ئاوارەی كامپەكان نێچیری ئاسانن
خێزانی‌ داعشییەكان بە بەرتیل ئیشیان رایی‌ دەكرێت

عیراق

03/03/2018‌ 1079 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سەدان خێزان لەپڕ خزێنرانە ئەو كامپانەی‌ بۆ خێزانی‌ داعشییەكان دروستكراون، ئێستا هەوڵدەدەن كارئاسانی بۆ ژیانی خۆیان بكەن لەڕێی كەسانێكی دەستڕۆیشتوو، كە پارەیان لێدەكێشنەوە.

ئاسان نییە بەنێو یەكێك لە دامەزراوە حكومییەكاندا بگەڕێیت بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامەیەك یاخود راییكردنی مامەڵەی ئەندامی یەكێك لە خێزانەكانی داعش، ئەویش بەهۆی ئەو نیشانە ئەمنییانەی لەكۆمپیوتەرە ناوەندییەكاندا لەسەریان دانراوە‌و بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە زۆربەی دامەزراوە حكومییەكاندا لەلایەن كەسانێكی رێگەپێدراوەوە كاریان لەسەر دەكرێت، تا كار گەیشتووەتە ئەوەی ئەو رێوشوێنانە بوونەتە پارێزەری ئارامی‌و هەموو ئەو دەروازانە دادەخەن كە ئەو خێزانانە یاخود نوێنەرەكانیان هەوڵدەدەن لێیانەوە بچنە دەرەوە.

بۆ خۆلادان لەو رێوشوێنە ئاڵۆز‌و هەندێك جار دروستكراوانەش، ئەو خێزانانە هەوڵ دەدەن هەمیشە بەدوای كەسانی خاوەن هەژموون‌و دەسەڵاتدا بگەڕێن تا لە بەرامبەر پارەیەكی زۆردا یارمەتیان بدەن لە تێپەڕاندنی هەندێك بەربەستدا كە زۆرجار بەربەستی یاسایین.

ئوم عەبدوڵڵا ناوی خوازراوی ژنێكە لە دەیەی پێنجەمی تەمەنیدایە‌و لە كامپی ئاوارەكانی تایبەت بە خێزانی داعشەكان لە عامرییەی فەلوجە (30 كم لە باشووری شاری فەلوجە) نیشتەجێیە، ئەو زیاتر لە ساڵێكە هەوڵی بینینی كوڕەكانی دەدات كە دوای ئازادكردنی شاری سەقڵاوییە (20 كم لە باكووری خۆرئاوای فەلوجە) دەستگیركراون.

ئوم عەبدوڵڵا قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "لەڕێی یەكێك لە شێخەكانەوە توانیم تەرمی مێردەكەم وەربگرمەوە كە لە زیندان كۆچی دوایی كردبوو، وامدەزانی ئەو شێخە خزمەتێكمان پێشكەش دەكات بەهۆكاری مرۆیی، بەڵام داوای بڕی 10 هەزار دۆلاری لێكردم لەبەرامبەر رادەستكردنەوەی تەرمەكەی، ئیتر لەو كاتەوە لە هەموو كێشەیەكدا پەنای بۆ دەبەم‌و لە بەرامبەر بڕێك پارەدا كە پێشتر لەسەری رێكدەكەوین، بۆم جێبەجێ دەكات، تائێستاش لە پەیوەندیدام لەگەڵی بۆ كوڕەكانم، چونكە زیاتر لە جارێك یارمەتیداوم لەڕێی تەلەفۆنەوە گوێم لە دەنگیان بێت لەبەرامبەر هەزار دۆلار بۆ هەر پەیوەندییەك".

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە نێچیرێكی ئاسانین‌و بە دڕندانەترین شێوە ئیستیغلال دەكرێین‌و تەنیا بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵكو سەری كێشاوە بۆ شتی زیاتر لەوەش، بۆیە سەیر نییە ئەگەر گێچەڵ بە هەندێك لە ژنان بكرێت لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتێكی دیاریكراودا، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە مافی ئەوەمان نییە قسە بكەین‌و ناكرێت ئێمە راست بین لەبەر ئەوەی خانەوادەی داعشەكانین وەك ناومان دەبرێت".

ئوم عەبدوڵڵا ئەوەشی وت:" تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ ئێمە بەم شێوەیە‌و قبوڵنەكردنی سكاڵامان یان كارلێكنەكردن لەگەڵمان، شتێكی لۆجیكیە بەهۆی ئەو تۆمەتەی بەزۆر پێمانەوە لكێندراوە، بەڵام لەبەرامبەردا ئەم كارە كەسانی نەفسنزمی هانداوە كە زیادەڕەوی بكەن لە ئیستیغلالكردنی ئەو خێزانانە تا ئەو رادەیەی هەندێك خێزان بوونەتە سەرچاوەیەكی دارایی جێگیر بۆ كەسانی دەستڕۆیشتوو".

كارێكی سەخت نییە كەسێك بدۆزیتەوە ئاسانكاری هەندێك رێوشوێن بگرێتە ئەستۆ ئیتر ئەو رێوشوێنانە ئەمنی بن یاخود یاسایی، بەتایبەتی كە ئەو كەسانە لەڕێی تۆڕێك لە دەڵاڵەكانەوە لە نێو ئەو خێزانانەدا بانگەشە بۆ كارەكەیان دەكەن.

خالید هیتی (35 ساڵ) یەكێكە لە دانیشتووانی فەلوجە‌و بەمدواییانە توانیویەتی كامپی تایبەت بە خێزانی داعشەكان بەجێبهێڵێت ئەویش دوای ئەوەی بێبەریبوونی لە براكانی لە نێو گرووپەكانی داعشدا راگەیاند كە هۆكاری نەهامەتییەكانی بوون لەنێو كامپەكەدا.

هیتی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زیاتر لە ساڵێكە هەوڵدەدەم بگەڕێمەوە بۆ نێو ئەو كۆمەڵگەیەی تێیدا پەروەردە بووم‌و گەورەبووم، بەڵام تا ماوەیەكی كەمیش بەر لە ئێستا ئەوە ئەركێكی ئەستەم بوو، چونكە ئەو پارەیەم نەبوو كە داوام لێدەكرا".

هەروەها دەڵێت: "لەڕێی هەندێك لەناسیاوانەوە توانیم بگەمە یەكێك لەو كەسایەتیانەی لەبەرامبەر بڕێك پارە یارمەتیدام، رەنگە ئەو بڕە پارەیەش زۆر نەبێت بەراورد بەو بڕە پارانەی لەناو كامپەكەدا شتیان لەبارەوە دەبیستین، ئەو كەسانەش كە پارەیان نییە ناتوانن كامپەكە بەجێبهێڵن‌و مامەڵەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەگەر ئاسانیش بن".

تێبینیكردنی ئەم دیاردەیە پرسیار لەبارەی سەرچاوەی ئەو پارانەوە دەوروژێنێت كە ئاسانكاری بۆ مامەڵەی ئیداری‌و یاسایی خێزانی داعشەكان دەكات‌و راییان دەكات، بەتایبەتی كە زۆرینەی ئەو خێزانانە بەخێوكەریان لەدەستداوە‌و داهاتێكی جێگیریشیان نییە.

خەلیل ئەكرەم (55 ساڵ) ناوی خوازراوی خاوەنی نووسینگەیەكی فرۆشتنی خانووبەرەیە لە شاری رومادی كە هەفتانە دەیان مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی راییدەكات ئەویش بەهۆی كڕین‌و فرۆشتنی هەندێك خانو‌و پارچە زەوی نیشتەجێ یان كشتوكاڵی كە لەنێوان دوو لایەندا ئەنجام دەدرێت‌و هەمیشە فرۆشیارەكە یەكێكە لە ئەندامانی خانەوادەی داعشەكان كە هەوڵدەدەن موڵكەكانیان بكەنە پارە‌و زۆر جاریش نرخی راستەقینەی خۆیان ناكەن.

ئەكرەم قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "پرۆسەكانی فرۆشتن قازانج دەكەن‌و دەرفەتێكی بەنرخیشن لەبەرئەوەی قۆناغی بانگەشەكردن بۆ زەوییەكی نیشتەجێ تێدەپەڕێنن‌و پێویستیان بە هەوڵی نائاسایی خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەكە هەیە كە لەلایەن خۆیەوە هەوڵدەدات پرۆسەی فرۆشتنەكە لەبەرامبەر عمولەیەكی دووقاتدا تەواو بكات كە لە هەردوو لایەنی وەردەگرێت، فرۆشیارەكە هەوڵدەدات موڵكەكانی بكاتە پارە‌و كڕیارەكەش كە هەوڵدەدات ببێتە خاوەنی زەوییەكە بەنیوە نرخ".

بەهەزاران دۆسێ‌و مامەڵە ئەگەرچی زۆرینەشیان پێشێلكاری ئەمنی‌و یاسایین، بەڵام تەواوكردنیان دەرفەتی رزگاربوون دەداتە تۆمەتباری راستەقینە، هەندێك دۆسیەش رەنگە رێكارێكی رۆتینی بن‌و ئەو كەسە دەستڕۆیشتووانە گەورەیان كردبێت كە هەوڵی بەدەستهێنانی پارە دەدەن‌و بۆئەوەش فراوانبوونی تۆڕی گەندەڵی‌و ترسی ئەو خێزانانە لە رووبەڕووبوونەوە دەقۆزنەوە.

عەبدولڕەحمان جومەیلی (59 ساڵ) كاری عەریزەنووسی دەكات لە كتێبخانەیەكی بچووكی نزیك دادگای فەلوجە، ئەو باس لە دەیان حاڵەت دەكات كە رۆژانە دەیانبینێت بۆ دەرهێنانی بریكارنامەی تایبەت‌و گشتیە بۆ چەند پارێزەرێك كە لەلای دادگا‌و دامەزراوە حكومییەكانی دیكە بەوە ناسراون دەبنە بریكاری خانەوادەی داعشەكان كە ناتوانن بچنە ئەو دامەزراوانەوە.

جومەیلی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "زۆرینەی ئەو بریكارنامانە بریتین لە رۆتینێكی رەسمی كە لەڕێیانەوە بڕە پارەیەكی زۆر لەو خێزانانە دەسەندرێت تەنانەت ئەگەر هەندێك لە مامەڵەكانیش ئاسان بن، بەڵام لەڕێی بریكار‌و بە كرێیەكی دووقات جێبەجێ دەكرێن، چونكە سوودمەندەكە خێزانی داعشەكانن كە لەسزای كۆمەڵگە دەترسن".