"یه‌كێتیتان تووشی‌ ئیحراجی‌ كردووه‌"
له‌كۆسره‌ت ره‌سول وه‌ڵامێكی‌ توند بۆ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

کوردستان

24/02/2018‌ 3215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆسرەت رەسول وەڵامی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە و جەخت لە بەستنی کۆنگرە لە زوترین کاردا دەکاتەوە و نامەکەی هێرۆخانیش بە کەڵەکەکردنی تۆمەتە ناوزەند دەکات.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی وەڵامی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداریت کە بەندە هەمووکات خاوەنی ڕای خۆم بووم تەنانەت لەحزووری مام جەلالیش هەمیشە هەڵوێستی خۆم راشکاوانە دەربڕیوە و هیچ کات سڵم لەهیچ جۆرە پەرچەکردارێکی ئەم و ئەو نەکردووەتەوە."

کۆسرەت رەسول ئاماژەی بەوەداوە "لەپاش نەخۆشکەوتنی مامیش زۆرجار گلەیی ئەوەمان لێکراوە کە بڕیارم نەداوە و دەسەڵاتەکانی خۆم بەکارنەهێناوە کە دیارە ئەوە لەبەر خاتری ئەوەبووە کێشەکان لەوەی هەیە زیاتر تەشەنە نەکەن و لێکترازانی زیاتر لەنێوانماندا ڕوونەدات".
لەنامەکەدا ئەوەش هاتووە "سەرباری سیاسەتە چەوتەکان ئێمە وەک هەمیشە و بەهەموو توانامانەوە پێداگری سەرسەختانە لە پێناوی پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناو هەڤاڵان و هەڵنەوەرینی ڕیزەکان و بوژانەوەی یەکێتی دەکەین".
کۆسرە رەسول ئەوەشی وتووە "حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە من زۆر باش لە ئەمانەتی مێژوویی سەرشانم تیدەگەم کە ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار تێکۆشەری گەلەکەمان و گیان بەختکردووی ڕێگای کوردایەتییە، هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەکییمان بووە لە وێستگە هەستیارەکانی ژیانی ڕێکخراوەیماندا لە ئاست سیاسەتە چەوتەکان بێدەنگیمان هەڵبژاردووە و تەحەمولی لە ڕادەبەرمان هەبووە".

لە کۆتایشدا کۆسرەت ڕەسول وتوشیەتی "من لەگەڵ بەستنی کۆنگرەم لەنزیکترین دەرفەتدا لەگەڵ دەربڕینی ڕاوسەرنجی تایبەتی خۆم کە ئایا چ کۆنگرەیەک ببەستین، کۆنگرەیەک کە زامنی پارێزەری ڕیزەکانی یەکێتی بێت نەک بە پێچەوانەکەی، و دەرەنجامەکەی بەرەو حیزبی بنەماڵەیی نەبات بەنزیکەکامی خۆشمەوە، بە ڕاستی یەکێتی بکاتەوە بە حزبی شەهیدان و کۆنگرەیەک کە یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتییەکەی هەمووان نەک یەکێتییەکی قۆرخکراو لەلایەن دەستەو تاقمێکی دیاریکراوەوە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نامەیەك ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كردووە کرد كە تێدا هاتووە، ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بۆ بڕیاردان لەچەسپاندنی رۆژی كۆنگرە بووەتە مایەی نیگەرانی خۆم‌و هەموو جەماوەری یەكێتی و هەروەها هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەنامەكەدا راشیگەیاندووە "من بۆ دواجار وەك خوشكێك داوات لێدەكەم، كە بەزووترین كات ئەو كۆبوونەوەیە سازبكرێت بۆ ئەوەی، كە جەماوەری یەكێتی لەم دڵەڕاوكێ‌و چاوەڕوانییە نەجاتی بێت، كە ئەوەش بەتەنیا داواكاری من نییە، بەڵكو هی هەموو ئۆرگان‌و مەكتەب‌و كادرو ئەندام‌و لایەنگرانی یەكێتییە.

دەقی نامەکەی کۆسرەت رەسول

خوشکی بەڕێز هێرۆ خان
پاش رێز و سڵاو

دوێنێ نامەکەتم وەرگرت، هەر لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەیدا هەستم کرد زۆرتر بۆ بڵاوکردنەوە نووسراوە، بۆ کەڵەکەکردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەکێتی نووسراو، نەک بۆ چارەسەرکردنی وەزعی پەرێشانی یەکێتی و جەماوەری گەلەکەمان".

تۆ لە هەموو کەس ئاگادارتری کە بەندە هەموو کات خاوەنی رای خۆم بووم، تەنانەت لە حزووری مام جەلالیشدا هەمیشە هەڵوێستی خۆم راشکاوانە دەربڕیوە، هیچ کات سڵم لە هیچ پەرچەکردارێکی ئەم و ئەو نەکردووەتەوە. هەمووان لەم راستییە ئاگادارن کاتێ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا کاک نەوشیروانی رەحمەتی، هاوڕێی 40 ساڵەی خەباتی مام جەلال وازیلێهێناین، ئەو کاتە ئێمە بۆچوونی خۆمان بەڕوونی خستەڕوو، کە لەگەڵ رەنجدانی خۆی و هاوڕێکانی نەبووم. 

لە پاش نەخۆشکەوتنی مامیش زۆر جار گلەیی ئەوەمان لێکراوە لە بڕیارمنەداوە و دەسەڵاتەکانی خۆمم بەکارنەهێناوە، دیارە ئەوەش تەنیا بۆ خاتری ئەوە بووە کێشەکان لەوەی کە هەیە زیاتر تەشەنە نەکەن و لێکترازانی زیاتر روونەدات.

بەداخەوە تۆ خۆت و کەسوکارەکەت بەبێ گوێدانە مێژووی یەکێتی و بێ حیسابکردن بۆ پێگەی مام جەلال و خەباتی هاوڕێکانی بە رێکەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ ئەملاو ئەولادا، یەکێتی-تان دووچاری کۆمەڵێک هەڵەی سیاسی حیزبی و نەتەوەیش کردووەتەوە، ئیحراجییەکی مێژوویی یەکجار گەورەشتان لەبەردەم خەڵک و جەماوەرەکەیدا بۆ دروستکردووە.

سەبارەت بە ئەرکی مێژووی سەرشانی خۆشم دەتوانم بە شانازییەوە ئەوە بڵێم، کە ئەوە ئێمەین پارێزەری راستەقینەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالین: 

* ئێمە نەبووین کە کاک نەوشیروان و هەڤاڵەکانیمان لە یەکێتی بێ ئومێد کرد.
* وەدەرنانین چەندین هەڤاڵی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و دەیان کادیری تێکۆشەری تری یەکێتی، کە ئێستا لە دەرەوەی یەکێتین، لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە لە دەرەوەی ئۆرگانە شەرعییەکان زۆر بە ناحەق کار و رەفتاری وەڕەسکەرانەیان بەرامبەر کردوون.

ئێستاش لە ئەنجامی درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی چەوتانەدا کارێکتان کرد کە هەڤاڵ جێگری دووەمی سکرتێری گشتی حیزبەکەمان ناچار بە جیاکردنەوەی لیستی هەڵبژاردن کردووە، کە وا پێدەچێ ئێوە بەوەشەوە نەوەستن و نیازتان بێت چەندین تێکۆشەری خاوەن ئەزموونی تری یەکێتییەکەمان ناچار بە دوورکەوتنەوە بکەن.

سەرباری هەموو ئەوانەش ئێمە وەک هەمیشە و بە هەموو توانامانەوە پێداگری سەرسەختانە لەپێناو پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناو هەڤاڵان و هەڵنەوەرینی ریزەکان و بوژاندنەوەی یەکێتی دەکەین.

حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کە من زۆر باش لە ئەمانەتی مێژوویی سەرشانی خۆم تێدەگەم، کە ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار تێکۆشەری گەلەکەمان و گیانبەختکردووی رێگای کوردایەتییە، هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەکیمان بووە کە لە وێستگە هەستیارەکانی ژیانی رێکخراوەیماندا لە ئاست سیاسەتە چەوتەکان بێدەنگیمان هەڵبژاردووە و تەحەموولی لە رادەبەدەرمان هەبووە. ئێستاش کە باس دێتە سەر باسی بەستنی کۆنگرە، بەداخەوە ئێوە وەک هەمیشە راو و بۆچوونەکانتان جێگر نین و لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا قسەیەک دەکەن و، لە دانیشتنە تایبەتەکانیشدا پێچەوانەی رای خۆتان دەوەستنەوە.

بەڵام کاتێ چارەنووسی یەکێتی دەبەسترێتەوە بە ئەنجامدانی کۆنگرە و بە حوکمی پێگەی سیاسی و حیزبیمان ئۆباڵە مێژووییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە، بۆیە پێمباشە لێرەدا زۆر راشکاوانە بڵێم "بەڵێ من لەگەڵ بەستنی کۆنگرەم لە نزیکترین دەرفەتدا". بەڵام لەگەڵ دەربڕینی را و سەرنجی خۆم کە ئایا چی جۆرە کۆنگرەیەک ببەستین:

1- کۆنگرەیەک زامنی پارێزەری ریزەکانی یەکێتی بێت  نەک پێچەوانەکەی.
2- کۆنگرەیەک دەرئەنجامی یەکێتییەکەمان بەرەو حیزبی بنەماڵەیی نەبات بە نزیکەکانی خۆشمەوە، وە بەراستی یەکێتی بکاتەوە بە حیزبی شەهیدان
3- کۆنگرەیەک یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتییەکەی هەمووان، نەک یەکێتییەکی قۆرخکراو لەلایەن دەستە و تاقمێکی دیاریکراوەوە.
4- کۆنگرەیەک کە ئاشتکەرەوەی کادیری و جەماوەرە زیز و توڕەکەی بێت و ببێتە هۆکاری سەرلەنوێ کۆکردنەوەی هەموو تواناکان.
5- کۆنگرەیەک کە داڕێژەری سیاسەتێکی نیشتمانیانەی شەفا و روون و یەکێتییانە بێت بۆ ئاییندەی گەلەکەمان.

کۆسرەت رەسول عەلی
24-2-2018  

هـ ـ ر