كێشەیەكی چاوەڕوانكراو.. كەركوك یەكەم خاڵی ناكۆكی پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەبێت

عیراق

09/06/2018‌ 1584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چاوەڕوانكراوە، نۆرەی بەجێهێنانی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەوە بەوەش دۆسییەی پارێزگای كەركوك لەنێوان ناوەندو هەرێم دەبێتە یەكەم ناكۆكی هەرە دیاری پەرلەمانی داهاتوویی عێراق.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە خاوەنی زۆرترین دەنگی كەركوكە لەهەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵدا بەڵێنی ئەوەیدا بە دەنگدەرەكانیان كە دۆسیەی كەركوك جارێكی تر بككاتەوە، ئەوەش دوای پێكهێنانی پەرلەمان‌و حكومەت دوای هەڵبژاردنی مانگی ئایار، هەروەها رایگەیاند كە سوردەبن لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 140، لەهەمان كاتدا بەرپرسەكانی عەرەب‌و توركمان كە رێژەیی كورسییەكانیان هاوتای یەك بوون دەیانەوێ ئەو مادەیە دەسكاری بكەن وشەی ناوچە جێناكۆكەكان هەڵگرن، چونكە پێیانوایە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ئیدارەی شارەكە لەلایەن حكومەتی ئیتحادیەوە یەكلایكراوەتەوه لەرووی بەرێوەبردن‌و باڵادەستی ناوەند لەپارێزگاكەدا.

ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەولێرو بەغدا زۆرن، بەڵام كەركوك دیارترینیانەو لەنێو هەموو دانیشتنەكانی كوردو بەغدا خاڵێكی دیاری ناكۆكییەكان بووە.

رێبوار تەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "نیقاش"ی وت "كاری پەرلەمانی داهاتوو ئەستەم‌و چارەنووساز دەبێت، چونكە چەندین كێشەی هەڵپەسێردراو هەیە یەكلای نەكراوەتەوە لەبەرئەوە دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێكەوەیی كاركردن بكرێتە پێوەر كه ‌ئەوەش لەم قۆناغەدا ئەستەم بووە."

وتیشی :"بۆ چارەسەكردنی كێشەی كەركوك دەبێت بگەرێینەوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور، چونكە ئەو مادە دەستوورییە بە ووردی باس لە چارەسەرو هەنگاونان دەكات بۆ دیاریكردنی سنوورو ئایندەی پارێزگاكە."

دەستوری عێراقی كە لەساڵی 2005 پەسەندكرا، بریار بوو لەرێگەی مادەی 140ی ئەو دەستوورەوە لەماوەی دووساڵدا چارەنوسی شارەكە یەكلای بكرێتەوە، بەڵام ئەو مادەیە جێبەجێ نەكرا بەهۆی كێشە سیاسییەكان كە دیاریترینان‌ تۆمەتباركردنی حكومەتی هەرێم بوو لەلایەن بەغداوە كە گوایە دیموگرافیای ناوچەكەی گۆڕیوە لەبەرژەوەندی خۆی‌و هاوڵاتی عەرەبی دەركردووەو كوردی لەشوێنیان نیشتەجێكردووە، هەروەها هەرێمی كوردستانیش حكومەتی ناوەندی تۆمەبتار دەركرد بەوەی نایەوێت مادەیەكی دەستووری جێبەجێ بكرێت كە ئایندەی كەركوكی پێوە گرێدراوە.

لەسەرەتایی بڵاوكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، دەركەوتووە كاری پەرلەمانی دا‌هاتوو ئەستەم دەبێت ئەوەش بۆ ناتەبایی نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك، بەتایبەت كە لەئێستادا گروپی عەرەبی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و بەرەی توركمانی عێراقی ناڕا‌زاین‌و كورد تۆمەتباردەكەن بەساختەكاری،‌ تاكو ئێستاش خۆپیشاندانی ئەو دوو هێزە لەكەركوك بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست بەردەوامی هەیە.

حەسەن تۆران ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی عێراق بە"نیقاش"ی وت "بەساختەكاری گۆرانكاری لەژمارەی دەنگ‌و كورسی لەنوێنەرایەتیەكانی كەركوك رویداوە ئەمە جگە لەوەی دۆخی سیاسی‌و ئابوری ئێستای كەركوك جیاوازە لە پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بۆیە پێشبینی دەكرێت زۆرترین قسەو پلانی پەرلەمانی داهاتوو بۆ یەكلایكردنەوەی دۆخی كەركوك بێت."

تۆران ئەوەشی خستەڕوو :" یەكێك لە دیارترین ئەو گرفتانەی رووبەرووی پەرلەمانی دا‌هاتوو دەبێتەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵدا بكرێت كە لەیاساكەی ئەنجومەنی پارێزگا باسی دابەشكردنەوەی پۆستەكان نەكراوه،‌ ئەمەش گرفتێكە و دەبێت لیژنەیەكی پەرلەمانی چارەسەر بكات."

بەوتەی بەشێك لە بەرپرسانی عەرەبی كەركوك شەڕی ئایندەی كەركوك لە پەرلەمانی ئەمجارەی عێراق دەكرێت بە تایبەت دوای داخڵكردنی پارێزگای كەركوك لەئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێم بۆ سەربەخۆیی و كشانەوەی پێشمەرگە بەهۆی هێرشی هێزە عێراقییەكان لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017.

بورهان عاسی ئەندامی گردبونەوەی عەرەبی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە"نیقاش"ی راگەیاند :" ئەو ئۆپەڕاسیونە سەربازیە گەورەیەی كە حكومەتی عیراق ئەنجامیدا بە بەشداری كردنی دەیان هەزار سەربازو بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی بوە هۆی دەركردنی ئەو هێزە ئەمنیانەی دەیانوویست كەركوك لە خاكی عێراق داببڕن، بۆیە لە ناوەراستی ئۆكتۆبەری 2017 كەركوك دۆخی ئاسایی بۆتەوەو گەراوەتەوە بۆ ساڵی 2003-2004".

وتیشی :" كاردەكەین لە پەرلەمان بۆ ئەوەی دۆخی كەركوك بەو دۆخی ئاساییەی ئێستا بمێنێتەوە تاكو تەواوی پێكهاتەكان ژیانیان پارێزراو بێت".