باوك‌و براكانیان دەنگیان بۆ دەدان.. دەنگدانی ئەلیكترۆنی ماف بۆ ژنانی تكریت دەگێڕێتەوە

عیراق

03/03/2018‌ 1236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەسێ هەڵبژاردنی پێشوودا ژنانی تكریت بەهۆی داب‌و نەریتی عەشایری‌و ئاینیەوە لە مافی دەنگدان بێبەشبوون، بەڵام پێدەچێت پەیڕەوكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی گۆڕانكارییەك دروست بكات.

ئەبو مەحمود (52 ساڵ) لەگەڵ سێ ژنی رەشپۆشی روو داپۆشراو چووە ناو بنكەی دەنگدانەكەی ناوەڕاستی شاری تكریت‌و داوای چوار كارتی دەنگدانی لە كارمەندەكەی هەڵبژاردن كرد، ئەویش كەوتە مشتومڕ لەگەڵی، بەڵام سووربوونی پیاوە پەنجا ساڵانەكە‌و توندی قسەكانی بووە هۆی ئەوەی بەرپرسی بنكەكە بێت‌و فەرمان بە كارمەندەكە بكات تا رێگە بەو پیاوە توڕەیە بدات لەجیاتی ژنەكەی‌و هەردوو كچەكەی دەنگ بدات، دواجار هەر كارەكەشی بۆ كرا.

ئەبو مەحمود تەنیا پیاو نییە كە لەجیاتی ژنەكەی‌و كچەكانی دەنگ دەدات، چونكە زۆرێك لە پیاوان دەنگدانی ژنان رەتدەكەنەوە‌و ناسنامەی هاوسەر‌و خوشك‌و كچەكانیان دەهێنن‌و لەبری ئەوان دەنگ بەو كاندیدە دەدەن كە هەڵیدەبژێرن.

ئەویش لەبەرئەوەی داب‌و نەریتی عەشایری لە پارێزگای سەڵاحەدینی باكووری بەغدا لە هەر سێ خولی هەڵبژاردنی رابردوودا ئەوەی بەسەر ژندا سەپاندووە ملكەچی ویستی پیاوان بێت لە هەڵبژاردنی كاندیدی گونجاودا ئیتر ئەو پیاوە چ باوكی بێت یان مێردی یاخود برای،  بەگوێرەی تێڕوانینی ئەو پیاوەی مافی زەوت دەكات لە هەڵبژاردن یان تەنانەت لە گفتوگۆكردن لەبارەی مەسەلە سیاسییەكانەوە.

"ژنانمان ناچنە دەرەوە‌و تێكەڵ بە پیاوانی نەناسراو نابن، ئەمە داب‌و نەریتمانە‌و ئێمە نوێنەرایەتیان دەكەین" ئەمە وەڵامی شێخ حامید ناسر بوو كە یەكێكە لە ریشسپیانی شاری تكریت‌و ناسنامەی (14) ئەندامی خێزانە گەورەكەی هێنابو‌و داوای دەكرد لەبرییان دەنگ بدات هەرچەندە دووری ماڵەكەی لە بنكەكەوە لە (400) مەتر زیاتر نییە، بەڵام بەرپرسانی بنكەكە‌و نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكان رازی نەدەبوون.

محەمەد عەتیە كە یەكێكە لە نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكان لە بنكەی دەنگدانی ناوچەی جزیرە (35 كم لە خۆرئاوای سامەڕا) دەیگێڕێتەوە كە بنكەكە ناوی (2600) دەنگدەری لەخۆگرتبوو، بەڵام لە كۆتایی رۆژی دەنگداندا دەركەوت كە نزیكەی (2000) كەس دەنگیان داوە‌و هیچ ژنێكی نەبینیوە بەشداری دەنگدان بكات، بەڵكو دەنگیان بۆ دراوە ئەویش لەبەر دووری گوندەكان‌و سروشتی كۆمەڵگە كە رێگە نادەن ژنان بەشداری دەنگدان بكەن.

سەرا مەحمود (28 ساڵ) ژنی ماڵەوەیە‌و خەڵكی قەزای دوورە (25كم لە خۆرهەڵاتی تكریت) بە "نیقاش"ی وت: "لە هەڵبژاردنی پێشوودا بایەخمان بەوە نەدەدا كێ كاندید دەكرێت‌و لیستەكانی هەلًبژاردن چین‌و كەسەكانیان كێن، باوكم لە ئۆتۆمبیلێكدا كۆیدەكردینەوە‌و لەگەڵمان دەهاتە بنكەی دەنگدانەكە‌و دەنگی دەدا بەو كەسەی دەیوست‌و ئێمەش هیچ بەشدارییەكمان نەبوو تەنیا پەنجە مۆرەكەی دۆشاومژەمان نەبێت" هەروەها وتیشی: "بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەكە جیاوازە بەهۆی ئەو شتانەی سەبارەت بە دەنگدانی ئەلیكترۆنی‌و رێگەنەدان بە دەنگدان لەبری كەسی دیكە باس دەكرێت كە دەبێت دەنگدەرەكە خۆی ئەو كەسە هەڵبژێرێت كە دەیەوێت بەبێ دەستوەردانی هیچ  كەسێك".

لە سێ هەڵبژاردنەكەی پێشوودا رۆڵی ژنان لاوەكی‌و رووكەش بوو لە كاندیدكردن یان هەڵبژاردندا، لەلیستەكاندا وەكو تەواوكەری كۆتای ژنان دادەنران كە یاسا سەپاندبووی، لە رۆژی دەنگدانیشدا ژنان بە یاوەری پیاوانی كەسوكاریان دەچوون بەبیانووی داب‌و نەریت‌و رێنمایی ئاینی یاخود لەترسی ئالًۆزی ئەمنی كە بەردەوام لەگەڵ هەڵبژارندا رووی دەدا‌و ئەوەی بەسەردا دەسەپێندرا ئەو كەسە هەڵبژێرێت كە كەسوكارەكەی دەیانەوێت.

ئەمڕۆ دەرفەتێكی باش بۆ بەشداری ژنان‌و پتەوكردنی رۆڵی ژنانی لادێ لە هەڵبژاردندا هاتۆتە پێشەوە لەڕێی دەنگدانی ئەلیكترۆنیەوە كە مەرجە خۆی لە بنكەی دەنگداندا ئامادە بێت‌و لەڕێی پەنجەمۆری ئەلیكترۆنییەوە ئەو لیستە هەڵبژێرێت كە دەیەوێت بەبێ دەستوەردانی هیچ كەسێك لە كەسوكارەكەی.

پێشبینی كۆمسیۆنی سەڵاحەدین ئەویە ژنان "بەشدارییەكی گەورە" بكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەبەرئەوەی لەلایەك گەورەترین رێژەی كۆمەڵگە پێكدەهێنن‌و لەلایەكی دیكەشەوە بەشداری ژنان لە بەدەنگەوەچوونی كاری سیاسی زیادی كردووە وەك عەلی عیسا عومران بەرپرسی راگەیاندنی كۆمسیۆن بۆ "نیقاش"ی روون كردەوە، هەروەها وتی:"متمانەمان هەیە كە سیستمی ئەلیكترۆنی پەیڕەوكراو هیچ هەوڵێك نەهێڵێت بۆ زەوتكردنی مافی هیچ هاووڵاتییەك لە دەنگداندا، هەروەك پرۆسەكانی ژماردن‌و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیش ئاسان دەكات".

رەنگە ئەمجارە بۆچوونی كۆمسیۆن راست بێت‌و ژنان لە سەڵاحەدین بەشدارییەكی گەورە بكەن‌و لەوانەشە پێچەوانەكەی روو بدات‌و ژنان بەشداری دەنگدان نەكەن، ئەویش لەسەر ویستی پیاوانی خێزانەكان كە ئەمجارە رێگەیان پێنادرێت لەبرییان دەنگ بدەن.

تێڕوانینی ئەرێنی بۆ پتەوكردنی پێگەی ژن لە ژینگە داخراوەكان یاخود عەشایرییەكاندا ئەو ئامانجەیە كە د. نەغەم قەدوری سامەڕایی هەوڵی بۆ دەدات، ئەو لەوبارەیەوە بۆ "نیقاش"ی روونكردەوە "بەرزبوونەوەی هۆشیاری سیاسی لای خەڵك‌و هەوڵدان بۆ ئایندەیەكی باشتر وامان لێدەكەن گەشبین بین بەوەی ژن خاوەنی بڕیار بێت‌و ئامرازێكی كاریگەر بێت لە كۆمەڵگەكەیدا نەك ژمارەیەكی لاوەكی".

وتیشی: "بەكارهێنانی دەنگدانی ئەلیكترۆنی لەلایەن كۆمسیۆنەوە ساختەكاری‌و شێوازی نایاسایی لە بەدەستهێنانی دەنگدا كەمدەكاتەوە".

حەسەن ساڵح عوبەیدی چالاكوانی مەدەنی گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكانی هەڵبژاردنی 2018ی بۆ "نیقاش" روونكردەوە‌و وتی: "پێشبینی ئامادەییەكی كارای ژنان لە دەنگداندا دەكەم لەبەر چەند هۆكارێك كە گرنگترینیان ئەوەیە هەموو كۆمەڵگە دەیەوێت گۆڕانكاری لە بارودۆخ‌و كەسەكاندا بكات‌و بەدوای دەموچاو‌و بەرنامەی نوێدا دەگەڕێن، لەبەرئەوە كوتلە‌و رەوتە چالاكەكان هەوڵدەدەن پشتیوانی بەشداری چڕی ژنان بكەن لەبەرئەوەی زیاتر لە نیوەی كۆمەڵگەیە، هەروەك ژنانی خوێندەوار لە كۆمەڵگە لادێنشینەكاندا ژمارەیان زیاتربووە‌و كاریگەرتریش بوون".

بەپەلە