نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەیەكی تر تۆماردەكات

جیهان

19/04/2018‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی نەوت بەرێژەی 3 رووی لەبەرزبوونەوە كرد، ئەوەش بەهۆی دابەزینی زۆر لەبەرهەمی نەوتی ئەمریكا.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویكردەوە، كە نرخی نەوت بەرێژەیەكی بەرچاو رووی لەبەرزبوونەوە كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ئەمریكا رووی لەكەمبوونەوە كردووە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە جگە لەكەمبوونەوەی بەرهەمی ئەمریكا، خواستی سعودییەش بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار، هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكەی.

بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی برێنتی جیهانی، لەكۆتا مامەڵەكان 1.90 دۆلار بەرێژەی 2.7% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 73.48 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكاش، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، كە 1.95 دۆلار بەرێژەی 2.9% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 68.47 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

چەند رۆژێكە نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەرزدەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو نائارامییەی لەچەند رۆژی رابردوو لەبازاڕەكانی جیهان دروستبووە.

هـ ـ ح