دیموكراسی‌ لەژێر سێبەری‌ چەكدا
هەڵبژاردن بژاردەیەكی‌ مەترسیداری‌ لەكوردستان هێنایە پێشەوە

کوردستان

25/05/2018‌ 5574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بەشێوەیەك بۆ هەندێك لەلایەنەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان شۆكهێنەر بوو، وایلێكردن دەست بۆ بژاردەیەك بەرن، كە خۆیان لەبنەڕەدا لەدژی‌ دامەزراون.

ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایاری‌ رابردوو لەهەرێم مشتومڕێكی‌ زۆری‌ دروستكردووەو لەچەند سەعاتی‌ یەكەمی‌ راگەیاندنی‌ ئەنجامەكانیشدا گرژییەكەی‌ گەیاندە ئاستی‌ مەترسی‌ پێكدادانی‌ سەربازی‌.

ئێوارەی‌ رۆژی‌ 12ی‌ مانگ، كاتێك ئەنجامی‌ بەرایی هەڵبژاردن دەركەوت، لەشاری‌ سلێمانی‌ رووداوێك روویدا، نزیكبووە لەوەی‌ دوو هێزی‌ گەورەی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەرێگەی‌ چەكەوە رووبەڕووی‌ یەك ببنەوە.

لەناو شاری‌ سلێمانی‌ دەنگی‌ تەقەی‌ زۆرو بەردەوام بیسترا، میدیاكانی‌ گۆڕان وتیان بەهۆی‌ قبوڵنەكردنی‌ ئەنجامەكانەوە هێزێكی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان پەلاماری‌ داون، یەكێتیش لەلێدوانە رەسمییەكانیدا ئەو گێڕانەوەیە رەتدەكاتەوەو لایەنی‌ گۆڕان تۆمەتبار دەكات بەدروستكردنی‌ ئاژاوەكە.

ئەو شەوە دۆخی‌ شاری‌ سلێمانی،‌ كە پێگەی‌ سەرەكی‌ هەردوو حیزبەكەیە بەجۆرێك شێوابوو مەترسی‌ دەكرا گرژییەكان بۆ شوێنێكی‌ دیكە سەر بكێشێت، گۆڕان داوای‌ لەهەوادارانی‌ دەكرد بارەگاكەی‌ بپارێزن، لەناو ئەوانەشدا چەند دەنگێكی‌ دیاری‌ بزوتنەوەكە هەبوو، كە داوایان دەكرد خەڵكی‌ بەچەكەوە بچن بۆ بەهاناوەچوونیان.

هەڵوێستی‌ سەركردەو هەڵسوڕاوەكانی‌ گۆڕان هەر بە بەرگریكردن لەخۆ نەوەستاو رۆژانی‌ دواتر دەستیان بەهەوڵێك كرد، بۆ ئەوەی‌ هێزێكی‌ چەكدار دروستبكەن، بەشێوەیەك پێشنیازكرا، هێزەكە ناوبنرێت "هێزی‌ پاراستنی‌ دیموكراسی‌".

عەلی‌ حەمەساڵح، یەكێك لەهەڵسوڕاوە دیارەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، كە هاوكات پەرلەمانتاری‌ كوردستانیشە، لەپەیجەكەی‌ خۆی‌ لەفەیسبووك نوسیبووی‌ "دیموكراسی‌ بۆ ئەوەی‌ پێبگرێت پێویستی بەهێزی پاسەوانە، چونكە ئەوان ڕۆژێك پەرلەمان دادەخەن، رۆژێك لەبازگە سوكایەتی دەكەن، رۆژێك پەلاماردەدەن، رۆژێك هەڕەشەی كوشتن دەكەن‌و لەهەڵبژاردن ساختە دەكەن‌و دواتر دێنە سەرگردەكە".

نوسیبووشی‌ "بۆ ئەوەی ئەم میللەتە ئومێدی گۆڕانكاری لەدەستنەدات باشترین بژاردە دروستكردنی هێزێكە بۆ پاراستنی دەنگدەرو خۆپیشاندەرو سندوقەكانی دەنگدان، نابێت غەدر لەكەس بكەین، بەڵام كەسێك زلەیەكی لێدایت دەبێت دوو زلەی لێدەیت".

لەلێدوانێكیدا بۆ "نیقاش" عەلی‌ حەمە ساڵح سووربوونی‌ خۆی‌ لەسەر ئەو هەڵوێستەی‌ راگەیاند‌و باسی‌ لەوەش كرد هەزاران كەس لەلایەنگرانی‌ بزوتنەوەكەی‌ ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی‌ خۆیان بۆ ئەو هێزە ناونووس بكەن.

نیقاش لەزاری‌ چەند سەرچاوەیەكی‌ ناو گۆڕانەوە ئەوەی‌ زانیوە، كە هەوڵەكەی‌ ئەو بزووتنەوەیە بۆ پێكهێنانی‌ هێزی‌ سەربازی‌ هەوڵێكی‌ جدییەو دەیان سەركردەی‌ ئەو حیزبەی‌ لەگەڵەو ئێستا كاری‌ بۆ دەكەن‌و بەنیازن پرسەكە بەرنە جڤاتی‌ نیشتمانی‌، كە بەرزترین دامەزراوەی‌ بڕیاردانی‌ گۆڕانە.

لەو بارەوە مام رۆستەم، یەكێك لەسەركردە سەربازییەكانی‌ گۆڕان، بۆ "نیقاش" وتی‌: "لایەنەكانی‌ دەسەڵات قۆناغەكەیان بەشوێنێك گەیاندووە، كە گۆڕانیش وەك هێزێكی‌ سەرەكی‌ هەرێم بیر لەدروستكردنی‌ هێزی‌ چەكداری‌ بكاتەوە".

مام رۆستەم وتیشی‌: "پارتی‌‌و یەكێتی‌ باوەڕیان بەدیموكراسی‌‌و ئەنجامی‌ هەڵبژاردن نییە، بۆ ئەوەش هێز بەكاردەهێنن، بۆ ئەوەی‌ هێزەكانی‌ تر بخەنە ژێر خواستەكانی‌ خۆیان، بۆیە گۆڕانیش ئەوەی‌ پێقبووڵناكرێت‌و هەڵوێستی‌ دەبێت".

ئەو سەركردەی‌ گۆڕان نەیشاردەوە دەیان سەركردەی‌ گۆڕان ئێستا بیر لەمیكانیزمی‌ دروستكردنی‌ هێز دەكەنەوەو پرسەكەش دەبەنە جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بۆ ئەوەی‌ بڕیاری‌ لێبدرێت، هەروەها وتی‌: "دەیان هەزار كەسیش ئامادەن لەپێناوی‌ گۆڕان چەك هەڵبگرن".

لەماوەیەكی‌ كەمدا پرسی‌ دروستكردنی‌ هێز لەناو گۆڕان بەشێوەیەك پەرەیسەند، كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشە بۆ ناونووسین بكرێت‌و بۆ ئەو مەبەستەش پەیجی‌ تایبەت دروستكرا، كە لەماوەیەكی‌ كەمدا ئەو پەیجە هەزاران كەس لایكیان كرد.

بابەكر دڕەیی، یەكێك لەدامەزرێنەرانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، كە ئێستا بەرێوەبەری‌ گشتی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی-یە، وێنەیەكی‌ بڵاوكردەوە، كە لەوێنەكەدا دەردەكەوێت خۆی‌‌و عەدنان عوسمان یەكێك لەسەركردەكانی‌ گۆڕان بەچەكەوە لەگردی‌ زەرگەتە لەسەر گۆڕی‌ نەوشیروان مستەفا وەستاون‌و ئەو وێنەیەش مشتومڕی‌ زۆری‌ دروستكرد.

بابەكر دڕەیی لەبارەی‌ ئەو وێنەیەوە لەفەیسبووك نوسیبووی‌ "هەروەك چۆن نووسین و قەڵەم لەباریدا هەیە زاڵمان و ستەمكاران ڕیسوا بكات‌و پاشەكشەیان پێبكات، بە هەمان جۆر تفەنگ و گوللەش لەكاتی پێویستدا دەتوانێ مافیاو پیاوەكانی دەسەڵات تێكبشكێنێ...".

ئەم بۆچوونە ئێستا لەناو گۆڕاندا باوەو بەشێك پێیانوایە، كە هەڵبژاردن‌و سندوقەكانی‌ دەنگدان تەنیا رێگە نییە، بۆ گۆڕانكاری‌ لەهەرێمی‌ كوردستان، كە ئەوان چەند ساڵێكە ئەو دروشمەیان بەرزكردووەتەوە.

هۆشیار عەبدوڵڵا یەكێكی‌ ترە لەهەڵسوڕاوە دیارەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" دەڵێت: "ئێمە تا بتوانین، رێگەی‌ دیموكراسی‌‌و مەدەنی‌ بەكاردەهێنین، بۆ گۆڕانكاری‌ لەهەرێم رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وتوویەتی‌ شاڕێی‌ گۆڕانكاری‌ لەهەرێمی‌ كوردستان تەنیا سندوقەكانی‌ دەنگدان‌و رێگای‌ مەدەنییە".

هۆشیار عەبدوڵڵا دەشڵێت: "نەوشیروان مستەفا مەبەستی‌ بووە، شارێی‌ دیموكراسی‌ سندوقی‌ دەنگدانە، كەواتە جگە لەو رێگەیە، رێگەی‌ تریش هەیە بۆ گۆڕانكاری‌، كە ئێمە هیوادارین ناچارمان نەكەن ئەو رێگایانە هەڵبژێرین‌و پارتەكانی‌ دەسەڵات ملبدەن بەشكستیان".

بێهیوابوون لەدیموكراسی‌‌و سندوقەكانی‌ دەنگدان
بزووتنەوەی‌ گۆڕان كاتێك لەساڵی‌ 2009 لەلایەن نەوشیروان مستەفا دامەزرا، دروشمی‌ ئەوەی‌ بەرزكردەوە، ئەوان خەباتی‌ مەدەنی‌‌و دوور لەتوندتیژی‌ دەگرنە بەر بۆ گۆڕانكاری‌ لەهەرێمی‌ كوردستان‌و گەیشتن بەدەسەڵات، بەڵام وەك سەركردەكانی‌ دەڵێن، لەماوەی‌ رابردوو ئەو بڕوایەیان بۆ دروستبووە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامبێت‌و بەرانبەرەكانیان دەست بۆ چەك بەرن بۆ یەكلاكردنەوەی‌ ململانێكان، ئەوانیش ئەو باوەڕەیان بۆ دروست دەبێت.

مام رۆستەم لەو بارەوە دەڵێت: "پارتەكانی‌ دەسەڵات ئامادەنین شكستەكانیان لەهەڵبژاردن قبووڵبكەن، كە گۆڕان ئەو رێگەی‌ گرتووە بۆ كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتیان، بۆیە گۆڕانیش ئەو بڕوایەی‌ بۆ دروست بووە، مەرج نییە گۆڕانكاری‌ تەنیا بەخەباتی‌ مەدەنی‌ بێت، بەڵكو رێگەی‌ تریش هەیە".

دەشڵێت "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی‌ گۆڕانكاری‌ لەهەرێمی‌ كوردستان بكەین، جا ئەگەر گۆڕانكارییەكە بەرێگەی‌ دیموكراسی‌‌و مەدەنی‌ نەبوو، ئەوا ئەگەر ئێمەش رێگەی‌ تر هەڵنەبژێرین، خەڵكی‌ تر خۆی‌ ئەو رێگایە هەڵدەبژێرێت".

تەنیا گۆڕان نییە لەوەی‌ بەشێوەیەك بەشێوەكان بێهیوا بووە، تەنیا رێگەی‌ گۆڕانكاری‌ لەهەرێم سندوقەكانی‌ دەنگدان بێت، بەڵكو لایەنەكانی‌ تریش هاوشێوەی‌ گۆڕان ناڕازین لەئەنجامی‌ هەڵبژاردن، گوایە "ساختەكاری‌ كراوەو یاری‌ بەئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق كراوە".

هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌، هێزێكی‌ نوێیە لەسەر گۆڕەپانی‌ سیاسی‌ هەرێم‌و عێراق‌و یەكەم هەڵبژاردنە بەشداری‌ دەكەن، یەكێكی‌ ترە لەو هێزانە ناڕازین لەئەنجامی‌ هەڵبژاردن‌و ئەوانیش هاوشێوەی‌ گۆڕان باس لەوە دەكەن ساختەكاری‌ كراوەو لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دەستیان بەهەوڵ كردووە بۆ رەتكردنەوەی‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردن.

رێبوار كەریم مەحمود، وتەبێژی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌، بۆ "نیقاش" دەڵێت: "پارتی‌‌و یەكێتی‌ بە بەرنامە كاریان كردووە، بۆ ئەوەی‌ هێزەكان‌و خەڵكیش بڕوایان بەدیموكراسی‌‌و سندوقەكانی‌ دەنگدان لاواز بێت، بۆ ئەوەش هەموو رێگەیەكیان گرتووەتە بەر".

رێبوار كەریم محەمەد دەشڵێت: "هەوڵەكەی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ كاریگەری‌ لەسەر خەڵك داناوە، بەڵام ئێمە كار دەكەین، كاریگەرییەكانی‌ كەمبكەینەوە، بۆ ئەوەش چەندین رێگەمان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی‌ رووبەڕووی‌ ببینەوە".

وتەبێژەكەی‌ هاوپەیمانی‌ جەختدەكاتەوە، ئەگەر لایەنەكانی‌ هەرێم لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستانەی‌ پارتی‌‌و یەكێتیش نەوەستنەوە، ئەوە خەڵكی‌ خۆی‌ قبووڵی‌ ناكات‌و رێگەی‌ خۆی‌ دەگرێتە بەر، بەنموونە "لەناو هێزەكانی‌ پێشمەرگە هەزارەها كەسی‌ ناڕازی‌ هەن‌و دژی‌ پارتی‌‌و یەكێتین، وا ئەمجارەش بێدەنگ بوون، بەدڵنیایی لەجارانی‌ داهاتوو هەڵوێستیان دەبێت".

پارتی‌‌و یەكێتی‌ دوو هێزی‌ سەرەكی‌ هەرێمی‌ كوردستانن، كە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیەو هەردوو پارتەكەش خاوەنی‌ دوو یەكەی‌ سەربازی‌ زەبەلاحن، كە ئەوانیش یەكەكانی‌ حەفتاو هەشتای‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگەن.

یەكێتی‌ نیشتمانی‌ یەكێكە لەو لایەنانەی‌ زۆرترین تۆمەتی‌ ئاراستە دەكرێت بەوەی‌ ساختەكاری‌ لەهەڵبژاردن كردووەو بۆ سەرگرتنی‌ ساختەكارییەكەشی‌ هێزی‌ بەكارهێناوە، بەڵام بەرپرسەكانی‌ رەتیدەكەنەوە.

قادر حەمەجان ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان لەو بارەیەوە بۆ "نیقاش" دەڵێت: "ئێمە باوەڕی‌ تەواومان بەپرۆسەی‌ هەڵبژاردن‌و سندووقەكانی‌ دەنگدان هەیە، بۆ ئەوەش لەرابردوو هەر ئەنجامێكیان بەدەستهێنابێت، قبووڵمان كردووە".

حاكم قادر لەبارەی‌ دەستبردن بۆ بژاردەی‌ دروستكردنی‌ هێز لەهەرێمی‌ كوردستان لەلایەن گۆڕان، یان هەر لایەنێكی‌ تر دەڵێت: "بەپێی‌ یاساكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان هیچ لایەنێك نابێت هێزی‌ چەكداری‌ هەبێت، چونكە دەبێت سەرجەم هێزەكان سەر بەوەزارەتەكانی‌ پێشمەرگەو ناوخۆ بن، نەك میلیشیای‌ حیزبی‌ بن، بۆیە ئەوەی‌ گۆڕان دەیكات لەلایەن یەكێتییەوە رەتكراوەیە".

لەبارەی‌ ئەوەی‌ بۆچی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ هێزیان هەیەو قبووڵناكەن هێزەكانی‌ تر هێزیان هەبێت، ئەو بەرپرسەی‌ یەكێتی‌ دەڵێت: "هێزی‌ حەفتاو هەشتا بەیاسا رێكخراون‌و لەلایەن وەزارەتی‌ پێشمەرگەوە موچەو كەرەستەی‌ سەربازییان بۆ دابیندەكرێت، بۆیە ئەوە راست نییە كە دەوترێت ئەو هێزانە سەر بەپارتی‌‌و یەكێتی‌-ین".

هەوڵی‌ گۆڕان‌و لایەنە مەدەنییەكانی‌ دیكەش بۆ پێكهێنانی‌ هێزی‌ چەكداری‌ لەلای‌ خەڵكێكی‌ زۆرەوە رووبەرووی‌ رەخنەی‌ توند بووەتەوە، چونكە خەڵك دەزانن یەكێتی‌‌و پارتی‌ چەكیان هەیەو دەستی‌ لێهەڵنەگرن، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە ئەو هێزانەی‌ دژی‌ چەك بوون، ئێستا پەنا بۆچەك ببەن.