مەكگۆڕك لەگەڵ بایكۆتی بەغدا نییە
چوار لایەنە ناڕازییەكەی هەرێم داوای گرنتی لەنوێنەری سەرۆكی ئەمریكا دەكەن

عیراق

23/05/2018‌ 2399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردەیەكی بەشدار لەكۆبونەوەكەی چوار لایەنەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بریت مەكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت: یەكێك لەداواكاری چوارلایەنەكە لە مەكگۆرگ ئەوەبووە، كە گرنتیان پێبدەن هەڵبژاردنی (٣٠ی ئەیلول)ی داهاتوو وەك هەڵبژاردنی عێراق نابێت.

عومەر محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی وتوێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا لەبارەی سەردانەكەی مەكگۆرگ بۆ شاری سلێمانی‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ چوار لایەنە كوردییەكەی ناڕازی لەئەنجامی هەڵبژاردانەكانی عێراق وتی: "خۆی بۆ خۆی هاتنەكە گرنگ بوو، چونكە حسابكردن بوو بۆ ڕای ئەو لایەنانەی، كە ڕەخنەی قوڵیان لەسەر كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە هەیە."

ئەو سەركردەیەی بەشدار لەكۆبوونەوەكە ئاماژەی بەقسەی چوارلایەنەكە لەكۆبوونەوەكە كردو وتیشی: "كۆی قسەكانمان ئەوەبوو، كە نەك ساختەكاری كراوە، بەڵكو دەسكاری ئەنجامەكانیش كراوە، داوامان كرد پشتیوانیمان لێبكەن لەڕێگەی یوئێنەوە لەو سكاڵایانەی تۆمارمان كردوو بگەنە شوێنی خۆی، پێمان وتن ئەگەر ئێوە بێدەنگ بن ئەوە جۆرێكە لەپشتیوانی، پێشمان وتن خەڵك بۆ گۆڕانكاری پەنای بۆ ڕێگەی دیموكراسی برد، بەڵام بەم مامەڵەیە خەڵكیان نا ئومێد كرد ئەمەش وادەكات خەڵك پەنا ببات بۆ ڕێگەی تری خراپ و نادیموكراسی بكاتەوە، كە ئەمەش ناسەقامگیری لەعێراق دێنێتە ئاراوە، ئەنجامەكەی مەترسیدارە، پێچەوانەی ئەو هەوڵ و قوربانیەیە، كە ئەمریكا لە عێراق دای بۆ بەدیهێنانی دیموكراسی."

عومەر محەمەد ئاماژەی بەوەكرد چوار لایەنەكە داوای گرنتییان لە نێردەی سەرۆكی ئەمریكا كردووە، لەم ڕوەوە وتی: " پێمان وتن هەڵبژاردنی (٣٠ی ئەیلول)مان لەبەردەمە پێویستە ئەوان بێدەنگ نەبن و پشتیوانی بكەن بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەم ڕووەوە گرەنتی ئەوە بكەن."

دەربارەی وەڵامەكانی مەكگۆرگ بۆ چوار لایەنەكە عومەر محەمەد وتی: "ئەوان وتیان سكاڵاكانتان ڕەوایەو ئەو سكاڵایانەی دۆكیۆمێنتان كردووە بەدرێژی دەیخوێنینەوە، بەڵام پێمان باشە بۆ خۆتان و ئێمەش و هەموان بایكۆت نەكەن، چونكە ئێوە یانزە كورسین كەم نین دابڕانتان لەبەغدا باش نییە پێمان باشە یەكڕیزبن، هەموو هەوڵێك دەدەین، كە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ٣٠-٩ پڕۆسەیەكی خاوێن بێت‌و لەگەڵ یوئێنیش لەوبارەیەوە قسەدەكەین"

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی وت: "ئێمەش پێمان وتن یەكڕیزی پێویستی بەژینگە هەیە ناكرێت بەشەو بەچەكەوە هێرش بكەنە سەر شوێنی كۆبوونەوەكانمان بەڕۆژیشدا داوای یەكڕیزی بكەیت."

هەروەها وتی: "ئێمە قسەی خۆمان بۆ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا وت، بەردەوام دەبین لەپەیوەندیدا لەگەڵ ئەو چەند لایەنە بەشداریكردن، یاخود بەشداری نەكردن ئەو چەند لایەنە پێكەوە دەبین ، بەڵام ئەوە كەوتووەتەوە سەر ئەنجامی سكاڵاكانمان ئەگەر سكاڵا و داواكارییەكانمان ئەنجامی نەبوو بێگومان هەڵوێستی ترمان دەبێت."

دەربارەی هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان ، عومەر محەمەد وتی: "كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنمان ڕەتكردووەتەوە، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان لەعێراق بەگونجاوترین ڕێگا دەزانین، چونكە دەنگی خەڵك براوە و نەماوە."

وتیشی: "ئەم چەند لایەنە پێكەوە هەنگاو دەنێین ئەگەر بەرژەوەندی گەل‌و خەڵكمان لەوەدا بینی بەشداری لەپەرلەمان ناكەین ئەوا بەشداری ناكەین‌و بەپێچەوانەشەوە."

دوێنێ سێ شەممە بریت مەكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەردانی هەرێی كوردستانی كرد لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وە دواتر سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و لەگەڵ چوار لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق(بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی) كۆبوەوە.