هەڵایەكی‌ تر لەكوردستان.. خەڵك موچەی‌ نییە كەچی‌ پەرلەمان خەریكی‌ ماڵپەری‌ سێكسییە

کوردستان

10/03/2018‌ 5133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نقاش
لەكاتێكدا هەرێمی‌ كوردستان غەرقی‌ دنیایەك قەیرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ بووە، كەچی‌ پەرلەمانەكەی‌ بەكۆمەڵە یاسایەكەوە خەریكە كە كەمترین سوودی‌ راستەوخۆی‌ خەڵكی‌ كوردستانی‌ تێدایە.

لەلای‌ زۆرێك لەخەڵكی‌ كوردستان پەرلەمان وەك دەزگایەكی‌ "بێ كاریگەر" ناودەبرێ‌، چونكە لەو كاتانەی‌ نوێنەرانی‌ خەڵك پێویستە دەنگیان هەبێت، ئەوان بێدەنگن، كاتێكیش دێنە قسە خۆ بەبابەتی‌ لاوەكییەوە سەرقاڵ دەكەن، دواهەمین بەرهەمیشیان مقۆمقۆیە لەسەر فیلتەركردنی‌ ماڵپەڕ سێكسییەكان لەكوردستان.

پێشكەشكردنی‌ پڕۆژە بڕیارێك بۆ فلتەركردنی‌ ماڵپەڕە سێكسییەكان لەلایەن ژمارەیەك ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانەوە بۆ جارێكیتر بەرەی‌ عەلمانی‌‌و ئیسلامی‌ دا بەیەكدا، هەرچەندە بەشێك لەپاڵپشتیەكەرانی‌ ئەو پڕۆژەیە لەو هێزانەش بوون كە لەسەر عەلمانیەكان هەژمار دەكران.

لایەنگرانی‌ ئەو پڕۆژەیە پێیان وایە هەنگاوەكەیان بۆ پاراستنی‌ كۆمەڵگایە لەلادان‌و نەیارانیشی‌ بەبەرتەسككردنەوەی‌ ئازادیە كەسیەكانی‌ دادەنێن، هەرچەندە جێبەجێكردنی‌ بڕیارەكە لەباری‌ پەسەندكردنیشدا ناتوانێت رێگر بێت لەكردنەوەی‌ ماڵپەرە سێكسیەكان.

بەوپێیەی‌ زۆرینەی‌ كۆمەڵگای‌ كوردی‌ موسڵمانە، بەشێك لەئاماژەكانی‌ پێشكەشكردنی‌ ئەو پڕۆژەیەش بەهەوڵدان بۆ قایلكردنی‌ جەماوەر لەقەڵەم دەزانرێت، بەتایبەت كە هەرێمی‌ كوردستان لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی‌ چارەنوسسازی‌ پەرلەمانی‌ عێراق‌و سەرۆكایەتی‌‌و پەرلەمانی‌ كوردستاندایە.

كۆتایی‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ رابردوو سیانزە پەرلەمانتار یاداشتێكیاندا بەسەرۆكایەتی‌ پەرلەمان‌و تیایدا داوا دەكەن ماڵپەڕە سێكسییەكان لەكوردستان فلتەر بكرێت، ئەم چەند رۆژەش دیسانەوە باس‌و خواسی‌ ئەو بابەتە گەرمبووەتەوە.

نەجیبە لەتیف ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كە یەكێكە لەوانەی‌ ئیمزای‌ لەسەر یاداشتەكە كردووە، باس لەوە دەكات بیرۆكەكە بۆ ساڵی‌ 2015 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی‌ پەككەوتنی‌ پەرلەمانەوە ئەویش پەكی‌ كەوتووە بۆیە ئێستا پێشكەشكراوە.

نەجیبە لەتیف بە"نیقاش"ی وت "دەمانەوێت كار لەسەر ئەوەبكرێت كە سانسۆرێك لەسەر ئەو پێگە سێكسیانە دابندرێت‌و دەشتوانرێت ئەو كارە بكرێت لەرێگەی‌ حكومەتەوە تاوەكو هەموو كەس نەتوانێت بچێتە ناو ماڵپەرەكانەوە، هەستمان بەو مەترسیانە كردووە كە ئەو هەنگاوە لەسەر گەنجانی‌ هەرێم هەیەتی‌".

بۆ پاڵپشتی‌ ئەو بڕیارە تائێستا هیچ ئامارێك یان راپۆرتێكی‌ باوەڕپێكراوی‌ زانستی نییە كە زیانەكانی‌ ئەو ماڵپەڕانەی‌ رونكردبێتەوە لەسەر گەنجان كە پاساوی‌ سەرەكی‌ پڕۆژەكەیە.

نەجیبە دەڵێت "پێشتر بەدواداچون هەبووە لەسەر ئەو پرسە، بەڵام لەئێستادا خەریكین بەشێوازێكی‌ ورد لەرێگەی‌ راپرسیەوە ئەو كارە بكەین تا ئەو كاتەی‌ پڕۆژەكە لەپەرلەمان خوێندنەوەی‌ یەكەمی‌ بۆ دەكرێت".

ئەو پڕۆژەیە لەلایەن هێزە ئیسلامییەكانی پەرلەمانی‌ كوردستانەوە ئامادەكراوە، بەڵام لەو سیانزە ئەندام پەرلەمانەی‌ كە ئیمزایان لەسەر كردووە، شەشیان لەو هێزانەن كە سەر بەو لایەنانە نین كە لەبەرەی‌ ئیسلامی‌ سیاسیدان، بگرە لەبەرەی‌ عەلمانییەكان هەژمار دەكرێت لەوانە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان.

ئاواز حەمید ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ پارتی‌ كە ئیمزای‌ لەسەر پڕۆژەكە كردووە بە"نیقاش"ی وت "من خۆم كەسێكی‌ عەلمانیم، بەڵام پاڵپشتی‌ پڕۆژەكەم كردووە وەك ئامانجێكی‌ كۆمەڵایەتی‌ كە پەیوەندی‌ بەواقعی كۆمەڵگەی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە هەیە نەك بۆچونێكی‌ ئایدۆلۆژی‌".

ئاواز حەمید وتیشی‌ "ئەو ماڵپەڕانە زۆر كێشەی‌ كۆمەڵایەتیان دروستكردووە كە لەگەڵ كۆمەڵگەی‌ ئێمە ناگونجێن‌و گەنجانی‌ لەپرسە زانستییەكان دوورخستووەتەوە".

جگە لەگاڵتەپێكردنی‌ بەشێكی‌ بەرچاوی‌ خەڵكی‌ بەم جۆرە هەنگاوانە‌و دروستكردنی‌ چەند ڤیدۆیەك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هێنانە پێشەوەی‌ پڕۆژە بڕیارەكە بۆ جارێكی‌ تر پەردەی‌ لەسەر ململانێی‌ نێوان عەلمانی‌‌و ئیسلامییەكان هەڵدایەوە، هەرچەندە هاوكێشەی‌ ململانێكە نابەرانبەرە، چونكە لایەنگرانی‌ فلتەركردنی‌ ماڵپەرە سێكسیەكان لەپەرلەماندا لەنەیارانی‌ ئەو هەنگاوە زیاترن.

فراكسیۆی‌ ئازادی‌ تائێستا تاكە فراكسیۆنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانە كە بەئاشكرا نەیاری‌ خۆی‌ بۆ پڕۆژەكە راگەیاندووە.

ئەبو كاروان ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ ئازادی‌ كە هاوكات ئەندامی‌ مەكتەبی سیاسی‌ حزبی شیوعی كوردستانە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەم پڕۆژەیە رووی‌ راستەقینەی‌ عەلمانی‌‌و ئیسلامییەكانی‌ لەپەرلەمان دەرخست".

ئەبو كاروان پێیوایە فلتەركردنی‌ ماڵپەڕە سێكسییەكان بەشێكە لەئازدیە كەسییەكان‌و پێویست ناكات بەو شێوەیە مامەڵەی‌ لەگەڵ بكرێت، دەشڵێت "پێكهاتەی‌ پەرلەمان بەم شێوەیەی‌ ئێستایەوە جورئەتی ئەوەی‌ نابێت ئەو پڕۆژەیە رەتبكاتەوە ئەگەر بخرێتە دەنگدانەوە، چونكە لەكۆمەڵگەی‌ ئیسلامی‌ هەرێم دەترسن‌و بەشێكی‌ ئەو پاڵپشتیەش پەیوەندی‌ بەنزیكبوونەوەی‌ هەڵبژاردنەكانەوە هەیە".

پڕۆژە یاسای بەدەر نییە لەتێبینی‌ پێكهاتە ناموسڵمانەكانی‌ پەرلەمانیش كە پێشتریش لەكاتی‌ ئامادەكردنی‌ رەشنوسی دەستوری‌ هەرێمی‌ كوردستاندا لەسەر سەرچاوەی‌ ئاینی‌ ئەو دەستورە لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكاندا كەوتنە ناكۆكییەوە.

سرود سەلیم ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ (ئەبنا نەهرەین)ی‌ مەسیحی‌ بە"نیقاش"ی وت "ئەو بڕیارە ئازادیە تاكە كەسیەكان سنوردار دەكات، لەبنەڕِەتیشدا پەرلەمان ئیشی ئەوە نییە بڕیاری‌ لەوجۆرە دەربكات‌و ئەو رێگرییەش ناتوانرێت بكرێت لەماڵپەرە سێكسیەكان یان قەدەغە بكرێت‌و بەڵكو دەبێت هۆشیاری‌ گەنجان لەبەرانبەر ئەو دیاردەیە بەرزبكرێتەوە".

لەكاتێكدا بەشێكی‌ بەرچاوی‌ خەڵكی‌ كوردستان لەم جۆرە جموجۆڵانەی‌ پەرلەمان توڕە بوون، كەچی‌ پەرلەمان هەنگاوێكی‌ دیكەی‌ هەڵهێنا ئەوەندەی‌ تر توڕەیی‌ خەڵكی‌ زیادكرد.

پەرلەمانی‌ كوردستان رۆژی‌ 27ی‌ شوبات پڕۆژە یاسای‌ چاكسازی‌ خانەنشینی‌ پەسەند كرد كە رووبەڕووی‌ ناڕەزایی بووەوە، چونكە پەرلەمان لەبری‌ ئەوەی‌ لەبەرژەوەندی‌ خەڵك بڕیار بدات، كەچی‌ موچەی‌ خانەنشینی‌ كەسانی‌ ئاسایی‌ كرد بە 300 هەزار دینارو موچەی‌ خەنانشینی‌ پەرلەمانتارو پلەباڵاكانی‌ كرد بەچوار ملیۆن دینار، هەرچەندە دواتر سەرۆكی‌ پەرلەمان یاساكەی‌ ئیمزا نەكردو گێڕایەوە.

ئەم خولەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان كە دووساڵ بەپەكخراوەیی مایەوەو كاری‌ نەكرد نەیتوانی‌ دەست بۆ ئەو پڕۆژەیاسایانە ببات كە قورساییی سەر شانی‌ هاوڵاتیان سوك بكات بەهۆی‌ ئەو قەیرانە ئابورییەی‌ لەساڵی‌ 2014 ەوە سەریهەڵداوە.

نیعمەت عەبدوڵا سەرۆكی‌ یەكێتی‌ پەرلەمانتارانی‌ كوردستان  بە"نیقاش"ی وت "پرسی یاسای‌ زۆر گرنگتر هەبوو كە پەرلەمان بەلایدا نەچووە لەرووی‌ ئابوریی‌‌و كۆمەڵایەتییەوە كە پەیوەستن بەژیانی‌ خەڵكەوە بەتایبەت لەم خولەی‌ پەرلەماندا كە دووساڵ كاری‌ نەكردووە‌و ئەو كێشەیەش لەخولەكانی‌ پێشتری‌ پەرلەماندا هەبووە".

بەڕای‌ سەرۆكی‌ یەكێتی‌ پەرلەمانتاران تاوتوێنەكردنی‌ پرسە گرنگەكان لەپەرلەماندا پەیوەندی‌ بەهاوكێشەی‌ سیاسی‌‌و ئاینی‌‌و كۆمەڵایەتیەوە هەیەو دەڵێت "هەندێك دەیانەوێت توخنی‌ ئەو بابەتانە نەكەون‌و بەشتی‌ لابەلاوە سەرقاڵبن".

ترس لە لەدەستدانی‌ جەماوەر لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا بەشێكی‌ زۆری‌ هێزە نا ئیسلامیەكانیشی وا لێكردووە لەدژی‌ ئەو پڕۆژانە نەوەستنەوە كە جەماوەری‌ زۆرینە ئیسلامی‌ پێ توڕە دەبێت ئەگەرچی‌ دەستبردنیش بێت بۆ ئازادیە كەسیەكان.

ئومێد رەفیق سەرۆكی‌ سەنتەری‌ لێكۆلێنەوەی‌ ئایندەیی بە"نیقاش"ی‌ وت "پێویستە لەخستنەروی‌ پڕۆژەی‌ لەم جۆرە كە پەیوەندی‌ بەئازادی‌ تاكە كەسییەو هەیە تێڕوانینی‌ حزبە عەلمانیەكان لەموحافیزكارەكان جیاواز تر بێت".

دەشڵێت "حزبی سیاسی‌ كوردی‌ باگراوندی‌ سیاسی‌و فكیری‌ بەهێز نییە، ئەو تێكەڵكردنەش كە هەیە پەیوەندی‌ بەموجامەلەو موزایەدەی‌ سیاسیەوە هەیەو حزبەكان راست نین لەگەڵ دەنگدەرەكانیداو هەمیشە لەترازان لەبیروباوەڕی‌ گشتی‌ دەترسن بۆ لەدەستدانی‌ دەنگەكانی‌".

دوور لەململانێ ئایدلۆژییەكانی‌ سەر پڕۆژە بڕیاری‌ فلتەركردنی‌ ماڵپەڕە سێكسیەكان پێناچێت ئەو پڕۆژەیە بەو جۆرە خۆر ببینێت كە لایەنگرانی‌ هیوایان پێی‌ هەیە.

پێشتر ئەزمونی‌ فلتەركردنی‌ ماڵپەرە سێكسیەكان لەسەر ئاستی‌ عێراق شكستی‌ هێنا، لێی‌ هەرچەندە لەساڵی‌ 2015 دا پەرلەمانی‌ عێراق بڕیارێكی‌ لەوباریەوە دەكرد.

زانا رۆستایی ئەندامی‌ لیژنەی‌ یاسایی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بە"نیقاش"ی وت "ئەو بڕیارە لەروی‌ عەمەلییەوە سەركەوتوو نەبوو، حكومەتیش  جێبەجێی نەكرد".

هەڵدانی‌ تۆپی‌ فلتەركردنی‌ ماڵپەڕە سێكسیەكان لەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە بۆ گۆڕەپانی‌ حكومەتیش پێدەچێت بەهەمان رێگادا بڕوات كە عێراق بەر لە سێ ساڵ پێیدا رۆیشتووە .

ئومێد محەمەد وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ گواستنەوەو گەیاندنی‌ هەرێم بە"نیقاش"ی وت "ئەگەر پەرلەمان ئەو بڕیارە دەربكات وەك لایەنی‌ حكومی‌ پابەندین بەجێبەجێكردنیەوە، بەڵام لەروی‌ كرداریەوە جێبەجێكردنی‌ ئەو هەنگاوە قورسە".

بەوتەی‌ وتەبێژەكەی‌ وەزارەتی‌ گواستنەوەو گەیاندن سێ میلۆن ماڵپەری‌ سێكسی هەیە لەجیهانداو ناتوانرێت وەك سایت بلۆك بكرێت‌و ئەگەر ئەوەش بكرێت، دەتوانرێت دواتر فلتەرەكەی‌ بشكێندرێت و ئەگەر بە وشەی‌ (SEX)یش پرۆسەی‌ فلتەرەكە بكرێت رێگری‌ لەكردنەوەی‌ لێكۆڵینەوە زانستیەكانیش دەكات كە لەسەر ئەو بوارە لەماڵپەڕەكانی‌ ئەنتەرنێت بڵاودەكرێنەوە.

هەر لەبەر ئەم هۆكارانەشە زۆر لەو كەسانەی‌ لەئەدای‌ پەرلەمانتارانی‌ كوردستان توڕەن پێیان وایە هەموو ئەم جۆرە پرۆژانە بۆ دروستكردنی‌ هەڵایەكی‌ ئیعلامییە تا لەسایەیدا پەرلەمانتاران كۆتایی‌ بەم خولە بهێنن‌و ئەوە جێبەجێ‌ نەكات كە خەڵك چاوەڕێی‌ دەكەن.