26 پەیام بۆ کاندیدەکان دوای 26 ساڵ لە بانگەشەی کوردی

کوردستان

14/04/2018‌ 2831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئا/ هۆرڤان رەفعەت


هەمیشە ئەو وتەیەم لە خەیاڵدا بو کە دەیوت "هەر هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن بەسەر پلیکانەی دیموکراسی ڕاستەخۆ پلەیەک لە پلیانەکای دیکتاتۆریەت دەهێنێتە خوارەوە"، بۆیە هەمیشە بەردەوامی هەڵبژاردنەکان و دوانەخستی هەڵبژاردنەکان بەوشێوەیە دەبینم.


هەروەها هەمیشە ئەو وتەیەی جۆرج واشنتنی یەکەمین سەرۆکی ئەمریکام لەخەیاڵدا بون کە بە هاوڵاتیانی ئەمریکای دەوت "مەڵێن ئەمریکا چی بۆکردوین بەڵکو بڵێن ئێمە چیمان بۆ ئەمریکا کردوە"، بۆیە هەمیشە بیرم دەکردەوە کە بتوانم هەر گۆڕانکارییەک ببێت بیکەم بۆ ئەوە پلەیەک لە دیموکراسی نزیک بینەوە و خانەیەکی خزمەتیش بۆ نیشتیمانەکەمان پڕ بکەینەوە.


ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نزیکتر دەبینەوە لە چونە ناو ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.


ئێمە لە باشوری کوردستان 26 ساڵی تەواوە و هەروەها لە عێراقدا 13 ساڵە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکایەتییەکان دەکەین.


بەڵام ئەوەی ڕاستییە و نابێت خۆمانی لێ بخافڵێنین ئەوەیە کە ناشرینترین سیماکانی بانگەشەکانی هەڵبژاردن ئەگەر لە جیهاندا سەیری بکەیت، ئەوا ئەو بانگەشانەیە کە بۆ هەڵبژاردنەکان دەکرێت لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکانەوە لە سەروبەندی بانگەشەدا لە باشوری کوردستان و عێراقدا.


ئەوەش کە ئەو سیما ناشرینەی بە هەڵبژاردنەکان بەخشیوە کاندیدەکانی لیستی قەوارە سیاسییەکان و خودی قەوارە سیاسییەکانن.
من هەمیشە ڕەخنەم لەو شێوازی بانگەشەکردنە هەبوە هەرگیز بەشێکیش نەبوم لەو ناشرینیانە، بەڵام خۆ دەکرێت بە وتەیەکیش بێت بتوانین گۆڕانکاری بکەین.


بۆیە ئەمجارە بڕیارم دا هەڵمەتێکی تاکلایەنانە بە شێوەیەکی زنجیرە زنیجرە بۆ ماوەی 26 ڕۆژی تەواو 26 پەیامی جیاواز لە ساڵوەگەڕی 26 ساڵ تێپەڕ بون بەسەر یەکەمین هەڵبژاردنی کوردیدا لە باشوری کوردستان بۆ کاندیدانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بنێرم.


ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بتوانێت گۆڕانکارییەک لەسەر شێوازی بانگەشەکان دروست بکات و هەروەها هەم کاندیدەکان بە شارستانیانە بانگەشە بکەن و خزمەت بەو پڕۆسەیە بکەن کە خۆیان کاری بۆدەکەن و هەروەها چیدیکە خەڵکی ئەم هەرێمەش هێندە هیلاک نەبن بە بەڵێنە ناڕاستەکان و هەروەها شێوازە ناشرینەکانی بانگەشە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوشدا چەندین دەستکەوتی ئەو هەڵمەتەکەمەم بینوە کە تەنانەت سەرۆک لیستی قەوارەیەک و هەروەها  و چەندین کاندیدی لایەنە جیاوازەکان دەستخۆشیان لێکردوم و بەڵینیان داوە ئەو پەیامانە جیبەجێ بکەن.

سەرەتای پەیامەکانم بە #کاندید_بەڕێز دەست پێدەکرد و لە ناوەندیشدا پەیامەکەم داناوە و هەروەها لە کۆتایشدا وتومە تکایە بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


هیوادارم ئەم پەیامە بە زۆرترین کاندید و قەوارە و لایەنی سیاسی و هاوڵاتیان بگات بۆ ئەوە شێوازیکی نوێ لە بانگەشە و هەروەها ڕاستگۆییەکی تەواو لەبانگەشەکاندا بێتە کایەوە.

#کاندیدی_بەڕێز (1)
کاندیدی بەڕێز لەبەرکردنی جلی کوردی لەم بەهارەدا کە بەهار هەر خۆی زەوقی نەتەوەیاتیدەفڕێنێت نابێتە هۆی دەرخستنی هەستی کوردپەروەری و هەروەها دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا.
بۆیە تکایە ڕێگایەکی تر بدۆزەرەوە بۆ گەجاندنی خەڵک و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (2)
کاندیدی بەڕێز بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی شەهیدان و کیمیاباران و وێنەگرتن لەگەڵ منداڵی شەهیدەکان جگە لە کەمکردنەوەی نرخی خۆت و بەکارهێنانی خەباتی شەهیدان بۆ گەیشتن بە کەشتی پەرلەمن هیچ شتێکی تر بۆ تۆ ناگەێنێت و هەروەه نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێاگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.

#کاندیدی_بەڕێز (3)
کاندیدی بەڕێز بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو چالاکیە خێرخوازیانەی پێشترت کە حیزبەکەت بە پارەی دزی نەوت و جەردەیی بەسەر میلەتەوە کۆیکردبوەوە و دابوی بە ت و هاوئاوازەکانت تا وەکو خێر وسەدەقە بیدەن بە هاوڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت جگە لە دەرخستنەوەی نادادی کۆمەڵایەتی و هەروەها نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێاگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (4)
کاندیدی بەڕێز بەشداریکردن و خۆهەڵقورتاندن لە خۆپیشاندان و گردبونەوەی مامۆستایان و پشتیوانی عەفرین و کەمپین و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشە بەکاری بهێنیت، ڕەوشتێکی بەرز و جوان نییە و درۆکردنە لەگەڵ خودی خۆت و هەروەها نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێاگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.

#کاندیدی_بەڕێز (5)
کاندیدی بەڕێز بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆت لەگەڵ سەرۆک و ڕێکخەر و سەرکردە و سکرتێری حیزبەکەتو بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکانی دیکە مانای وا نییە تۆ هێندەی ئەو لێهاتو و کارامەیت و دەورت هەیە ئەو ڕاوێژ بەتۆئەکات لە بڕیارداندا و هەروەها نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (6)
کاندیدی بەڕێز تکایە خۆت پەیج لە فەیسبوک دروست مەکە بەناوی لایەنگران و هەواداران ودڵسۆزانی جەنابی خۆتەوە کە هەر خۆت ئەدمینیش بیت و چەند گەنجێکیش بەو ئیشە بێ ئەرزشانەوە مەشغوڵ دەکەیت تا بە شان و باڵی جەنابی نا جەنابا هەڵبدەن، عەیبە ئەو فعلە کۆن بووەو هی سەردەمی سەلجوقییەکانە و هەروەها نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (7)
کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا وێنەی سەروفەساڵی خۆت و لۆگۆی حیزبەکەت بە لەزگە مەکەن بە دیواری شوێنە گشتیەکانەوە ئاڵاکانیشتان بە ستونەکانی کارەبا و وایەری مۆلیەئەهللیەکان هەڵمەواسن و لە ڕقی حیزبەکانی بەرامبەرتان ئاسمانی کۆڵان و شەقامەکان مەکەن بە کۆکتێلی پەڕۆ، چونکە دواتر لەبەر پۆزی دەرچون یان خەفەتی دەرنەچون بۆپەرلەمان کەستان ئەو وێنانە لێناکەنەوەو سروشتی شار بە پاشماوەکانتان ناشرین دەبێت و هەروەها نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (8)
کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەدا واز بهێنن لە بەدەست هێنانی دەنگ و سۆزی خەڵک بەهۆی بەکاهێنانی ناوی کوڕ و کچی شەهید و کوڕ و کچی ئەنفال و کوڕ و کچی خێزانی کیمیایی باران ، شەهید و ئەنفال و قوربانییەکانتان مایەی شانازی ئێمەن و هەمیشە لەدڵی ئێمەدان، تکایە بەناوی ئاسایی خۆتان داببەزن چونکە ئەگەر خۆت لێهاتو نەبیت ئەوا ئەو جۆرە بانگەشەیە تەنها بەکارهێنانی قوربانییەکانتانە بۆ زیاتر کاولکردنی ئەم وڵاتە و هەروەها چیدیکە باش نییە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران


#کاندیدی_بەڕێز (9)
کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەدا نە هەولێر و سلێمانی بکە بە دوبەی و لەندەن نە بشڵێ کەرکوکتان بۆ ئەکەین بە بڕۆکسل، وەعدی زل مەدەن عەیبە خۆشتان ئەزانن ڕاست ناکەن، ئێوە بەس ئەوەندە فێربن بە مرۆڤانە بانگەشە بکەن ودوای دەرچونیشتان خۆتان مەکەن بە فیرعەون و خەڵک بەکۆیلە و خزمەتچی ئێمە دوبەیو لەندەن و برۆکسلمان ناوێت بەس بە ڕاستی خزمەتی ئەم وڵاتە بکەن و ئاوەدانی بکەنەوە و پێشی بخەن ، بۆیەتکایە درۆیی زەبەلاح مەکەن چونکە نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.

#کاندیدی_بەڕێز (10)
کاندیدی بەڕێز, تا ئێستا لە خۆتان پرسیوە حیکمەت لە چیدایە کە حەیدەر عەبادی بانگەشەکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراقی خستووەتە مانگی نیسانەوە؟!
بەڵێ ئەوە بۆ  ئەوەیە کە کاندیدەکان هەرزان لێی دەرچن و زۆریان لەسەر نەکەوێت و زۆرلەسەریان نەبێت بەماڵ ،بۆیە واز لە درۆی زەق و بانگەشەی بێناوەڕۆک بهێنن چونکە باش نییە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا.

بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (11)
کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا واز لەم جۆرە بانگەشە بێ مانا و تەقلیدیانە بهێنن ،چونکە زۆر بێ مانایە و تەنها سوککردنی هونەر و ئەکتەرەکانە و هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی نییە لەسەر دەنگدەران بەڵکو لەجێی ئەم قۆڕییاتە بچن هەندێک ئاوبکەن بەسەر گۆڕی هونەردا کە بەهۆی بێپلانی ئێوەوە لەم نیشتیمانەدا گیانی سپاردووە و بچن کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری و سینەمایی وکلتوری بهێنن کە خزمەت بەئەو شارانە بکات کەئێوە بازرگانیلەسەرئەکەن ، بۆیاواز لەم بانگەشە سەقەتانە بهێنن چونکە نابێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.

#کاندیدی_بەڕێز (12)

کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا مریشک و رۆن و زەیت و برنج مەبەن بۆ دانیشتوانی گوند و شارۆچکەکان و نمەک گیریان مەکەن و هەروەها عەلاگە خەیار و تەبەقە هێلکە و پاکەتە پسکیت و یاری منداڵان مەبەن بۆ ماڵانی گوند و لادێکان خۆ ئەمە سەرفترە نییە و ئێوەش مانگی سور و بەرنامەی بەخشین نین، تکایە ئەو خەڵکە لەوە گەورترە کە ئێوە نمەک‌گیر و ڕوگیریان بکەن و خەڵک زۆر لەوە گەورەترە هەروەها پێم وابێت بەڕاستی زۆر عەیبە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (13)
 کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا (ماکسی و بلوس و کڵاو جل‌وبەرگ) بەسەر هاوڵاتیان دابەش مەکەن بەتایبەت ئەو جل‌وبەرگانەی کە لۆگۆی حیزبەکەتان و وێنەی سەرۆکەکانتانی لەسەرە جا چونکە هەموی لە چین دروست ئەکرێت هەموی یەک قیاسە، کە خەڵک ئەیکاتە بەری یان زۆر تەسکە یان زۆر دەڵبە وە بەڕاستی زۆر ناشرینە هەروەها بەڕاستی زۆر عەیبە ئەو شێوازە بۆ بانگەشە بەکاربهێنن و هەروەها عەیبیشە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.

#کاندیدی_بەڕێز (14)
 کاندیدی بەڕێز تکایە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ ئەوەی خۆت و حیزبەکەت دەربچن (دەمانچەی چواردەخۆر و کڵۆک و چەقۆ و دەبە بەنزین) بەسەر گەنجان و لایەنگرانی حیزبکەتدا دابەش مەکە بۆ ئەوەی پۆز بە دەمانچەوە لێبدەن و هەروەها لە شەوانی بانگەشەدا شیڕە شێڕ وقریشق و هوڕ بە سەیارەکانیانەوە بکەن لەئیسکان و سەهۆڵەو دەورا بارزان ، بەڕاستی ئەخلاقێکی زۆر ناشرینە و دواتر خۆشتان ناتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن ودواتر میللەتیش لەجێی ئەوان بە چەقۆکێش و هەڵگری دەمانچە تۆمەتباردەکەن هەروەها ئەو شێوازی بانگەشەیە زۆر عەیبە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران

#کاندیدی_بەڕێز (15)
کاندیدی بەڕێز لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆت و حیزبەکەت تکایە ئامۆژگاری گەنجان و لایەنگرانی حیزب و قەوارەکەتان بکەن، مانگی بانگەشە نەکەن بەمانگی تەقەکردن بە ئاسمان و ئاڵاڕێژکردنی شەقامەکان و دەست‌شکانەوە سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی دیکە و قەرەباڵغردنی شەقامەکان و هات‌وهاوار و شیڕە شیڕی تایەی مەرزیە و مۆنیکا و ڕیزکردنی ریزە وەنەوشە و ڕیزە میک زەمینی هۆڕین لێدان و مێشک تێکدانی ئەو خەڵکە، کاندید گیان تکایە بە حیزبەکەت بڵی لە یاریگایەکدا یان لە هۆڵێکدا یان لە دەشتەکانی قەراخ و خۆشناوەتی و سندی ڕۆژێک دیاری بکەن ولایەنگرەکانتان کۆبکەنەوە بانگەشە بکەن و خۆتان ڕەنگ‌ڕێژ و ئاڵا رێژ بکەن، بۆیە بەرێزان ئەو شێوازەی سەرەوە تەنها بێزاکردنی هاوڵاتیانە و هیچ شارستانیەتییەکی پێوە نییە و زۆر عەیبە ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران.


#کاندیدی_بەڕێز (16)
کاندیدی بەڕێز تکایە پێش کاتی یاسایی بانگەشە مەکە چونکە بانگەشەکردن پێش کاتی یاسایی خۆی کارێکی نائەخلاقی و نایاساییە و هەروەها زیاتر هیلاککردن و مێشکبردنی ئەو خەڵکەیە بەباسکردنی خۆت و خۆنواندنی زیادەیە کە پێش ئەوەی ببیت بە کاندید هەرگیز ئەوەت نەدەکرد.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە  ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عیراق، ڕایگەیاند "هەر لایەن و کاندیدێك پێش رۆژی هەڵمەتی بانگێشەکردن کە 2018/4/15 یە، بانگێشە بۆ خۆی بکات، بۆ جاری یەکەم بەبڕی 50 ملیۆن دینار سزا دەدرێت و هەروەها ئەگەر ئەو پێشێلکارییە دووبارە بکاتەوە، سزاکەی دووبارە و سێ بارە دەبێت و لە چواربارەدا مافی کاندیدبوونی لێدەسێندرێتەوە و حزب و هاوپەیمانیەکەشی بە بڕە پارەیەکی زۆر سزا دەدرێت".
بۆیە تکایە کاندید گیان باپەند ببە بە یاساکانەوە چونکە تۆ ڕۆژ تا ئێوارە هات‌وهاوار بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و یاسا دەکەیت، هەروەها ئەو جۆرە لە بانگەشە پێش‌ وەختە زۆر عەیبە ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا.
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران,


#کاندیدی_بەڕێز (17)
کاندیدی بەڕێز تکایە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت خۆت و حیزبەکەت زۆر بە ئاسایی وەریبگرن کەدەنگی دڵخوازی خۆتان نەهێنن و ئەو ژمارە کورسیانەی خۆتان کەحەزتان لێیەتی نەیهێنن بۆیە بەڕاستی شکاندنی ئەو جۆرە شەکرانەی کە ئێوە سەد کورسی یان یەک کورسی بهێنن هەر دەسەڵاتدار و زل‌هێزن ئەوە گەورەترین عەیبەیە بۆسەر شانی ئەو دروشمە سۆشیال دیموکراتی و دیموکراسییەی کەخۆتان هەڵتان گرتوە ، بۆیە تکایە واز لەهێرشکردنە سەر بنکەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان و ئەلبیسەکە و حەسار و شەهیدهەڵگورد و سەرجەم بنکەکانی دیکە بهێنن و خۆتان پیاو بن و خزمەت بکەن تا خەڵک بەڕاستی دەنگتان پێبدات نەک بە تەزویرات و قۆڕیاتی بەرتیل بە کۆمسیۆن بۆ گۆڕینی ڕێژەی دەنگەکانتان، خوا و خەڵک دەنگ‌دەر و لایەنگرەکانیشتان دەزانن کە ئێوە بەرگەی هەڵبژاردنێکی پاک ناگرن بۆیە بەڕاستی گەورەترین ڕوڕەشیە کە تەزویرات ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ.



#کاندیدی_بەڕێز (18)
کاندیدی بەڕێز ئەزانی زۆر عەیبە لەم ماوەیەدا خەڵکتان بیر ئەکەوێتەوە و خۆتان ئەکەن بە هەمو تەعزێ و حەفلە و چاخانە و پارک و قاوەخانە و کۆڕ و سیمینارێکدا تەنها بۆ ئەوەی دەنگ کۆبکەنەوە و خۆتان لە هەموو چین و توێژ و چینەکان نزیک دەکەنەوە بەس بۆ ئەوە دەنگەکانیان بەدەست بهێنن و جا زۆر ناشرینە وینەی ئەو کەسانەش بڵاو دەکەنەوە کە چون بۆ لایان، بڕوا بکەن ئەگەر ئێوە خۆتان کەسێک بن خەڵک پێویستی پێتان بێت و شیاوی ئەو جێگەیە بن ئەوا، تەنها کە خۆت کاندید کرد خەڵک خۆی دێت بۆ ماڵەکەت و پێت دەڵیت دەنگت پێدەدەم، بەس چونکە زۆرینەتان شایستە نین بۆیە ئەم ماوەیە مێشکی ئەو خەڵکە ئەبەن.
 بەڕاستی زۆر عەیبە ئەم شێوازە ناشرینە ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا چونکە وەک ئەو برادەرانەتان لێهاتوە کە ئیشیان بە خەڵک بێت ئینجا تەلەفۆنیان بۆدەکەن.
بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ.


#کاندیدی_بەڕێز (19)
 کاندیدی بەڕێز تکایە لە کاتی بانگەشەدا ناوی خودا و پێغەمبەر گیان (ص) و هەروەها شێخایەتی و تەریقایەتیەتی و مەلا بون مەکەن بە هۆکاری بانگەشە کردنی خۆتان بۆ ئەوەی دەربچن و هەست و عاتیفەی خەڵکی بجوڵێنن،
 هەروەها کاندیدی ئاضیز، بانگەشەکردن لە مزگەوت و کڵێسا و کەنیشتەک و مەرزارگە ئاینییەکان زۆر عەیبە و هەروەها بەپێی بڕیارێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پۆسته‌ره‌کانى بانگه‌شه‌ نابێت لەنزیک شوێنه‌ ئایینیه‌کان هه‌ڵبواسرێت, بۆیە تکایە بەهیچ شێوەیەک لە شوێنە ئاینییەکان بانگەشە مەکەن زۆر ناشرینە و عەیبەشە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا
 بۆیە تکایە ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ.


#کاندیدی_بەڕێز (20)
کاندیدی بەڕێز تکایە خۆت و حیزبەکەت لەکاتی سەروبەندی بانگەشەدا واخۆتان دەرمەخەن ئێوە یەکەمی بێ ڕکابەرن و لەسەرجەم پارت و لایەنەکانی دیکە جیاوازتر و باشترن یان ئێوە دژی شێوازی حکومڕانی و بەڕێوەبەری و سیاسەتکردنی لایەنەکانی دیکەن، بەکوردییەکەی خۆمان زەوقی بانگەشەکردنتان نەفڕێت و هەموو لایەک زەڕبی سفر بکەن و جا توخوا واز لە فشە فش بهێنن هەموو لایەک مەکەن بەدوژمنی و ڕکابەری خۆتان و زۆر جوێن بەیەک مەدەن ، چونکە دوای هەڵبژاردنەکان هەموتان دەبنەوە بەشەریک و پێکەوە بەردەوام دەبن لەکاولکردنی وڵات و بەشەریکی لێی دەخۆن و لەتەڕ دەخۆن و لە وشک دەنون
بۆیە عەیبەیە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ


#کاندیدی_بەڕێز (21)
کاندیدی بەڕێز کاتێک بەوەت زانی ڕەگەز (مێ)یە و خۆت هەستت کرد سیاسیش نیت و تاقەتی بەڕێوەبردن دامودەزگا و گۆڕانکاری ئیداری نییە و هەروەها خاوەن فکرەی جوانیش نیت لەسیاسەتدا ئەوا دڵنیابە حیزبەکەت هەستیان بەوەکردوە لەش و لار و شێوە و جسمت سیاسییە و هەڵخەڵەتێنەری گەنج و هەرزەکارانە و دەیانەوێت ئەو خەڵکە دەنگ بە جسمت بدەن نەک فیکرت، بۆیە تکایە ڕێگربە لەوەی بازرگانی بە شێوە و جسمتەوە بکرێت چونکە عەیبە و هەروەها پەرلەمانیش نە بنکەی مەگەزین فاشیۆنە و نە هەڵبژاردنی شاجوانیشە
بۆیە عەیبەیە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ڕێگایەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ


#کاندیدی_بەڕێز (22)
کاندیدی بەڕێز, کردنەوەی کەناڵەکانی تۆپخانە و کەناڵە هێرشبەرەکانی حیزبەکانتان لەسەروبەندی بانگەشەدا و ئەو هێرشانەی دەیکەنە سەریەکتر و ئاشکراکردنی مەلەفی خراپەکارییەکانی یەکتر و هەڵدانەوەی لاپەڕەی فەزاحەتەکانی یەکتر و باسکردنی قەباحەتییەکانی یەکتر و هەروەها ئاڕاستەکردنی موشەکی تۆمۆهاکی شەرمەزاری بۆ حیزب و لایەنە دژەکانتان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە سەرجەم پارت و لایەنەکانی ئەم نیشتیمانە هیلاکە فرۆشراوە بەشی ئەوەندە قەباحەت و کاولکاری و مەلەفی نائەخلاقی و گەندەڵی و نیشتیمان فرۆشتنی یەکترتان لایە کە وڵاتتان بەم دۆخە گەیاندوە، بۆیە هیچ سحر و گرنگییەکی تێدا نییە لە ساتی بانگەشەدا بڵاویبکەنەوە، بەڵکو تەنها پەمپدانە لەحەماسیەتی لایەنگرەکانتان بۆ ئەوەی دەنگ کۆبکەنەوە، تکایە هەموتان فێری ئەوەبن کە نیشتیمان فرۆشی و گەندەڵی و تاڵانچێتی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی خیانەتە لەو خەڵکەی کە لەکاتی بانگەشە بیریانتان دەکەوێتەوە و حەماسیەتیان دەفڕێنن
بۆیە عەیبەیە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونت لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ڕێگایەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ


#کاندیدی_بەڕێز (23)
کاندیدی بەڕێز, خۆت و قەوارە و پارتەکەت ئازادن لەوەی هەر شێوازێکی پڕوپاگەندە و ڕیکلامکردن بەکاردەهێنن و چی ئاهەنگ و کەرنەڤاڵە دەیکەن بیکەن، بەڵام تکایە ڕێگە مەدەن هاوئاوازانی حیزبەکانتان لە شەقامەکانی شاردا شەوانە شەڕ بەخەڵک بفرۆشن و تەقە بکەن و ئاژاوە بنێنەوە و پەلاماری لایەنگرانی لایەنەکانی دیکە بدەن, ئەوە شێوازێکی زۆر ناشرین و ناشارستانییە و جا عەیبیشە ئێوە لەسەرەوە لە ئاستی قیادی لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبەکانی دیکە بە پڕۆژەی زەخم تیجارەتی نەوت و گاز و شەریکایەتی یەکتر دەکەن کەچی لەخوارەوە لە ئاستی جەماوەریدا لایەنگرەکانتان دەکەن بە دوژمنی یەکتر و شەڕە هینیان پێدەکەن لەکاتی بانگەشەدا.
بۆیە عەیبەیە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ڕێگایەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ.

#کاندیدی_بەڕێز (24)
کاندیدی بەڕێز, تکایە لەم چەند ڕۆژەی بانگەشەداکە ئەچن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و سەردانیکردنی هاوڵاتیان تکاتیە دەست مەکەن بە فشە فش و بەڵێنی زل‌وزەبەلاح و ئەچن بۆهەر ماڵێک و جێگایەک یەکسەر مەڵێ داتان دەمەزرێنین و ژیانتان بۆ دەگۆڕین و بێوەژن و بێوەپیاو ناهیڵین و ئیش بۆ بێ ئیش دەدۆزینەوە و کارگە دەکەینەوە و بیمەتان بۆ دانین دەکەین و خەڵکی هەڵمەخەڵەتێنن، بەڕاستی ناشرینترین شت ئەو درۆ زەبەلاحانەن کە دەیکەن، تەنها واز لەو بەڵینانە بهێنن بەڕاستی ئەوە لە خودی خۆیدا گۆڕانکاریە.
 هەروەها تکایە ڕۆژانی هەینی و شەوانی ڕۆژەکانی دیکە و کاتژمێرەکانی درەنگی شەو مەچن بۆ ماڵان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، ئەوە کاتی ئیسراحەتە، ئیتر ئێوە تۆزێک خۆتان رێکبخەن و هەوڵی چاکسازی لە خۆتان و بەردەستەکانتان بدەن ئیتر ئەوە خۆی خزمەت و گۆڕانکارییە.
بۆیە عەیبەیە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ڕێگایەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ

#کاندیدی_بەڕێز (25)
کاندیدی بەڕێز, بە خۆت و حیزبەکەت بڵێ بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی گەڕانەوەی لایەنگەرانی حیزبەکانی دیکە بۆ نێو ماڵە گەورە و زلەکە و هاتنەوەی خۆبەخشەکان بۆ نێو ڕیزەکانی هەڵسوڕاوان و هەروەها وازهێنانی هاودیدان و بونەوەیان بە ئەندامی حیزبەکەت و وازهێنانی فڵان هەڤاڵ و کەس و بونەوەی بە لاینەنگری ئیوە و هەروەها پۆل پۆل هەڵوەڕینی ئەندامانی فیسار حیزب و گەڕانەوەیان بۆلای ئێوە و بڵاوکردنەوە ئەم قۆریاتانە لە هەڵبژاردنەکاندا جگە لە جۆرێکی کۆنی درۆ و و بانگەشەی ناشرین هیچ ئەرزشیکی نییە و هیچ لە مەوزع ناگۆڕی.
 بۆیە عەیبەیە ئەو جۆرە لە بانگەشە ببێتە هۆی دەرچونتان لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ڕێگایەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ گەوجاندنی خەڵک و دەنگدەران و بەدەست هێنانی دەنگ

#کاندیدی_بەڕێز (26) (دوا پەیام)

کاندیدی بەڕێز, ئەوە ئیتر سبەینێ بە فەرمی دەست دەکەن بە بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ خۆتان و لیستەکانتان و هەروەها ۱۲ی ئایار هەموو شتێک کۆتایی دێت و خەڵکی دەنگتان پێدەدات، تکایە ئەگەر هەرکەسێکتان دەرچون و گەیشتنە پەرلەمان کار بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لەو بەڵێنانە بکەن کە خۆتان و لیستەکانتان بە خەڵکتان داوە.
 کاندیدی بەڕێز تکایە کە گەشتیتە پەرلەمان (کەشتی دەوڵەمەندبون)، هەرگیز ئامادە مەبە ڕازی بیت بە تاڵانچێتی و مافیایی و گەندەڵی هیچ لایەنێک چونکە ئێوە وەعدتان دا.
 تکایە هەرگیز ئامادە نەبن بۆ بێدەنگ بون بەرامبەر خیانەتکردن لە گەلی خاک و وڵاتتان.
تکایە ئیتر کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. 
بۆ ئومێد دانەوە بە گەنجەکان .
بۆ سڕینی فرمێسکی چاوانی مافخوراوان.
بۆ خزمەتێکی باش و  دروستکردنی مێژویەکی جوان بۆ خۆتان.
#سەندیکای_کاندیدە_دەرنەچووەکان.

ئەڵقەی کۆتایی
هیوادارم بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ئەمساڵ ڕاستگۆیی و ئارامی پێوەبێت  و سەرجەم کاندیدە بەڕێزەکانیش سەرجەم ڕەخنەکان بەدڵفراوانی وەرگرن و ببێت بە ڕەخنەیەکی بنیاتنەر.