دەرگایەكی‌ دیكە دەكاتەوە
ئێران كێبڕكێی وڵاتانی كەنداو لەعێراقدا دەكات

عیراق

23/02/2018‌ 2151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئێران دەیەوێت لەرێی‌ كرانەوەیەكی‌ سنووردارەوە دەرگایەكی‌ دیكە بۆ عێراقییەكان بكاتەوەو ئەو وڵاتە زیاتر لەئامێزی‌ خۆی‌ نزیكبكاتەوە.

ئێران ڤیزەی چوونە ناوەوەی لەسەر ئەو عێراقییانە هەڵگرت، كە خوازیارن سەردانی هەردوو شاری عەبادان‌و محەمەرە – خوڕەمشەهر – بكەن بەڕێگای وشكانی یان ئاسمانی یاخود دەریایی، ئەویش هەڵگرتنێكی سنووردارە، چونكە ڤیزەی لەسەر ئەو كەسانە هەڵنەگرتووە كە سەفەر بۆ شارەكانی دیكەی دەكەن.

هەنگاوی رێگەدان بە عێراقییەكان تا بەبێ ڤیزە بچنە ئێران كاردانەوەی عێراقییەكانی لێكەوتەوە، هەندێك پێشوازیان لێكرد‌و هەندێكی دیكەش بەرهەڵستیان كرد. لە كاتێكدا پێشتر هاووڵاتیانی پارێزگاكانی باشوور بەلێشاو دەچوونە شارەكانی ئێران بۆ چارەسەر یان سەردانی مەزاری ئیمام رەزا لە شاری مەشهد یاخود بۆ مەبەستی بارزگانی.

هاووڵاتی محەمەد مەرهون – بزنسمان – دەڵێت: "ئەو هەنگاوە جموجوڵەكانمان بۆ كاری پیشەسازی‌و بازرگانی ئاسان دەكات. خانوویەك‌و شوققەیەكم لە محەمەرە هەیە، زانراویشە كە كڕینی خانوبەرە‌و بنیاتنانی پرۆژە لە ئێران ئاڵۆزی رۆتینی تێدا نییە وەك لە عێراق رووبەڕووی دەبینەوە، تەنیا مەرجی ئەوە نەبێت كە خانوبەرەكە بكرێت بە ناوی هاوبەشێكی ئێرانییەوە".

مەرهون بە "نیقاش"ی وت: "عێراقییەكان وەبەرهێنانیان لە هەندێك موڵك‌و خانوبەرەدا كردووە‌و هەندێكیشیان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا یاخود پەرلەمانتارن، بەڵام حەز ناكەن ئاشكرای بكەن‌و بەرٍێوەبردنی موڵكەكانیان بۆ ئێرانییەكان بەجێدەهێڵن".

پێشتریش كونسوڵگەری ئێران لە بەسرە رایگەیاندبوو كە گەیشتوونەتە رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ رێگەدان بە هاتن‌و چوونی گەشتیارانی عێراقی‌و بیانی نیشتەجێی عێراق بۆ هەردوو ناوچەی عەبادان‌و خوڕەمشەهری ئێران بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزە هەبێت.

حاجی ئەحمەد سیاپۆش كونسوڵی ئێران لەبەسرە رایگەیاند بڕیاری هاتنەناوەوەی عێراقییەكان بۆ هەردوو ناوچەی عەبادان‌و خوڕەمشەهر بەركارە، هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وڵاتەكەی چاوەڕوانی رەزامەندی حكومەتی عێراقە تا دەست بە جێبەجێكردنی بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزە بە تەواوی بكرێت، روونیشیكردەوە ئێران لەلایەن خۆیەوە ئەو بڕیارەی داوە لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

محەمەد ئیسماعیل بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان لە كونسوڵگەری ئێران لە بەسرە روونیكردەوە میكانیزمی چوونە ناوەوە بۆ ئەو دوو ناوچەیە چ بە رێگای ئاسمانی یان وشكانی یاخود دەریایی بێت بریتیە لە مۆركردنی پاسپۆرت لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، وتیشی: "رێگە دەدرێت بە كەسی هاتوو بۆ ماوەی مانگێك بمێنێتەوە، هەروەك رێگەی پێدەدرێت بچێتە مەشهەد یان هەر ناوچەیەكی دیكە پاش رێكخستنی كاروباری ڤیزە لەو بارەیەوە ئەویش لەڕێی چەند دەروازەیەكی دیاریكراو‌و تایبەت لە عەبادان‌و خوڕەمشەهر".

لەلایەن خۆیەوە جەبار ساعیدی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە وتی: "هەنگاوەكەی ئێران یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران لەنێوان هەردوو وڵاتدا كە سوودی بۆ هەردوو دەوڵەت دەبێت، ئێمەش جەختمان كردووەتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە بەدواداچوون بكرێت بۆ جێبەجێكردنی مەرجی پێویست لە مەسەلەی پاراستنی ئاسایش‌و كارگێڕی‌و رێگرتن لە هەر پێشێلكارییەك كە رەنگە لە دەروازە سنوورییەكان رووبدەن".

هەر لەو بارەیەوە عەلی یوسف بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بۆ "نیقاش"ی روونكردەوە كە دەستەی دەروازە سنوورییەكان بڕیاری داوە ماوەی چوونی ئەو گەشتیارانە دیاری بكات كە خوازیارن بەبێ ڤیزە سەردانی ناوچەی ئازاد لە عەبادان‌و خوڕەمشەهر بكەن كە لە دەروازەی شەلامچەوە دەبێت لە سەعات شەشی بەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە، ئەم بڕیارەش لەبەر ئەوەبوو كە دوای جێبەجێكردنی بڕیاری رێگەپێدانی هاووڵاتیانی عێراق بۆ گەشتكردن بۆ ئەو دوو شارە بەبێ ڤیزە، ژمارەی ئەو كەسانە زیادیكرد كە دەیانەوێت گەشت بكەن".

سەبارەت بە رێككەوتنە رەسمییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیش، پسپۆرانی ئابووری پێیان وایە هەڵگرتنی ڤیزە لە بەرژەوەندی لایەنی ئێرانیدا دەبێت كە كەڵكی زۆری لێ بینیوە‌و خۆی لە زیادبوونی فرۆشی بەرهەمە ناوخۆییەكانی بەعێراقییەكان دەبینێتەوە ئەویش لەبەر نزیكی سنووری نێوان هەردوو وڵات كە بوار بۆ هاووڵاتیانی عێراق دەڕخسێنێت لە شارەكانی ئێران كەلوپەل بكڕن.

د.نەبیل جەعفەر پسپۆری ئابووری پێیوایە "رێككەوتنەكە دەروازەیەكی دیكەیە بۆ بردنەدەرەوەی دراوی قورس لە عێراق‌و زیادبوونی ئارەزووی بەكاربردن لەلای هاووڵاتی عێراقی‌و دواتریش پێموانییە لایەنی ئەرێنی لە بەرژەوەندی ئابووری عێراق تێدا بێت، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەكەشی رووبدات‌و رێگە بدرێت بە هاتنی ئێرانییەكان بۆ شارەكانی عێراق بەبێ ڤیزە، ئەوا بەرهەمێكی ناوخۆیی لەبەردەستدا نییە تا بە لایەنی ئێرانی بفرۆشرێت بەوپێیەش تەنیا زەرەرمەند لەم پرۆسەیەدا ئابووری عێراقە".

ئەو بە "نیقاش"ی وت: "رەنگە هاووڵاتی عێراقی سوودمەند بێت لە چوونی بۆ محەمەرە یاخود عەبادان كە هەندێك كاڵای ئێرانی بە نرخێكی كەمتر لەوەی لە بازاڕەكانی عێراقدا هەیە دەستبكەوێت، دەستبكەوێت، بەڵام لە شیكردنەوەی  گشتیدا مەسەلەكە لە بەرژەوەندی عێراق نییە‌و هەمیشە تەرازووی بازرگانی لە عێراق بەراورد بە دەوڵەتانی دیكە لەبەرژەوەندی وڵاتەكەدا ناشكێتەوە".

پاساو بۆ ئەوەش دەهێنێتەوە‌و دەڵێت: "كێشەكە لە عێراقدا پەیكەرییە، چونكە بونیادی ئابووری عێراق بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە ئێمە ئابوورییەكی هەمەجۆرمان نییە وەك لە ئابووری ئێراندا هەیە، لەبەرئەوە دەبینین هەر ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی لەگەڵ ئێران یان توركیا یاخود سعودیە تەرازوویەكی یەكلایەنەیە بە ئاڕاستەی هاوردەكردن‌و هەناردەی عێراق بوونی نییە".

لەم چەند ساڵەی دواییدا تێبینی ئەوە كراوە ژمارەیەكی زۆری ئێرانی لە بۆنە ئایینیەكاندا دێنە خاكی عێراق، بەبێ ئەوەی ئەو كارە گەشەی پیشەسازی ناوخۆیی زیاتر بكات لەبەرامبەر ئەو كاڵا ئێرانی‌و توركی‌و چینییانەی بازاڕەكانیان پڕكردووە.

عەبدولساحب ساڵح سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كار لە بەسرە كۆكە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی ئێران زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی ئابووری دەكات‌و لەو بارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "ئێرانییەكان پێویستیان بە راكێشانی دراوی قورسە، بەكرداریش ژمارەی ئەو عێراقیانەی دەچنە خاكی ئێران لە نێوان (2000) بۆ (3000) كەسدایە لە رۆژێكدا بەتایبەتی ئەگەر وای دابنێین هەر عێراقییەك رۆژانە لە نێوان (100) دۆلار بۆ (500) دۆلار خەرج بكات".

ساڵح پێیوایە لایەنێكی دیكەی ئەم بابەتە رەنگە بەسوود بێت بۆ كرانەوەی دەوڵەتانی دراوسێ بەڕووی عێراقدا كە بەهۆی سیاسەتەكانی پێشووەوە گیرۆدەی گۆشەگیرییەكی دوور‌ودرێژ بووە‌و دەڵێت:"بۆیە دەكرێت هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر عێراقییەكان وەك پەیامێك بخوێندرێتەوە بۆ ئەو حكومەتە عەرەبییانەی بەربەست لەبەردەم چوونی عێراقییەكان بۆ وڵاتەكانیان دادەنێن‌و باجی زۆریان دەخەنە سەر، بۆ نموونە ڤیزەی چوونە ناو كوەیت لە بازاڕی رەشدا گەیشتووەتە (1800) دۆلار".

ئەحمەد فازڵ چالاكوانی مەدەنی كە پێشتر سەردانی محەمەرە‌و عەبادانی كردووە، بۆچوونێكی هاندەرانەی لەو بارەیەوە نییە‌و بە "نیقاش"ی وت:" لەمیانی سەردانەكەمدا هیچ شتێكی جیاوازم نەبینی، بەڵكو ئەو دوو شارە شاری هەژارن لەڕووی ئابوورییەوە‌و ناوەندی گەشتیاری سەرنجڕاكێشیان تێدا نییە، هەروەك مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دەروازەی سنووری شەلامچە لەگەڵ گەشتیارانی عێراقی شیاو نەبوو".

بەڵام تێبینی ئەوەشی كردووە كە "شارە سنوورییەكانی ئێران لە ئەنجامی زۆری گەشتیارانی عێراقیدا ئێستا بنیاتنانی هۆتێل‌و چێشتخانەی گەشتیاری نوێ بەخۆوە دەبینن، ئەوەش رەنگدانەوەی قەبارەی ئەو قازانجەیە كە ئێران دەستی دەكەوێت".

فازڵ هۆكاری هەڵگرتنی ڤیزە لەلایەن ئێران‌و هەوڵی گشتاندنی ئەو هەنگاوە بەسەر شارە سنوورییەكانی دیكەشدا دەگێڕێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كرانەوەی سعودیە بەڕووی عێراقدا بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی كۆمپانیاكانی بۆ بەسرە‌و نزیكبوونەوەی كردنەوەی كونسوڵگەرییەكەی لە دەوڵەمەندترین پارێزگادا لەڕووی ئابوورییەوە.