هەموو شتێك لەپێناو بردنەوەدا.. میدیاكانی‌ هەرێم لەتاقیكردنەوەی‌ هەڵبژاردندا دەرنەچوون

عیراق

19/05/2018‌ 1239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
زۆربەی‌ میدیاكانی‌ كوردستان لەكاتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن‌و رۆژانی‌ دواتریشدا كەوتنە چاڵی‌ ناپیشەیییەوە، ئەوانەش توشی پەتاكە بوون، كە لەبەرەی‌ ئەهلی یا سێبەردان.

پاش ماوەیەكی‌ كەم لەئامادەكردنی‌ بینەریان بۆ راگەیاندنی‌ "سەركەوتنی‌ گەورە"ی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەهەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ عێراقدا، ئێوارەی‌ 12ی‌ ئایار كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێنی‌ سەر بە بزوتەوەكە جەماوەرەكەی‌ توشی سەرسوڕمانكرد.

ئەو كەناڵە دەرەنجامی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ رەتكردەوەو یەكێتی‌ بەهاككردنی‌ سیستمی‌ ئەلكترۆنی‌ هەژماركردنی‌ دەنگەكان تۆمەتبار كرد كە تائێستاش ئاگری‌ ئەو ناكۆكییە نەكوژاوەتەوە.

ئەو رەوشە لەئاڵۆزی‌ سیاسی‌ بەهۆی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنەكانەوە لەهەرێمی‌ كوردستان دۆخی‌ زۆربەی‌ میدیاكانیشی لەگەڵ خۆیدا تێكدا.

هەر ئەو رۆژە كەناڵی‌ كورستان 24ی‌ سە بەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان روماڵی‌ دەنگۆی‌ هێرشكردنە سەر مەكۆی‌ سەرەكی‌ بزوتنەوی‌ گۆڕانی‌ دەكرد لەشاری‌ سلێمانی‌ كە ئەو بزوتنەوەیە یەكێتی‌ پێ تۆمەتبار كرد لەگەڵ ئەوەی‌ پێشتر لەكاتی‌ بانگەشەدا میدیای‌ گۆڕان‌و پارتی لەشەڕێكی‌ یەكتر پسێندا بوون.

روماڵی‌ میدیاكان بۆ دەرهاویشتەی‌ دوای‌ راگەیاندنی‌ ئەنجامی‌ بەرایی دەنگدان وەك نەوتكردن بوو ئاگری‌ شەڕەكەدا،

میدیای‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان هانی‌ لایەنگرانیدا لەدەوری‌ مەكۆی‌ سەرەكیان لەسلێمانی‌ كۆببنەوە لەپاش ئەوەی‌ ئاڵۆزی‌ لەنێوان لایەنگرانی‌‌و هێزێكی‌ ئەمنی‌ دروست بوو كە تەقەكردنی‌ لێكەوتەوە ئەوەش ئەوەندەی‌ تر كەشی دوای‌ هەڵبژاردنی‌ ئاڵۆزتر كرد كە تیایدا سەدان كەس بەچەكەوە گردبوونەوە.

روماڵی‌ زۆربەی‌ میدیا حزبی‌و نیمچە حزبی و"ئەهلیەكان" لەشەوی‌ یەكەمی‌ ئاشكرابوونی‌ ئەنجامە بەراییەكان ئەوەندەی‌ بەئاڕاستەی‌ ئاڵۆزكردنی‌ بارودۆخەكەو چڕكردنەوەی‌ ململانێكاندا بوون ئەوەندە بۆ  هێوركردنەوەی‌ دۆخەكە نەبوو.

كاروان عەلی ناوی‌ خوازراوی‌ لایەنگرێكی‌ گۆڕانە كە بۆ "نیقاش" وتی‌ "هەر كە گوێم لێ بوو كەی‌ ئێن ئێن داوایكرد گۆڕی‌ كاك نەوشیروان بپارێزین چوم بەرەو گردەكە". 

ئەو رەوشە لەشەڕی‌ میدیا لەهەرێمی‌ كوردستان لەدایك بووی‌ ئاشكرا بوونی‌ دەرەنجامی‌ هەڵبژاردنەكان نەبوو، بەڵكو سیفەتی‌ بۆ ماوەیی كاتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن بوو كە زیاتر لەمانگێك میدیاكان شێوازەكانیان تاقی كردبووەوە.    

زۆربەی‌ میدیا حزبی و نیمچە حزبی‌ وسێبەر و تەنانەت ئەهلیەكانیش لە هەرێمی‌ كوردستان لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردندا جڵەوی‌ كاری‌ پیشەیی خۆیان لەدەستدا وەك ئەوەی‌ بانگەشە سەنگی‌ مەحەك بووبێت بۆ دەرخستی‌ توانای‌ خۆڕاگرتنی پیشەیی‌و بێلایەنبوونیان لەقەیرانەكاندا.

ئەو كەناڵانەی‌ زمانحاڵی‌ حزبەكان بوون كەوتنە شەڕێكی‌ قورسەوە، هەڵمەتی‌ بانگەشەیان بەئاقارێكدا برد كە پێشتر پێیدا نەڕۆیشتبوون.

هێرشكردنە سەر سەركردایەتی‌‌و سومبولەكانی‌ یەكتر لەرێگەی‌ ئەو كەناڵانەوە سیمایەكی‌ دیاری‌ بانگەشەیان بوو كە هەندێكجار سنوری‌ ناوەزڕاندنیشی تێدەپەڕاند.

"تۆپخانەكە" نازناوی‌ كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێن بوو كە لایەنگرانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەوشێوەیە ناویان لێناوە، ناوەڕۆكی‌ راپۆرتە ئاگرینەكانی‌ كەناڵەكە شەوانە هەرجارەو ئاڕاستەی‌ یەكێك لە دوو ركەبەرە سەرەكیەكەی‌‌و كەسایەتیەكانی‌ بوو كە یەكێتی‌‌و پارتی بوون، جاربەرجایش هێرشی دەكردەسەر جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ كە پێشبینی‌ دەكرا بەشێك لە دەنگەكانی‌ ببات.

د ئیبراهیم سەعید مامۆستای‌ راگەیاندن لە زانكۆی‌ سلێمانی   بە"نیقاش"ی وت "لەكاتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردندا میدیای‌ حزبەكان ئەوەندەی‌ كاریان لەسەر نابوتكردنی‌ بەرانبەرەكانیان دەكرد ئەوەندە كاریان لەسەر پیشاندانی‌ جوانیەكانی‌ حزبەكانیان نەدەكرد".

ئەو دەڵێت "تاهێندێك تۆمەتبەخشینەوە لەمیدیاكانەوە دەرفەتی‌ سەلملاندنی‌ تێدایە بەبەڵگە، بەڵام پەنابردنی‌ ئەو میدیایانە بۆ سوكایەتیپێكردن بەكەسایەتی‌ بەرانبەریان پێچەوانەی‌ بنەمای‌ ئەخلاقی كاری‌ میدیاییەو لەڕوی‌ یاساییشەوە رێگە پێنەدراوە".

میدیاكانی‌ یەكێتیش زۆربەی‌ گۆڕەپانی‌ شەڕی‌ لەگەڵ لیستی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی و دادپەروەری‌ بوو كە لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری‌ پێشوی‌ سكرتێری‌ ئەو حزبەوە سەركردایەتی‌ دەكرا.

راپۆرتەكانی‌ كەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌ گەلی‌ كوردستانی‌ زمانحاڵی‌ یەكێتی‌ شەڕی‌ ئەمڕۆی‌ هاوحزبەكەی دوێنێیان بوو، كە پرۆژەكانی‌ پێشوی‌ بەرهەم ساڵحی‌ لە سەرۆكایەتی‌ حكومەتدا (2009-2011) دەكردە موڵكی‌ یەكێتی‌ كە ناوبراو لەهەڵمەتەكانی‌ بانگەشەدا بەكاری‌ دەهێنا.

ئەو كاردانەوەیە لەبەرانبەر هەڵمەتی‌ كەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌  خەندانی‌ تازە دروستكراوی‌ رەوتەكەی‌ بەرهەم ساڵحەوە بوو  بەرانبەر بە كێشەكانی‌ سیستیمی‌ بەڕێوەبردن كە یەكێتی‌ بە بەشێك لەو شكستانە دەزانی‌.

سوپرایزی‌ ئەم هەڵبژاردنە لادانی‌ ئەو میدیاییانە بوو كە پێشتر پیشەیی روماڵكردنیان كردبووە دروشم بۆ كاركردنیان بەڵام بانگەشە ئەو دروشمەی‌ لێوەرگرتنەوە. 

كەناڵی‌ روداو كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمەوە خاوەندارێتی‌ دەكرێت جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی‌ پێشوو هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ راستەوخۆ پەخش دەكردو لەگەشتەكانی‌ هەواڵی‌ رۆژانەشیدا وتاری‌ بەرپرسەكانی‌ لەو بانگەشانەدا دەكردە بابەتی‌ رۆژنامەوانی‌.

زۆرجار ئەو گوتارانە ئاڕاستەكراوبوون لەدژی‌ ركەبەرەكانیان بەتایبەت یەكێتی‌، تیایدا پرسی پاشكەكشێی‌ پێشمەرگە لە 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ رابردوو لە كەركوك پشكی‌ شێری‌ بەركەوتبوو كە پارتی‌، یەكێتی‌ بە بەرپرسیار لەو شكستە دەزانێت.

لە 9ی‌ ئایاردا كەناڵی‌ روداو راپۆرتێكی‌ لەسەر بانگەشەی‌ پارتی‌ لە سنوری‌ قەزای‌ زاخۆ بڵاوكردەوە كە تیایدا مەسرور بارزانی‌ ئەندامی‌ مەكتەبی سیاسی‌ پارتی‌ دەڵێت "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتێك نییە نە ئەمڕۆ و نە لە داهاتوودا هەرگیز لەبیری بكەین، ئەمڕۆش ئەو رۆژەیە كە بە دەنگی خۆتان سزای ئەو كەسانە بدەن كە لەو خیانەتەدا بەشداربوون".

زۆربەی‌ هەڵمەتەكان بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ لە كەناڵی‌ روداو نمایشدەكران بەبێ ئەوەی‌ بەهەمان ئەندازە روماڵی‌ وتاری‌ بەرپرسانی‌ تری‌ حزبەكان بكات لە بانگەشەی‌ هەڵبژاردندا تەنیا ئەوانە نەبێت كە دەیتوانی‌ زانیاریەكانی‌ لەدژی‌ ركابەرەكانی‌ پارتی بەكاربهێنێتەوە .

د. ئیبراهیم سەعید پێیوایە ئەو كەناڵانەی‌ كە بە سێبەر هەژمار دەكرێت بەشێوەیەكی‌ ناڕاستەوخۆ كاریان لەسەر ناشرینكردنی‌ بەرانبەرەكانیان كردووە.

یەكەم پرسیاری‌ بەرنامەیەكی‌ كەناڵی‌ روداو لە كاندیدێكی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ سەبارەت بە بوونی‌ وەزارەتی‌ مافی‌ مرۆڤ لە عێراق لەیەكەم رۆژی‌ بانگەشەدا هەر زوو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی‌ دژ بەو كاندیدە گەرم كرد كاتێك نەیزانی‌ وەزارەتێك نییە بەو ناوەوە.

سوپرایزی‌ دووەمی‌ كاری‌ میدیایی بانگەشەی‌ هەڵبژاردن لادانی‌ ئەو میدیایانە بوو كە لەبەرەی‌ رۆژنامەوانی‌ "ئەهلی‌" هەژمار دەكران.

كەناڵی‌ ئێن ئاڕتی بەهۆی‌ ئەوەی‌ شاسوار عەبدولواحیدی‌ خاوەنی‌ سەرۆكایەتی‌ لیستی‌ نەوەی‌ نوێی‌ دەكرد ئاڕاستەی‌ روماڵی‌ پێشتری‌ لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردندا گۆڕی‌.

زۆربەی‌ پانتایی روماڵی‌ رۆژانەی هەواڵ و بابەتە میدیایەكانی‌ كەناڵەكە لەسەر ئەو پەیامانەبوون كە سەرۆكی‌ لیستی‌ نەوەی‌ نوێ و كاندیدەكانیان رۆژانە هەیانبوو لەكاتێكدا بانگەشەی‌ لایەنەكانی‌ تری‌ روماڵ نەدەكرد،  ئەوە جگە لەبڵاوكردنەوەی‌ ئەو راپۆرتانەی‌ كە لێدان بوو لەئاستی‌ جەماوەری‌ ركەبەرەكانی لیستی‌ نەوەی‌ نوێ .

لە 6ی‌ ئایاردا كەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ راپۆرتێكی‌ لەسەر بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ شاسوار عەبدولواحید لە بادینان بڵاوكردەوە كە  لە پێشەكیەكەیدا بێلایەنی‌ لەدەستداوە كە نوسیوێتی‌ "جموجوڵ و بانگەشەكانی لیستی نەوەی نوێ دوو ڕۆژە لە سنوری هەولێر و بادینان چڕبووەتەوە و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، نابێت تەنیا بنەماڵەیەك دەست بەسەر بادیناندا بگرێت.".

مامۆستاكەی‌  راگەیاندن دەڵێت "لەبانگەشەدا ئەو كەناڵانەش كەوتنە ئەو لادانانەوە لە پیشەیی كە پێشتر خۆیان بەكەناڵی‌ بێ لایەن و ئەهلی‌ دەزانی‌".

شەڕی‌ میدیایی لەكاتی‌ بانگەشەدا ئاوێنەی‌ گەورەیی قەبارەی‌ ئەو ململانێیە بوو كە لایەنە سیاسییەكان كەوتنە ناوی‌، بەشێوەیەك كە نە خۆیان توانیان هەمونی‌ ئەو لادانانەی‌ كەناڵەكانیان بكەن لە پشیەیی بوون نە رێوشوێنی‌ لایەنە چاودێرەكانیش بەو قەبارەیە بوون كە بیانخاتەوە سنوری‌  كاری‌ خۆیان.

زانا عوسمان بەرپرسی راگەیاند و پەیوەندییە جەماوەرییەكانی‌ ئۆفیسی هەرێمی‌ كوردستانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق بە"نیقاش"ی وت "رۆژانە لە نوسینگەكانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكان لە هەرسێ شاری‌ سلێمانی‌ و هەولێر و دهۆك راپۆرت لەسەر پێشێلكاری‌ میدیاكان بەرزكراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی‌ كۆمسیاران و ئەوانیش بڕیاریان لەسەر سزاكانیان دەدا".

وتیشی‌"سزای‌ ئەو لادانانەی‌ میدیاكان زیاتر سزای‌ داراییە".

رۆڵی‌ میدیا لە بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا  جگە لەوەی‌ نەیتوانی‌ هاوڵاتیان بە زانیاریەكانیان قایل بكات تەوژمێكی‌ بێزاربونی‌ هاوڵاتیانیشی لەو جۆرە مامەڵەیەی‌ میدیا دروست كرد.

كامەران بەكر (42 ساڵ) بەجۆرێك لە شەڕی‌ راگەیاندنی‌ میدیاكان بێزار بووە كە ئەو ماوەییەی‌ لە ماڵەوەیە بەدەستی‌ خۆی‌ رێگری‌ لەوە كردووە كە چاوی‌ لەو كەناڵانە بێت.

ئەو بە"نیقاش"ی وت "سەرجەم كەناڵە حزبییەكانم لەئامێری‌ سەتەلایەتەكەمدا سڕیوەتەوە، گوێ بۆ شەڕی‌ سیاسی نەگرم باشترە".