هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی یەكێتی بەبنبەست گەیشتوون
بەرهەم ساڵح ناگەڕێتەوەو نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم كاردانەوە بووەو كۆسرەت رەسوڵ-یش بۆ كۆنگرە مەرجی هەیە

کوردستان

27/02/2018‌ 6417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هونەر حەمەڕەشید
سەرجەم هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی بەبنبەست گەیشتوون، بەشێوەیەك بەرهەم ساڵح ناگەڕێتەوە ناو حیزبەكەو نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیش كاردانەوە بووەو كۆسرەت رەسوڵ-یش بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە مەرجی هەیە.

یەكێتی نیشتمانی چەند ساڵێكە كێشەی ناوخۆیی هەیەو كێشەكانیش بەردەوامی هەیە، كە ئەو كێشانە بووەتە رێگرییەك لەبەردەم ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی، كە دەبوو لەسەرەتای ساڵی 2014 ببەسرێت.

ماوەیەكە هەوڵەكان چڕكراوەتەوە، بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت، ئەوەش لەپێناوی چارەسەری كێشەكان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هەوڵەكان چارەسەری كێشەكانی نەكردووە، بەڵكو كێشەكانی قووڵكردووەتەوەو ئەنجامدانی كۆنگرەی ئەو حیزبەش بووەتە مەحاڵ.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی تایبەت دەست شارپرێس كەوتووە، ماوەیەكە چەند هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كێشەكانی یەكێتی بەرەو چارەسەری ببەن، كە لایەنی ئێرانیش رۆڵی لەو هەوڵانە هەیە، بەڵام سەرجەم هەوڵەكان سەرجەمیان بێئەنجامبوون‌و بەبنبەست گەیشتوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، رۆژی 22ی ئەو مانگە دانرابوو، بۆ ئەوەی تەواوی كێشەكان چارەسەربكرێت‌و رۆژی ئەنجامدانی كۆنگرە بەرێككەوتنی هەموو لایەنە ناكۆكەكان دیاریبكرێت، بەڵام ئەوەش شكستیهێناوەو ئێستا هەموو هەوڵەكان كۆتاییان هاتووە.

كێشەكانی یەكێتی، كە چەند ساڵێكە بەردەوامی هەیەو ئەو حیزبەی دابەشی چەند باڵ‌و ئاراستەیەك كردووە، تەناتەن لێكترازانیش لەناو ئەو حیزبە دروستبووە، بەشێوەیەك بەرهەم ساڵح، كە پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەبوو، لەو حیزبە جیابووەتەوەو ئێستا قەوارەیەكی سیاسی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری دروستكردووە.

هەوڵەكان بۆ گێڕانەوەی بەرهەم ساڵح..
لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی هەبوو، بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی رابردوو، ماڵباتی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، بەئاگاداری كۆسرەت رەسوڵ‌و مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئەنجامدا.

هەوڵەكان بەئامانجی ئەوە بووە، كە باوەڕ بە بەرهەم ساڵح بهێنن، بگەڕێتـەوە ناو یەكێتی نیشتمانی، چونكە هەموو لایەنەكان پێیانوایە، دەچوونی بەرهەم ساڵح لەو حیزبە زیانی زۆر لەیەكێتی دەدات، بەتایبەتی لەهەڵبژاردنەكان.

لەچوارچێوەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، پێشنیازی ئەوە بۆ ناوبراو كراوە، كە كۆتایی بەهاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بهێنێت‌و بگەڕێتەوە ناو یەكێتی، بۆ ئەوەش پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و سەرۆك كۆماری بۆ پێشنیازكراوە، ئەگەر ئەو پۆستە پشكی یەكێتی بێت لەدوای هەڵبژاردنەكان.

شارپرێس زانیوییەتی، كە بەرهەم ساڵح ئەو پێشنیازەی رەتكردووەتەوەو رایگەیاندووە، "ئەو بۆ پۆست یەكێتی جێنەهێشتووەو بۆ پۆستیش ناگەڕێتەوە بۆ ناو حیزبەكەو ئامادەش نییە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری هەڵبوەشێنێتەوە".

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ماڵباتی تاڵەبانی پێشنیازێكی تریان بۆ بەرهەم ساڵح كردووە، كە هاوپەیمانی هەڵنەوەشێنێتەوەو تەنیا لەو قەوارە نوێیە بێتە دەرەوەو كەسانی تر لەجێگەی ئەو سەرۆكایەتی بكەن، بەڵام بەرهەم ساڵح ئەوەشی رەتكردووەتەوە.

هەروەها بەرهەرم ساڵح، داوای كردووە، یەكێتی‌و ماڵباتی تاڵەبانی رۆڵی گەورە بگێڕن بۆ ئەوەی ئارامی ناوچەكە، بەتایبەت سلێمانی بپارێزن، چونكە ئەوان رێككەوتنیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەیەو دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكانیش ئەو رێككەوتنە زیندووبكرێتەوەو قەوارەی هاوپەیمانیش بچێـە ناو رێككەوتنەكە.

یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2015 رێككەوتنێكی سیاسییان واژووكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێككەوتنەكە جێبەجێنەكرا، ئێستا رێككەوتنەكە تاكلایەنانە لەلایەن گۆڕانەوە هەڵپەسێراوە، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی یەكێتی ئامادەنییە رێككەوتنەكە جێبەجێبكات.

هەروەها زانیارییەكان ئەوەش دەردەخەن، كە لەبەرانبەر رەتكردنەوەی پێشنیازەكان، ماڵباتی تاڵەبانی وەڵامیان بۆ بەرهەم ساڵح ئەوە بووە، كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك لەدوای هەڵبژاردنەكان هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بكەن.

نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كاردانەوە بووە..
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی شەممەی رابردوو نامەیەكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكەی كردو داوای لێكرد، كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بكرێت، بۆ ئەوەی رۆژی كۆنگرە دیاریبكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو نامەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كاردانەوە بووە بۆ رەتكردنەوەی پێشنیازەكانی ماڵباتی تاڵەبانی بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح‌و ویستوویەتی ئەو پەیامە بەكۆسرەت رەسوڵ بگەیەنێت، كە بەرهەم ساڵح ئامادەنییە بگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە بەبێ‌ ئەو كۆنگرە بكەن‌و كێشەكان چارەسەربكەن.

كۆسرەت رەسوڵ مەرجی هەیە..
هەمان رۆژ، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ كرد، ناوبراو بەنامەیەك وەڵامی دایەوەو نامەكەشی تاڕادەیەك تووندبوو، كە تێدا بەروونی رایگەیاند، ئەو ئامادەنییە كۆنگرەیەك بكات، "یەكێتی بەرەو حیزبی بنەماڵەیی ببات".

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ ئەو پەیامەی تێدا خراوەتەڕوو، كە ئەوان متمانەیان بەهەوڵەكانی ماڵباتی تاڵەبانی نییە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، كە بەشێكی زۆر لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی كۆنگرەكە "بەكۆنگرەی تەسفییەی خۆیان دەزانن".

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كۆسرەت رەسوڵ‌و ئەو سەركردایەنەی یەكێتی بەرمەرجێك كۆنگرە ئەنجامدەدەن، كە كۆنگرەكە نەبێتە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆریان پەراوێز بخرێن‌و دەسەڵاتی ماڵباتی تاڵەبانی زیاتر بێت.

 ئەوەی ماوەتەوە، ئەو پرسیارەیە، كە ئایا بە بنبەست گەیشتنی هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی یەكێتی، ئەو حیزبە بەرەو لێكترازانی تر نابات؟ كە ئەوەش ئەگەرێكەو بەشێكی زۆر لەچاودێرانی سیاسی هەرێم پێشبینییان كردووە.