زۆربەی حیزبەكانی هەرێم بایكۆتی مەراسیمی بەخاكسپاردنی عادل مورد دەكەن

کوردستان

24/05/2018‌ 10945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆربەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان بایكۆتی مەراسیمی بەخێرهێنانەوەو بەخاكسپاردنی عادل مورد سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان-یان كرد.

تەرمی عادل موراد ئەمڕۆ پێنج شەممە لەئەڵمانیاوە بەفڕۆكەیەكی تایبەت گەڕێنرایەوە سلێمانی، كە بڕیارە لەمەراسیمێك لەگردی سەلیم بەگ بەخاك بسپێرێت.

لەكاتی هێنانەوەی تەرمی عادل موراد لەفڕۆكەخانەی سلێمانی مەراسیمی پێشوازی بۆ رێكخرا، بەڵام بەشێكی زۆر لەحیزبەكانی هەرێم بەشداری مەراسیمەكەیان نەكرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان وەك هەڵوێستێك بڕیاریانداوە بەشداری مەراسیمی بەخێرهێنانەوەو بەخاكسپاردنی عادل موراد نەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو كاردانەوەی گۆڕان هەڵوێستێكە بەرانبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەوەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە "ساختەكاری"یان لێكردوون.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، پێش گەڕانەوەی تەرمی عادل موراد چەند بەرپرسێكی گۆڕان چوونەتە ماڵی براكانی‌و رایانگەیاندووە "لەسەر ئەو ساختەكارییانەی بەرانبەر كراویانە هەڵوێست بەرانبەر یەكێتی وەردەگرن، نەك خودی عادل موراد".

رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە بەرپرسانی گۆڕان باس لەوە دەكەن، "یەكێتی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكە كردووەو دەنگەكانیانی دزیوە"، ئەوەش گرژ خستووەتە نێوان هەردوو حیزب.

زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوەش دەكەن، كە جگە لەبزووتنەوەی گۆڕان، بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك هەمان هەڵوێست بەشداری ئەو مەراسیمەیان نەكردووە.

عادل موراد هەینی رابردوو لەئەڵمانیاو لەنەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، كە خۆی وەسییەتی كردووە لەشاری سلێمانی تەرمەكەی بەخاك بسپێرێت.

فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق، كە هاوڕێی نزیكی كۆچكردووە، لەكاتی مەراسیمی پێشوازی لەتەرمەكەی لەفڕۆكەخانەی سلێمانی رایگەیاند، خۆی وەسییەتی كردووە لەهەرێمی كوردستان لەشاری سلێمانی بەخاك بسپێرێت.

فوئاد مەعسوم راشیگەیاند، وەسییەتەكەی ئاماژەی تێدایە، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری ئاماژەكانی بخاتەڕوو.

عادل موراد، خەڵكی خانەقینەو یەكێكە لەدامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی، كە پێشتر چەند پۆستێكی لەو حیزبە هەبووەو دوا پۆستیشی سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بووە.

هـ ـ ح