بواری ساختەكاری كەمدەبێتەوە
كۆمسیۆن لەماوەی 24 سەعاتی دوای هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنێت

عیراق

22/04/2018‌ 991 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەماوەی 24 سەعاتی دوای هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنێت‌و ئەوەش بواری ساختەكاری كەمدەكاتەوە.

سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رایگەیاند، بەرنامەیەكی تایبەتیان هەیە بۆ هەژماركردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سەعید كاكەیی، لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە بەرنامەكەیان بەشێوەیەكە، بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنگی دەنگدەران دەژمێرێت، ئەوەش لەرێگەی ئامێری تایبەتەوە.

ئەو ئەندامەی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جەختیكردەوە، لەماوەی 24 سەعاتی دوای هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنن‌و ئەوپەڕی هەوڵیش دەدەن، بۆ ئەوەی رێگری لەساختەكاری لەهەڵبژاردن بكەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو بەرێوەدەچێت، كە لەرابردوو زۆرێك لەلایەنەكان سكاڵایان بەوە تۆماردەكرد، راگەیاندنی ئەنجامەكان دوادەخرێت‌و بەوەش هۆكاری ساختەكاری زیاتر دەبن.

هـ ـ ح