كۆبوونەوەكەی ترامپ‌و ماكرۆن نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان نزمدەكاتەوە

جیهان

25/04/2018‌ 818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان رووی لەنزمبوونەوە كرد، ئەوەش بەهۆی كۆبوونەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكاو ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەكەی ترامپ‌و ماكرۆن  تایبەت بووە بە رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی زلهێزو ئێران، بۆیە كاریگەری لەسەر نرخەكەی داناوەو رووی لەنزمبوونەوە كردووە.

بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی جیهانی، كە نەوتی برێنتە، لەكۆتا مامەڵەكان 85 سەنت بەرێژەی 1.1% رووی لەنزمبوونەوە كردووەو هەر بەرمیلێكی بە 73.86 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكاش، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، 94 سەنت بەرێژەی 1.37% دابەزیوەو هەر بەرمیلێكی بە 67.70 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، نرخی نەوت لەدوو هەفتەی رابردوو زنجیرەیەك بەرزبوونەوەی تۆماركرد، بەشێوەیەك چەند رۆژێك لەسەروو 75 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەكرا، كە ئەوەش بەرزترین نرخی چوار ساڵی رابردوو بوو.

هـ ـ ح