حیكایەتی ریفراندۆم.. لەلایەن كێ‌و چۆن دەستیپێكرد؟

مەلەفی تایبەت

22/04/2018‌ 5992 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردنی: عەبدوڵڵا حەوێز
بۆ ئەوانەی تاقەتیان نیە هەموو بخوێننەوە بە كورتیەكەی ئەوەیە:
- فیكرەی ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمەی ٢٠١٧ بە فیعلی لە مانگی دووی ٢٠١٧ دەست پێدەكات
- مانگی دوو، هەریەك لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی لە یەك كاتدا دەچن بۆ ئەمریكا و توركیا بۆ پرسی ریفراندۆم - هەردوولا دژی دەبن.
- لە ماوەی هەشت مانگ، مەسرور بارزانی چوار جار دەچێتە ئەمریكا بۆ پرسی ریفراندۆم.
- سەرباری دژایەتی هەموولا، لە كاتەكانی كۆتایی روسیا دێتە سەرخەت بەرانبەر بە فرۆشتنی تەقریبەن هەموو نەوت و گازی كوردستان بە روسیا و فرۆشتنی بۆری نەوت و گازیش بە روسیا.

حیكایەتەكە بەتەواوی وەك ئەوەیە لە خوارەوە خراوەتە روو (هەموو بخوێنەوە بۆ ئەوەی لە حیكایەتە بگەی).

- فیكرەی ئەو ریفراندۆمەی لە كە ٢٠١٧ ئەنجامدرا لەلایەن مەسرور بارزانیەوە گەڵاڵە دەبێت كە پێویستە پرسی سەركەوتن بەسەر داعش و بڕینی موچە بقۆزنەوە، ئەوەبوو لەمانگی پێنجی ٢٠١٦ كە شەر لە دژی داعش بەرەو كۆتایی دەچوو و ماوەیەكی كەم پێش دەستپێكردنی شەر لە دژی داعش، مەسرور بارزانی لە بابەتێكدا كە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوكرایەوە باسی ئەوەی كرد كە ئەوان بڕیاریان داوە ریفراندۆم ئەنجام بدەن و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق مەجالی چاكبونەوەی نەماوە و باسی ئەوەشیكرد كە ئەوان بەشێكی گرنگبوون لە شەر لە دژی داعش و ئەوان كریستیانەكان دەپارێزن و ئەوان هەموو بنەماكانی بەدەوڵەتبوونیان تێدایە و شایەنی ئەوەن پشتیوانیان لێبكرێت (١) - هەر لە بابەتە مەسرو باسی بڕینی موچەی كوردستان دەكات لەلایەن بەغداوە لەكاتێكدا راگرتنی ناردنی موچە بەهۆی پابەند نەبوونی كوردستان بووە بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا وەك لە پۆستێكی پێشتر بڵاوم كردبەوە (٢).

- دوای ئەوە لەگەڵ سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەكان، مەسرور بارزانی لە مانگی دوازدەی ٢٠١٦ دەچێتە ئەمریكا و لەوێ لەگەڵ چەند كەسێكی نزیك لە ترامپ كۆدەبێتە بۆ وەرگرتنی رایان لەسەر پرسەكانی ناوچەكە و بۆ ئەوەی بزانێ تا چەند پشتیوانی لە فیكرەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن، ئەوكاتە بەهۆی پشتیوانی سەرسەختی ترامپ لە ئیسرائیل و دژبوونی بە ئێران لەلایەن مەسرور وا لێكدەدرێتەوە كە ترامپ پشتیوانی لە ریفراندۆم دەكات، بەڵام بەشێوەی فەرمی و كۆنكرێتی باسی ئەنجامدانی ریفراندۆم ناكات و تەنها زەمینەی بۆ خۆش دەكات (٣).

- دوای ئەوە لە ناوەراستی مانگی دوازدەی ٢٠١٦، دوای هاتنەوەی لە ئەمریكا، زانكۆی ئەمریكی كوردستان لە دهۆك كە هی مەسرور بارزانیە كۆنفرانسێكی لەسەر سەربەخۆیی كوردستان بەست و كۆمەڵێك لەو كەسە بیانیانەی بانگكردبوو كە لە بارزانی نزیكن و پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن لەوانەش پشتەر گالبرێس كە پشتر زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری لە گرێبەستەكانی نەوتی كوردستان پێدرابوو و یەكێك بوو لەوانەی پشتیوانی ئابوری سەربەخۆیی كوردستانی دەكرد لەرێی ناردنە دەرەوەی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ و چەندین كەسی تر (٤) (٥). 

- دواتر بەشێوەی فیعلی لەگەڵ تەواوبوونی نزیكبوونەوەی تەواوبوونی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە، پێش پرسینی رای هیچ لایەنێكی سیاسی فیكرەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن مەسرور بارزانیەوە دەچێتە قۆناغی كردەیی و بە پشتیوانی باوكی دەست دەكەن بە هەنگاوی فیعلی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ریفراندۆم.

- یەكەم وڵات كە پرسی پێدەكرێت ئەمریكایە، ئەوە بوو لە بیستی مانگی دووی ٢٠١٧، مەسرور بارزانی دەچێتە ئەمریكا و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لەوێ دەمێنێتەوە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمریكی كۆدەبێتەوە (٦) (٧).

- لەم ماوەیە بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز مەسرور بارزانی خەریكی دروستكردنی لۆبیەك دەبێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریكا بۆ سەربەخۆیی و وەك بەشێك لە هەوڵەكانی رێككەوتنێك دەكات لەگەڵ پاوڵ مانافۆرت كە پێشتر لە كەمپینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ كاری كردووە بۆ لۆبیكردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ئەمریكا (٨).

- هەر بەپێی راپۆرتەكەی نیۆیۆرك تایمز كە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان راپۆرتەكە نوسراوە، مانافۆرت لەژێر لێكۆڵینەوە بووە بەهۆی كەیسی دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و بە پیاوی روسیا ناسراوە، راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە نازانرێت بەپێی رێككەوتنەكە مانافۆرت چەند پارەی وەرگرتووە بەڵام ئاماژە بەوە دەكات كە پێشتر مانافۆرت كاری لۆبیكردنی بۆ كۆمپانیا و وڵاتی تر ئەنجامداوە و لە هەر رێككەوتنێك بە ملیۆنان دۆلار وەردەگرێت.

- هەر لەو كاتەی كە مەسرور بارزانی لە ئەمریكا دەبێت، مەسعود بارزانی دەچێتە توركیا و لە ٢٦ و ٢٧ی دووی ٢٠١٧ لەگەڵ ئەردۆگان كۆدەبێتەوە و لەوێ پرسی ریفراندۆم لەگەڵ ئەردۆگان تاوتوێ دەكات (٩) (١٠).

- وەك دواتر دەردەكەوێت هەردوو لا لە دژی بڕیارەكە دەوەستنەوە و لە دژی ریفراندۆم دەوەستنەوە، بێگومان هەریەكیان بە هۆكاری جیاواز، بەپێی سەرچاوەكانی خۆشم لە توركیا، ئەردۆگان بەراستی دژی فیكرەی ریفراندۆم بووە و پێی وابووە ئێستا بارزانی دەتوانێت نەوت هاوردە بكات و لە هیچی كەم نیە.

- دواتر لە مانگی چوار ئەم پرسە لە كۆبونەوەیەكی فراوانی نێوان یەكێتی و پارتی بە ئامادەبوونی سەركردەكانی هەردوولا تاوتوێ دەكرێت و هەردوو لا رێككەوتن دەكەن لەسەر ئەوەی كە لیژنەیەكی باڵا پێكبهێنن و لە كۆبونەوەیەك لەگەڵ لایەنەكانی تر بكەن بۆ رێككەوتن لەسەر رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كاتە یەكێتی رازی دەبێت بە مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆم (١١) (١٢).

- دواتر لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ٢٠١٧، مەسرور بارزانی بە هاوەڵی فوئاد حوسێن جارێكی تر دەچێتەوە ئەمریكا بۆ لۆبیكردنی زیاتر بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەوكاتە و بەبێ دیاریكردنی رۆژەكەی لە وتارێكدا لە یەكێك لە سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە لە واشتنت دەڵێت كە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجامدەرێت (١٣) و لەگەڵ هەریەك لە بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ماكماستەر و لەگەڵ نێردەی ترامپ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست جارید كۆشنەر كە لە هەمان كاتدا زاوای ترامپە كۆدەبێتەوە (١٤).

- دواتر لە حەفتی مانگی شەشی ٢٠١٧ لە كۆبونەوەیەكدا بە سەرۆكایەتی بارزانی و بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ و نوێنەری بەشێك لە حیزبەكان بە فەرمی رایدەگەینن كە لە ٢٥ی مانگی نۆ ریفراندۆم ئەنجام دەدەن (١٥)، لەكاتێكدا كە ئەو كاتە ئەمریكا و توركیا بە فەرمی دژایەتی خۆیان بە مەسعود و مەسرور بارزانی راگەیاندبوو و هیچ ئامادەكاریەكی جددی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەكرابوو.

- لە كۆتایی مانگی حەفتی ٢٠١٧، مەسرور بارزانی بۆ جاری چوارەم لەماوەی هەشت مانگدا دەچێتەوە واشنتن و لەوێ سەرباری چەند دیدارێك، كەناڵی كوردستان٢٤ كە هی مەسرور خۆیەتی پانێڵێك ساز دەكات بۆ كۆمەڵێك لەو رۆژنامەنوس و كۆنە دیمپلۆماتكارانەی كە خەریكی لۆبیكردنن بۆ ریفراندۆم و ئەم پانێڵە لەلایەن كوردستان٢٤ و مەسرور وەك پشتیوانی ئەمریكا بۆ ریفراندۆم وێنا كرا لەكاتێكدا لە راستیدا هیچ یەك لەوانەی لە پانێڵەكان بەشداریان كرد پۆستیان نەبوو لە ئیدارەی ترامپ و ئیدارەی ترامپ بە فەرمی دژی ریفراندم بوو (١٦).

- بەڵام لەم كاتە حەدەسێكی گرگن روودەدات كە تا راددەیەك وا بە بارزانی دەكات سەرباری فشارەكان بەردەوام بێت لە فیكرەی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەویش ئیمزاكردنی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆزنەفت كە كۆمپانیایەكی نزیكە لە ڤلادیمێر پۆتین تەنها حەفت رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و روسیاش تەنها وڵاتی گەورەبوو كە دژایەتی ریفراندۆمی نەكرد و وتی كە لە ئارەزووی كورد دەگات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەگات (١٧) و پێشتریش لە مانگی شەش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین كۆبویەوە و پرسی ریفراندۆمی لەگەڵ باس كردبوو (١٨).

- تەنها سێ رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، رۆژنامەنوس مایك گیگلیۆ لە سایتی بەزفید پرۆفایلێكی دورودێژی لەگەڵ مەسرور بارزانی بڵاوكردەوە كە وەك لە راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ كردووە ماوەی سێ مانگ كاریان لەسەر پرۆفایلەكە كردووە و دوای ئەنجامدانی سێ دیمانەی چەند كاتژمێری دێت لەگەڵ مەسرور. لە دیمانەكە مەسرور وەك مەكینەی پشت ئەنجامدانی ریفراندۆم پیشان دەدرێت، پرۆفایلەكە بەم شێوەیە وەسفی مەسرور دەكات: "ئەو پیاوەی لە پشت سەربەخۆیی كوردستانەوەیە مەسرور بارزانیە، كە تەمەنی ٤٨ ساڵە و، یەكێكە لە میراتگرانی ئەو بنەماڵەیەی كە كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستانیان كردووە و مەسرور یەكێكە لە بەهێزترین بەرپرسی موخابەراتەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست" (١٩). هەر لەم دیمانەیە مەسرور دەڵێت كە ئەوان رۆڵی گرنگیان هەبووە لە شەری داعش و ئێستا مافی خۆیانە ببنە وڵاتێكی سەربەخۆ.

- بۆچی دوای ریفراندۆم، سەرباری هەڕەشەكان توركیا ناردنی نەوتی لە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان رانەگرت؟ (وەڵامەكە روسیایە كە لە دوای ریفراندۆم لە رێككەوتنێكی خێرادا بۆری نەوتی كوردستان-توركیا دەكرێتەوە، لە پۆستێكی تر بە روونی و بە درێژی باسی دەكەم) (٢٠)..

تێبینی: 
- ئەوەی وتومە تەنها ئەوەیە كە روویداوە و هیچی تەحلیل نیە - تەنها تایملاینی رووداوەكانە، وابزانم هەركەسێك تۆزێك عەقڵی بەكاربخات دەتوانێت نوقتەكان بەیەكەوە ببەستێتەوە: لەوانە بۆچی ئەوەی گەورەترین رۆڵی هەبوو لە مەسەلەی ریفراندۆم مەسرور بارزانی بوو؟ بۆچی نێچیرڤان تەقریبەن هیچ رۆڵی نەبوو؟ بۆچی یەكێتی لەكاتێكدا هیچ رۆڵێكی نەبوو بەڵام بە ئەنجامدانی ریفراندۆم رازی بوو؟
سەرچاوەكان:
١- https://www.washingtonpost.com/…/b1d5218c-1221-11e6-81b4-58…
٢- https://www.facebook.com/abdullahawez9/videos/1736438636395282/
٣- http://www.kurdistan24.net/…/masrour-barzani-to-discuss-fut…
٤- http://www.kurdistan24.net/…/ccff9c98-64d8-4ff0-b4ac-524c26…
٥- http://www.kurdistan24.net/…/1848ba2c-3f17-4781-a242-06911f…
٦- http://www.kurdistan24.net/…/2e7a479f-d339-445d-b3ff-a5899c…
٧- http://www.kurdistan24.net/…/f0da3325-d3c7-4fe5-84a7-d9c9b7…
٨- https://www.nytimes.com/…/…/manafort-kurdish-referendum.html
٩- http://www.rudaw.net/english/kurdistan/260220171
١٠- http://www.kurdistan24.net/…/we-ll-discuss-kurdistan-indepe…
١١- https://www.iraqnewsgazette.com/kurdish-senior-official-pu…/ 
١٢- http://ekurd.net/kdp-puk-kurdistan-independence-2017-04-11 - http://www.rudaw.net/english/kurdistan/020420171
١٣- https://www.washingtontimes.com/…/high-level-kurdish-offic…/
١٤- http://www.rudaw.net/english/kurdistan/160520174
١٥- http://www.rudaw.net/english/kurdistan/070620171
١٦- http://www.kurdistan24.net/…/fb07104f-e47d-4e0b-bf7d-41c073…
١٧- https://www.reuters.com/…/russia-becomes-iraq-kurds-top-fun…
١٨- http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=010000&l=12&a=55656
١٩- https://www.buzzfeed.com/…/the-kurdish-independence-referen…
٢٠- https://uk.reuters.com/…/russias-rosneft-to-take-control-of…