حكومەتی هەرێم زۆرینەی زەوییە روكنەكانی فرۆشتووە

کوردستان

22/05/2018‌ 1023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە هەولێر بەبڕی دەیان ملیار دینار زەوی روك‌وو نایاب فرۆشراون و بەرپرسانی شارەوانیش وردەكارییەكەی ئاشكرادەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی هەفتەنامەی باس لەهەواڵێكدا بڵاویكردووەتەوە، شارەوانی ھەولێر لە ساڵی 2017   بایی 20 ملیار زەوی روكنی فرۆشتووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان داتاكان لەماوەی 5 مانگی رابردوودا لەهەولێر بایی  2 ملیار و 656 ملیۆن و 412 هەزار دینار زەوە روكن‌و نایاب فرۆشراوە بە پارەكەی 10 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری جێبەجێ كراوە.

كرمانج دەشتەكی وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند فرۆشتنی زەوییە روكن و نایابەكان بەردەوامی هەیە، بۆ ئەوەی پڕۆژەی پێجێبەجێبكرێت.

كرمانج دەشتەكی راشیگەیاند "ئەو زەویانەی لە گەڕەك و شوێنە گرنگەكانە و ماونەتەوە یان دابەشكراون و وەرنەگیروان ئەوە بە پێی چەند رێنماییەك  دەفرۆشرێن".

ناوبراو روونیكردەوە نرخی زەوییەكان لە شوێنێك بۆ شوێنێك جیاوزای هەیە، رایگەیان "لیژنەیەكی خەمڵاندن لە شارەوانی هەیە كە ئەندامی خانووبەرە و شارەوانی و نوێنەری ژووری بازرگانی تێدایە، نرخی زەویەكان لە شوێنێك بۆ شوێنێك جیاوازی هەیە".

لە سەرەتای ساڵی 2016 سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستانی سەرپشك كردووە لەفرۆشتنی ئەو زەوییانەی نایاب و روكنن بۆئەوەی بەپارەكەیان پڕۆژە تەواونەكراوەكان جێبەجێ بكەن.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی جەختی كردەوە لە سنوری شەش شارەوانی لە هەولێر بە دەیان زەوی روكن و نایاب هەیە بۆ فرۆشتن، هەروەها رایگەیاند "هەموو زەوییەكان لە رێگەی موزایەدەی ئاشكرا دەفرۆشرێن و پارەكەش لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەند بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان خەرج  دەكرێت".

ئەوەشی دووپاتكردەوە لە ماوەی ساڵی رابردوو تاوەكو ئێستا بایی نزیكەی 23 ملیار دینار زەوی روكنیان فرۆشتووە، ئەمساڵ كەمتر لە 3 ملیار دینار زەوی روكن فرۆشراوەو پڕۆسەكەش بەردەوامە تاوكو كۆتایی ساڵ زۆر زیاتر دەبێت و بە دڵنیایی لە ساڵی رابردوودا زیاتر دەبێت و پڕۆژەی زیاتریش بەهۆیانەوە جێبەجێ دەكرێن.

كرمانج دەشتەكی باسی لەوەش كرد، فرۆشتنی زەویەكان و خەرجكردنی پارەكەش بە شێوەیەكی شەفاف بەرێوەدەچێت، پڕۆسەی فرۆشتنی هەموو زەوییە نایابەكان بە شێوەیەكی شەفاف بەرێوەدەچێت و بە ڤیدیۆش هەیە و هەڵدەگیرێت و پێشنیاریش كراوە ئەندامی داواكاری گشتیش هەبێت لە نێو پڕۆسەكە.

هەروەها بەپێی زانیاری لە ساڵی 2016 دا نزیكەی 4 ملیار دینار  لە فرۆشتنی سەدان پارچە زەوی روكن و نایاب  دەست وەزارەتی شارەوانی  كەوت.

پێشووتر  نەورۆز مەولود  وەزیری شارەوانی ئەوەی راگەیاندبوو " لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەتواندرێت  زەوی روكن و نایاب  بفرۆشرێت و لە رێگەی ئەم پارەیە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شارەكانی كوردستان جێبەجێبكرێت"..

جەختی كردەوە فرۆشتنی زەویەكانی  شارەوانی بەردەوامی هەیە، بەڵام بە پێی رێنمایی و میكانیزمەكانی خۆی جێبەجێ دەكرێت. 

عەبدولحەمید مەجید بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی شارەوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی رای گەیاند بەپێی رێنمایی دارایی پارەی ئەو زەویە فرۆشراوانە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیە، وتی: بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت حكوومەت و وەزارەتی شارەوانیش ئەگەر قەیران نەبێت حەزناكات ئەو زەویە نایابانە بفرۆشێت، بەڵام ناچارین ئەوە بكەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بكەین.

هـ ـ ح