شەڕێكی سارد لەسەر سنوور.. قائیم ئەمریكا‌و ئێرانی دوژمن بەیەك كۆدەكاتەوە

عیراق

02/06/2018‌ 4774 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەمڕۆ قائیم لەململانێیەكی نوێی نێوان هێزەكانی ئەمریكا‌و گرووپە شیعەكان دەترسێت، چونكە لە شەڕێكی سارددا رووبەڕووی یەك بوونەتەوە كە ئەگەری تەقینەوەی لە هەر ساتێكدا لەئارادایە.

لەقائیم لەوپەڕی خۆرئاوای ئەنبار لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا، ئەو شارۆچكەیەی بە پایتەختی نهێنی سەركردەكانی رێكخراوی "داعش" دادەنرا، دانیشتووانەكەی دوای ساڵانێك لە حوكمی خەلافەتە توندڕەوەكە ئێستا لەسەقامگیرییەكی ئەمنیدا دەژین، بەڵام بۆنی ناكۆكییەكی قووڵی لێدێت.

هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراق لەو ناوچەیە پێشوازیان لێكراوە‌و ئەفسەرە عێراقییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە دەستبەرداری هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ پاراستنی سنوور نابن، هاوكات گرووپە شیعەكان هەمان ئەرك ئەنجام دەدەن، بەڵام نیگەرانن لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا.

عەبدولڕەحمان كەربولی كە یەكێكە لە كەسایەتییەكانی ناوچەی رومانە لە قائیم خۆشحاڵ دیاربوو كە باسی بارودۆخی شارەكەی دەكرد، ئەو بە "نیقاش"ی وت: "بارودۆخی ئەمنی سەقامگیرە، ساڵێك لەمەوبەر بەدیهێنانی ئەم خەونە زەحمەت بوو، ئەو كاتەی توندڕەوان كۆنترۆڵی شارەكەیان كردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانین بەبێ ترس تا درەنگانێكی شەو بمێنینەوە‌و كوڕەكەشم لە بەیانیان زوو لە یەكێك لە كارگەكانی سپیایی لە شارەكە كاردەكات".

بەڵام كەربولی لەوە دەترسێت ئەو سەقامگیرییە كاتی بێت‌و شارەكەی ببێتە قوربانی ململانێیەكی نوێی نێوان هێزەكانی ئەمریكا‌و گرووپە شیعەكان‌و دەڵێت: "سوپای عێراق‌و گرووپەكانی حەشدی دەمانپارێزن، بەڵام بەنیگەرانیەوە چاودێری ئەو هەڕەشانە دەكەین كە هەندێك حزب‌و گرووپی شیعە لەدژی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەنبار رایانگەیاندووە".

دوای ئازادكردنی قائیم لە توندڕەوان لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە چەند بارەگایەكی دەوروبەری شارۆچكەكە بڵاوبوونەوە كە ئەو عەشیرەتە سوننانەی تێدا نیشتەجێن لەگەڵ هۆزەكانی سوریا لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە تێكەڵاوییان هەیە‌و دیارترینیشیان هەردوو هۆزی كەرابیلە‌و مەحلاوییە، هەروەها چەند گرووپێكی شیعەی عێراقیش لە شارۆچكەكەدا بڵاوبوونەوە ئەویش لە پێشبڕكێیەكی ئەمریكی – ئێرانی شاراوەدا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوور.

هەردوو هێزەكە ئامانجێكی روونیان هەیە كە ئەویش شەڕكردنە لەدژی شانەكانی رێكخراوی "داعش"‌و پاراستنی سنوور لەگەڵ سوریا كە تائێستاش توندڕەوان كۆنترۆڵی هەندێك ناوچەیان تێدا كردووە، بەڵام ئامانجی هەردوو هێزەكە لەوە گەورەترە، چونكە هێزەكانی ئەمریكا هەوڵدەدن ئەو رێگای وشكانیە ببڕن كە ئێران هەوڵ دەدات لەڕێی عێراقەوە لەگەڵ سوریا بنیاتی بنێت، لە كاتێكدا گرووپە شیعەكان هەوڵ دەدەن بەربەستەكان تێكبشكێنن‌و بەهەر نرخێك بێت رێگاكە بكەنەوە.

وەك سەعد عوبەیدی عەریف لە فیرقەی دوانزەی سوپای عێراق كە لە شارۆچكەی قائم بڵاوبووەتەوە بە "نیقاش" وت، هێزەكانی سوپای عێراق هەست بە ئاسوودەیی دەكەن لە كاركردنیان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بۆ پاراستنی سنوور، ئەو وتی: "ئەو زانیاریانەی دۆستەكانمان (سوپای عێراق ئەو ناوە بۆ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەكاردەهێنێت) لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان‌و زانیاری هەواڵگری دابینیان دەكەن، بۆ پاراستنی سنووری دوورودرێژمان لەگەڵ سوریا پێویستن".

ئەو هێزە سەربازییەی عەریف سەعد كاری تێدا دەكات تەنیا مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا ناكات، بەڵكو  شانبەشانی "لیوای تفوف"یش كار دەكات كە تاكە گرووپی شیعەیە لە ئەنبار، لەوبارەیەشەوە عوبەیدی دەڵێت: "سەیر لەوەدایە ئێمە كار لەگەڵ دوو دوژمنی سەرسەختی یەكتری دەكەین، هێزەكانی ئەمریكا لە لیوای تفوف دەترسن لە شارەكەدا، هاوكات ئەو لیوایەش هیواخوازە هێزەكانی ئەمریكا بچنە دەرەوە، كاتێك جەنگاوەرانی هەردوولاش دەبینین قسەی دوژمنكارانەیان بەرامبەر بە یەكتری لێدەبیستین".

دوا ئەوەی حكومەتی عێراق لە كۆتایی ساڵی رابردوودا كۆتاییهاتنی شەڕ‌و سەركەوتنی بەسەر "داعش"دا راگەیاند، هەموو گرووپە شیعەكان لە ئەنبار كشانەوە جگە لە "لیوای تفوف" كە لە شارەكەدا مایەوە‌و جەنگاوەرەكانی بەدیاریكراوی لە شارۆچكەی قائیم جێگیر بوون، لیواكە لەلایەن قاسم موسڵیحەوە سەركردایەتی دەكرێت كە پێشتر لای هێزەكانی ئەمریكا بەندكرابوو لەكاتی داگیركردنی عێراق‌و ماوەی سێ ساڵی لە زیندانی بنكەی سەربازی بەریتانیا لە شاری بەسرە بەسەربردووە.

"لیوای تفوف" هێزێكی شیعەیە‌و لە "لیوای هەرەگەورەی عەلی"ی سەر بە مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی جیابووەتەوە‌و قاسم موسڵیح سەركردایەتی دەكات كە لە فەرماندەیی "لیوای هەرەگەورەی عەلی" دوورخراوەتەوە بەهۆی ئەو هەڵانەی لە شەڕەكانی دژ بە "داعش" ئەنجامی دابوون، دواتر بەپشتیوانی گرووپەكانی نزیك لە ئێران لیوایەكی نوێی دامەزراند.

ئەو لیوا شیعەیە سەرقاڵی پووچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبە چێندراوانەیە كە "داعش" لەسەر رێگاكان بەجێی هێشتوون، هەروەها بەدوای شانە نوستووەكانی توندڕەوانیشدا دەگەڕێت، هەفتەی رابردووش حەشارگەیەكی نهێنی توندڕەوان لە دەوروبەری شارەكە دۆزرایەوە كە تونێلی نهێنی‌و چەكی سووك‌و مامناوەندی تێدابوو.

عەبدولئەمیر مەسعودی كە یەكێكە لە جەنگاوەرانی "لیوای تفوف" لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "نیقاش" وتی: "شانبەشانی هێزەكانی پاسەوانی سنوور كاردەكەین بۆئەوەی رێگری لە دزەكردنی توندڕەوان بكەین، هەروەك بۆمبە چێندراوەكانیش پووچەڵ دەكەینەوە‌و بەدوای شانەكانی داعشدا دەگەڕێین، پەیوەندی باشمان لەگەڵ دانیشتووای قائیم هەیە، بەڵام نیگەرانین لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا‌و هیوادارین لە شارەكە بچنە دەرەوە، چونكە تێوەگلاون لە پشتگیریكردنی داعش".

هەفتەی رابردوو چەند پەیجێكی سەر بە گرووپە شیعەكان گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە چەند فڕۆكەیەكی ئەمریكا پیشان دەدات كە لە ئەنبار دەنیشنەوە، گرووپەكان دەڵێن ئەو فڕۆكانە چەكدارانی "داعش" دەگوازنەوە ئەوەش پروپاگەندەیەكی نوێ نییە كە ئەو گرووپانە ساڵانێكە پەیڕەوی دەكەن‌و چەندین جار لەلایەن حكومەت‌و وەزارەتی بەرگری عێراقەوە رەتكراوەتەوە، بەڵام هێشتا عێراقییەكان باوەڕ بەم هەواڵانە دەكەن.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار كە پێی باشبوو ناوی ئاشكرا نەكرێت بە "نیقاش"ی وت: "ئەنبار هەموو كاتێك هەڕەشەی توندڕەوانی لەسەرە‌و پێویستمان بە هێزەكانی ئەمریكایە بۆ پاراستنی سنوور، هەروەها پێویستمان بە هێزی راهێنراوی حەشدی شەعبیە بۆ شەڕكردن لەدژی توندڕەوان لە سەر زەوی، بەڵام لە ململانێی نێوان هەردوولاش دەترسین".

وتیشی: "هێزەكانی ئەمریكا‌و سوپای عێراق‌و هێزەكانی سوریای دیموكرات هەماهەنگی دەكەن لەسەر سنووری هاوبەش لە ناوچەكانی باكووری رووباری فورات، هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سوریا‌و گرووپە شیعەكان دەكەن لەسەر سنوور لەناوچەی باشووری روباری فورات، ئەمەش هاوكێشەیەكی ئاڵۆز‌و بەسوودە بۆ پاراستنی ئەنبار، بەڵام ئەگەری هەرەسهێنانیشی هەیە بەهۆی ململانێی ئەمریكا‌و ئێران لەسەر سنوور".

دوای چەند هێرشێكی رێكخراوی "داعش" لە باشووری كەركوك‌و خۆرئاوای سەڵاحەدین لەسەر سنووری لەگەڵ دیالە، مانگی رابردوو هێزی ئاسمانی عێراق چەند هێرشێكی لەناو خاكی سوریادا ئەنجام دا ئەویش لە هەوڵێكدا بۆ لەناوبردنی توندڕەوان بە یەكجاری، هاوكات چەند یەكەیەكی سەربازی هاوبەشی عێراق‌و ئەمریكا لە 9ی مانگی ئایاردا توانیان چوار سەركردەی گەورەی "داعش" لە شارۆچكەی قائیم دەستگیربكەن.

سەرەڕای زۆری ژمارەی هێزەكانی عێراق‌و "حەشدی شەعبی" لە ئەنبار‌و ئەو یارمەتییەی هێزەكانی ئەمریكا پێشكەشیان دەكەن، بەڵام هێشتا "داعش" هەوڵی ئەوە دەدات هەڕەشە لە پارێزگاكە بكات، هەفتەی رابردووش وەزارەتی بەرگری عێراق پووچەڵكردنەوەی پیلانێكی تیرۆریستی گەورەی راگەیاند بۆ هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان لە ئەنبار، ئەویش دوای دۆزینەوەی حەشارگەیەكی توندڕەوان لە بیابانی سەرسار كە وردەكاری كردەوە تیرۆریستییەكەی تێدابوو.