسراوە، بڕیاری دا لەگەڵ عەبادی هاوپەیمانی ببەستێت بۆ سوودوەرگرتن لە جەماوەرەكەی لەجیاتی ئەوەی سەركێشی بكات‌و بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردندا بكات  ئەویش دوای كشانەوەی لە "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی" كە گرێدراوی خانەوادەی حەكیم بوو.

كێ بێلایەنكردنی چەك مسۆگەر دەكات؟
لە 16ی ئەم مانگەدا "كەتائیب حزبوڵڵا" پلانێكی هاوبەشی لەگەڵ سوپای سوریا راگەیاند بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەسەر سنوور لەگەڵ عێراق بۆ رێگرتن لە بوونی ئەمریكا، هاوكات ئەو گرووپە بەناوی "حزبوڵڵای عێراق" بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكات.

دوای دوو رۆژ لەوەی كە قەیس خەزعەلی رایگەیاند جەنگاوەرەكانی دەخاتە ژێر فەرمانی حكومەتی عێراقەوە، بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لەسەر سنووری نێوان باشووری لوبنان‌و ئیسرائیل دەركەوت‌و لەبارەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل وتی: "گرووپەكانی مقاوەمە لە سەر سنوور لەگەڵ ئیسرائیلەوە ئامادەیی رادەگەیەنن بۆ پشتیوانیكردنی گەلی لوبنان‌و فەلەستین لەدژی داگیركاری ئیسرائیل".

گرووپی "سەرایا خۆراسانی" یەكێكە لەو گرووپانەی فەرماندەیەك لە "سوپای پاسدارانی ئێران" پێكیهێناوە، عەباس محەمەداوی كە یەكێكە لە لە ئەندامەكانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "نیقاش" وتی: "جیاوازی هەیە لەنێوان "حەشدی شەعبی"‌و گرووپەكانی مقاوەمە، یەكەمیان تەنیا لە عێراق دەجەنگێت‌و لەژێر سەركردایەتی حكومەتی عێراقدا، بەڵام دووەمیان ئامانجی گەورەتری هەیە، چونكە ئێمە لە هەر ناوچەیەكدا دەجەنگین تیرۆریستانی لێبێت لە سوریا‌و شوێنەكانی تر".

هەموو ئەوانە ترسی ئەوەی دروستكردووە كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران پێكدادانی چەكداری یان كاریگەری دروستكردن لەسەر دەنگدەرانی لێبكەوێتەوە لەڕێی نووسینگەكانیانەوە كە لە ناو گەڕەكە پڕ لە دانیشتووانەكاندا بڵاوبوونەتەوە، حكومەتیش ئاڵنگاریەكی گەورەی لەبەردەمدایە لە رێكخستنی سەختترین هەڵبژاردن بە شێوەیەكی ئاشتیانە‌و رێگرتن لەوەی ململانێی سیاسی لەڕێی تفەنگەوە بكرێت نەك سندوقی هەڵبژاردن.