تاقیكردنەوەی‌ هێز.. هێزە كوردییەكان خەیاڵیان لای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستانە

عیراق

04/05/2018‌ 1405 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بۆ هێزە كوردییەكان ئەم هەڵبژاردنە دوو تاقیكردنەوەی‌ گرنگی‌ تێدایە، جارێك بۆ پێوانی رادەی‌ جەماوەریی خۆیانە، جارێكی‌ تریش وەك پرۆڤەیەكە بۆ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.

دەبوو ساڵی‌ رابردوو هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەڕێوەبچوبایە، بەڵام پەرلەمان بەبڕیارێك تەمەنی‌ خۆی‌ درێژكردەوەو تائێستاش روون نییە كەی‌ ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەكێك لەگریمانە بەهێزەكان ئەوەیە لەكۆتایی‌ ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

لەنێوان هەڵبژاردنی‌ ئەیلولی‌ 2013 تائێستا چەندین رووداو لەهەرێمی‌ كوردستان روویداوە كە هەموویان بەئاراستەی‌ شكستی‌ حوكمڕانیدان‌و لەو ماوەیەدا هێزە كوردییەكان نەك سەرڕاست نەبوون لەبردنەسەری‌ بەڵێنەكانیان، بەڵكو باری‌ گوزەرانی‌ خەڵك چەند هێندە قورس بوو.

قەیرانی‌ دارایی‌‌و نەدانی‌ موچەو زیادكردنی‌ باج‌و نائارامی‌ شەڕی‌ داعش‌و ناكۆكی‌ سیاسی‌‌و پێشلێكاری‌ مافی‌ مرۆڤ‌و سەركوتكردنی‌ میدیاو لەدەستدانی‌ نیوەی‌ خاكی‌ كوردستان، هەموو ئەو رەفتارانە بوون كە لەچوار ساڵ‌و چەند مانگی‌ رابردوودا روویداوە، ئەمانەش خەڵكییان لەهەموو هێزە سیاسییەكانی‌ كوردستان توڕەكردووە.

ئێستا، كە هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق هاتووەتە پێشەوە، هەریەك لەهێزە كوردییەكان ئەم هەڵبژاردنە وەك پرۆڤەیەك دەبینن بۆ پێوانی‌ رادەی‌ جەماوەریی خۆیان، رەنگە دوای‌ ئەم هەڵبژاردنە بڕیار بدەن ئاخۆ هەڵبژاردنی‌ كوردستان بەم زووانە ئەنجام دەدەن یاخود بۆ ماوەیەكی‌ دیكە دوای‌ دەخەن.

بەپەیامی‌ ئەم هەڵبژاردنەدا دیارە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ جاران (گۆڕان، كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌) دەیانەوێت چانسێكی‌ دیكە لەدژایەتیكردنی‌ حكومەتی‌ هەرێم تاقیبكەنەوەو بەدەرخستنی‌ شكستی‌ ئەو حوكمڕانییە، بەرپرسیارێتی‌ لەشانی‌ خۆیان دابماڵن‌و دەنگی‌ خەڵك كۆبكەنەوە.

پەیامی‌ لایەنی‌ بەرانبەریش روونە (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان)، چونكە ئەو دوو هێزە كە 27 ساڵە حوكمڕانن، بەئاشكرا دەڵێن، سندوقەكانی‌ دەنگدان ئەوان لەدەسەڵات لانابات.

مەلا بەختیار، كە یەكێكە لەسەركردە دیارەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكی‌ تەلەفزیۆنیدا وتی‌: "یەكێتی‌ گرفتی‌ نییە یەك كورسی‌ یان سەد كورسی‌ بهێنێت هەر یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانین.. ئێمە چەكمان هەیە  قبوڵناكەن كەس چەكمان بكات".

ئەم لێدوانە هەر زوو لەزاری‌ قادر حاجی‌ عەلی‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە وەڵامدرایەوە كاتێك لەكۆبوونەوەیەكی‌ جەماوەرییدا لەبەردەم لایەنگرانی‌ حیزبەكەی‌ وتی‌ "ئەگەر بتوانین لەهەڵبژاردنەكاندا یەك كورسی‌ لەپارتی‌‌و یەكێتی‌ زیاتر بهێنین ئەوا بەیەك هەفتە دەسەڵاتیان لێوەردەگرین".

هەموو ئەم پەیام‌و شەڕە قسانە دەریدەخەن لەكوردستان بەر لەوەی‌ ململانێ‌ بێت بۆ پەرلەمانی‌ عێراق، شەڕەكە ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.

ئەگەر تەماشای‌ بەرنامەی‌ هەڵبژاردنی‌ هەریەك لەحیزبەكانیش بكەیت، زۆرینەیان باس لەچارەسەری‌ ئەو كێشانە دەكەن كە چارەسەرەكەیان لەكوردستانە نەك لەبەغدا، بۆ نموونە بەشی‌ هەرە زۆریان چارەسەری‌ كێشەی‌ موچەیان كردووەتە ئامانجی‌ سەرەكی‌.

هەروەها هەموویان باسی‌ وەرگرتنی‌ دەسەڵات دەكەن، لەكاتێكدا دەسەڵاتی‌ فیعلی‌ لەكوردستان لەرێی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستانەوە وەردەگیرێتەوە نەك بەغدا.

لەناو هەموو ئەم گێژاوەشدا لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی‌ جۆرێك لەرێكخراو بەڕێوەدەچێت كە باس لەوە دەكات ئەنجامی‌ هەڵبژاردن هەرچییەك بێت هەر پارتی‌‌و یەكێتی‌ باڵادەستن، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ جارانیش ئەم هەڵمەتە وەك جۆرێك لەپەیام دەبینن بەوەی‌ هێزە باڵادەستەكان دەیانەوێت خەڵكی‌ سارد بكەنەوە لەدەنگدان.

یوسف محەمەد سەرۆكی‌ پێشووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "هەرچەندە دەستاو دەستی‌ دەسەڵات لەهەرێمی‌ كوردستان هاوشێوەی‌ وڵاتە دیموكراسییەكان ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە".

ئەمە ئەو قسەیەیە، كە خەسرەو گۆران بەرپرسی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ جەختی‌ لێدەكاتەوە، بە"نیقاش"ی‌ وت "لەم قۆناغەدا هیچ حزبێك لەكوردستان ناتوانێ‌ بەتەنیا زیاتر لەنیوەی‌ دەنگەكان بهێنێت تا دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام  ئەگەر هێزێك زۆرینەی‌ كورسییەكانی‌ پەرلەمانی‌ بەدەست هێنا مافی‌ ئەوەی‌ هەیە كابینەی‌ حكومەت دروست بكات‌و وەك پارتی‌ باوەڕمان بەدەستاو دەستكردنی‌ ئاشتیانەی‌ دەسەڵات هەیە".

لەبەر ئەوەی‌ تۆپی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان خراوەتە گۆڕەپانی‌ خودی‌ پەرلەمانەوە، بۆیە هێزە كوردییەكان چاوەڕێ‌ دەكەن بزانن ئەنجامیان لەم هەڵبژاردنەی‌ پەرلەماندا چۆن دەبێت، ئەگەر ئەنجامەكەیان بەدڵ بوو، ئەگەرێكی‌ بەهێز ئەوەیە لەكۆتایی‌ ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێَزگاكان، هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانیش بەڕێوە بچێت، ئەگەر بەدڵیشیان نەبوو، ئەوە چارەنووسی‌ ئەو هەڵبژاردنە بەكاتێكی‌ نادیار دەسپێن.