چارەنووسی‌ نادیار.. خێزانی بێسەورشوێنبووان خەریكە لەدۆزینەوەیان نائومێد دەبن

عیراق

02/06/2018‌ 1412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سێ هەزار بێسەروشوێن لەتكریت زیاتر لەسێ ساڵە خێزانەكانیان چارەنووسیان نازانن‌و تەنیا هیوای ئەو خێزانەش ئەوەبوو لەدوای كۆتاییهاتنی ئازادكردنی موسڵ لەدەستی داعش بیاندۆزنەوە.

لەكاتی ئۆپراسیۆنەكانی ئازادكردنی شارەكانی پارێزگای سەڵاحەدین (لە باكووری بەغدا)‌و ماوەی دواتریش، بەهەزاران هاووڵاتی مەدەنی‌و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان‌و حەشدی شەعبی بێسەروشوێن بوون‌و تا ئێستاش چارەنووسیان نەزانراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكە‌و كەسوكاریان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بچنە لای حكومەتی ناوەندی لە بەغدا تا وەڵامیان لەبارەی چارەنووسیان دەست بكەوێت.

تۆمەتەكان لەلایەن حكومەتی خۆجێیی‌و كەسوكاری رفێندراوەكان ئاماژە بۆ چەندین لایەنی پێكەوە نەگونجاو دەكەن لەوانە هێزە ئەمنی‌و سەربازییەكان ئەمە جگە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و چەكدارانی داعش، چونكە دوای تێكەڵاوبوونی كارتەكان لە جەنگی ئازادكردندا كەس نازانێت دوژمنەكەی كێیە.

دیارترین ئەو شارانەی رۆڵەكانیان دیارنەماون بریتین لە سامەڕا‌و دۆر‌و تكریت‌و بێجی‌و ئیسحاقی‌و چەند ناوچەیەكی جیاجیای بەلەد‌و دوجەیل.

لە نێو كێڵگەیەكی چۆڵكراوی دەوروبەری ناوچەی ئیسحاقی (100 كم لەباكووری بەغدا)‌و لە خانوویەكی تەواونەكراودا ئوم مستەفای تەمەن پەنجا ساڵ لەگەڵ نۆ ژن‌و منداڵدا دەژی دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی (16) پیاویان لە خێزانەكەی دەستگیر‌و بێسەروشوێن كرد.

ئەو لەوبارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "رۆژی 30ی حوزەیرانی 2015 هێزێكی هاوبەشی سوپا‌و هێزەكانی عەسائیب ئەهللحەق هەڵیانكوتایە سەر ناوچەكەمان كە ناوی سەید غەریبە لە باكووری دوجەیل‌و (120كم) لە باشووری تكریتەوە دوورە‌و دوای ئەوەی مۆبایل‌و ئۆتۆمبێلەكانیان لێ سەندین، هەموومانیان بردە گەنجینەكانی دوجەیل‌و لەوێ لە بارودۆخێكی سەختدا بەجێیان هێشتین‌و هەموو پیاوێكی سەروو 17 ساڵیان برد‌و تا ئێستا چارەنووسیان نازانین".

وتیشی: "زیندانێك یان لایەنێكی ئەمنی نەما لەدەرگای نەدەم تەنانەت خاچی سوور‌و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش گەڕام، نازانم لەژیاندا ماون یاخود مردوون؟ هەردوو كوڕەكەم‌و هاوسەرەكەم‌و براكەم‌و شەش كوڕی، هەموویان لەوكاتەوە دیارنەماون، بەڵام دواتر كە لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان وەك تۆمەتبار پیشاندران، زانیم كە لە ژیاندا ماون‌و تا ئێستاش بەدوایاندا دەگەڕێم".

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ساڵی 2015یشدا هێزێكی نەناسراو كە پێكهاتبوو لە 15 ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەكسل هەڵیكوتایە سەر گوندی ئەلبوتوعمە لە باشووری قەزای بێجی‌و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی (28) پیاویان دەستگیركرد كە هەندێكیان پۆلیس‌و ئەندامی حەشدی شەعبی بوون‌و بەرەو شوێنێكی نادیاری بردن‌و تا ئێستاش چارەنووسیان نەزانراوە.

كاتێك هاووڵاتیانی مەدەنی یان دانیشتوونی گوندێك لەلایەن هێزێكەوە دەڕفێندرێن كە جلوبەرگی هێزە مەنییەكان یاخود گرووپەكانی حەشدی شەعبییان پۆشیوە، دەستبەجێ پەنجەی تۆمەت بۆ حكومەت رادەكێشرێت، بەڵام كاتێك ئەندامانی هێزەكانی سوپا یاخود پۆلیس یان حەشدی شەعبی دەرفێندرێن، تۆمەتەكان ئاڕاستەی ئەندامانی داعش دەكرێن، لەهەردوو حاڵەتەكەشدا چارەنووسی رفێندراوەكان نازانرێت.

تارق مەحمود كە یەكێكە لە رفێنرداوان دەڵێت: "باوكم تەمەنی زیاتر لە 73 ساڵ بوو كاتێك لەگەڵ پیاوانی گوندەكەدا رفێندرا‌و لەو كاتەوە هیچ شتێكمان لەبارەیەوە نەزانیوە هەرچەندە هەوڵمانداوە‌و پەیوەندیشمان بە لایەنە ئەمنییە رەسمی‌و ناڕەسمییەكانەوە كردووە، بەڵام بێسوود بووە"، وتیشی: "لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە نازانین هۆكاری رفاندنەكەی چیە یاخود چ لایەنێك ئەو كارەی كردووە، تەنانەت چەند ئەندامێكی پۆلیس‌و حەشدیش لە خەڵكی گوندەكە كە لەدووری چەند كیلۆمەترێك لەدژی داعش دەجەنگان، لە هەمان رووداودا ئەوانیش رفێندران".

چەند سەرچاوەیەك لە پۆلیسی سامەڕا دووپاتیان كردەوە كە لەسەر رێگای نێوان سامەڕا‌و ناحیە موعتەسەم لە زستانی ساڵی 2015دا زیاتر لە 36 هاووڵاتی مەدەنی ناوچەی مەلعەب دیارنەماون دوای ئەوەی لەلایەن هێزێكی سوپای عێراقەوە دەستگیركراون‌و تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نەزانراوە.

لەمیانی سەردانەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیشدا بۆ پارێزگای سەڵاحەدین لە نیسانی 2018دا یەكەم داواكاری ئەنجومەنی پارێزگاكە ئاشكراكردنی چارەنووسی هەزاران دەستگیركراو بوو لە خەڵكی سەڵاحەدین‌و سەرۆك وەزیرانیش بەڵێنی دا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانییەكان پێكبهێنرێت.

ئەندازیار سەبهان مەلا جیاد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ "نیقاش"ی دووپات كردەوە كە "ئەنجومەنەكە بەشێوەیەكی رەسمی داواكارییەكی پێشكەش كردووە بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی رفێندراوان" روونیشیكردەوە كە "یەكێك لەو پرسانەی سەرۆك وەزیران هەڵوەستەی لەسەر كرد پرسی رفێندراوان بوو لە خەڵكی پارێزگاكە كە ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزار كەسە‌و بەڵێنی پێداین كە بە جددی بەدواداچوونیان بۆ دەكات‌و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی یەكلاكەرەوەمان دەداتەوە".

ئەحمەد جبوری پارێزگاری سەڵاحەدین رایگەیاند ژمارەی رفێندراوان لەدوای ئازادكردنی شارەكانی پارێزگاكە گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار كەس كە بەسەر شارە جیاجیاكانی پارێزگاكەدا دابەشبوون، بۆ نموونە لە سامەڕا (850) رفێندراو‌و لە قەزای دۆر (290)‌و هیچ شارێكیش بێبەش نەبووە لە رفێندرا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لیژنە ئەمنییەكانی هەماهەنگی توانیویانە ژمارەیەكی "زۆر سنووردار" لە رفێندراوان ئازاد بكەن.

پەرلەمانتار زیا دوری نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین لە پەرلەمانی عێراق بە "نیقاش"ی وت: "چارەنووسی زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی لە پارێزگای سەڵاحەدین‌و شەش هەزار لە دیالە‌و زیاتر لە هەشت هەزار لە ئەنبار كە لە رووداوی جیاجیادا لەدوای ئۆپراسیۆنەكانی ئازادكردنی پارێزگاكان لە دەستی داعش رفێندراون، تا ئێستا نادیارە".

دوری روونیشیكردەوە كە دۆسێی رفێندراوەكان "بەنێودەوڵەتی" دەكەن دوای نائومێدبوونیان لەو لیژنە پەرلەمانییەی پێكهێنراوە‌و تەنانەت نەیتوانیوە كۆبوونەوەیەكیش بكات، هەروەها بەرپرسیارێتی یاسایی‌و نیشتمانی پاراستنی ژیانی رفێندراوەكان‌و ئاشكراكردنی چارەنووسیشیانی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران. داوایشی كرد "لایەنی تێوەگلاو لە كاری رفاندنەكان ئاشكرا بكرێت‌و بدرێنە دادگا بۆ لێپێچینەوە".