ڤیدیۆیەكی سەرنجڕاكێشی ئاهەنگی هاوسەرگیری شازادە هاری‌و میگان

هەمەڕەنگ

20/05/2018‌ 877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەوەی شاژنی بەریتانیا ئەلیزابێتی دووەم، كە لە ریزبەندی شەشەمی میراتگیری دایە شازادە پرێنس هاری لەگەڵ ئەكتەری ئەمریكی مێگهان ماركڵی هاوسەرگیری كرد. 

رێوڕەسمی هاوسەرگیرییەكە بە بەشداری شاژنی بەریتانیا ئەلیزابێتی دووەم‌و شازادە فلیپی هاوسەری شاژن‌و سەرجەم ئەندامانی خێزانی شاژن لەپەر‌ستگاری مێژوویی قەڵای ویندسۆر لەرۆژئاوای لەندەن بەڕێوەچوو. 

رێوڕەسمە ئایینییەكە، لە كۆریدۆری سەرەكی كڵێساكە بەوە دەستی پێكرد، كە مێگهان ماركڵی دەستی خستە قۆڵی خەزووری، كە شازادەی جێنشین چارڵزەو رێوڕەسمەكە لەلایەن مەتڕانی كڵێسای ئەنگڵیكان جەستن وێبڵی بەڕێوە برا. 

بەهۆی رێوڕەسمەكەوە ٣٠ هەزار پۆلیس ئەركدار كرابوون بۆ رێگەگرتن لەهەر كارێكی نەخوازراو رێوشوێنی ئەمنی چڕوپڕیان گرتە بەر. 

بەمەبەستی بەشداریكردن لەو رێوڕەسمە شاهانەیەدا هەزاران كەسی بەریتانی لە بەیانی زووەوە هاتنە گۆڕەپانەكە. 

بە پۆشینی ئەو تیشێرتەی ئاڵای بەریتانیا و وێنەی بووك و زاوای لەسەر بوو رژانە ناو كۆڵان و داڵانەكانی ئەو ناوچەیەی رێوڕەسمەكەی لێ بەڕێوەدەچوو. بە تایبەتی گرنگیدان بەو رێوڕەسمە لەلایەن هاووڵاتییانی ئەمریكی بووە جێی سەرنج. 

جگە لە خێزانی بوك و زاوا و خزم و ناسیاو و هاوڕێكانیان هاوكات دوو هەزار و ٦٤٠ كەس بانگهێشت كرابوون بۆ ئەو رێوڕەسمە. 

بەپێی نەریتەكانی شاهانە دەبێ مێگهان-ی تەمەن ٣٦ ساڵ واز لەكاری ئەكتەری بهێنێ و لەگەڵ هاوسەرەكەی دەست بكات بە كاری خێرخوازی.

ئەندامانی خێزانی شاژن ساڵانێكی زۆرە وەك نەریتێك یارمەتی دامەزراوە خێرخوازییەكان دەدەن لە بەریتانیا.

هـ ـ ح