تەندروستی هەولێر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا رەتدەكاتەوە

کوردستان

17/05/2018‌ 446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر‌ راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلای لەهەولێر رەتكردەوەو دڵنیاییدا هیچ حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە بوونی نییە.

لەراگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێردا هاتووە "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەبوونی نەخۆشی ئیبۆلا لەچەند پەیج و ئەكاونتێك، بەڕێوەبەرا‌یەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر و تیمە پسپۆرییەكان ماوەی چەند رۆژێكە لێكۆڵینەوە و پشكنین دەكەن دەرەنجام هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی ئیبۆلا دەرنەچووە".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، كە بۆ دڵنیابوون و پشتڕاستكردنەوەی پشكنینەكان، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان نموونەكانی خوێنی رەوانەی تاقیگەی ناوەندی بەغدا كردووەو دوای دووبارە پشكنینەوە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدرال دڵنیاكراونەتەوە، كە هیچ حاڵەتێكی ئەم نەخۆشییە نییە و پشكنینەكان نێگەتیفە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر‌ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، كە بڵابوونەوەی ئەو هەواڵە تەنیا پڕوپاگەندەی بێبنەمایە و دروستكردنی دڵەڕاوكێییە و ئەم دەنگۆیە رەتدەكەنەوە.

فاخیر كرمانجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە، كە باسیان لە هەبوونی نەخۆشی ئێبۆلا دەكرد و رایگەیاندبوو "كەسێك بە نەخۆشییەكی دەگمەن گیانی لەدەستداوە، بەڵام نەخۆشییەكە ئیبۆلا نییە".

فاخیر كرمانجی لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "دوێنێ كەسێك بەنەخۆشییەكی دەگمەن گیانی لەدەستداوە و دوای پشكنین دەركەوتووە، كە نەخۆشییەكی دەگمەنە، بەڵام ئیبۆلا نییە".

سەبارەت بەو نەخۆشییە دەگمەنەش، فاخیر كرمانجی وتی: "دوای تەواوبوونی ئەنجامی پشكنینەكان، جۆری نەخۆشییەكە رادەگەیەنین، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە نەخۆشییەكە ئیبۆلا نییە".

هـ ـ ح