بڕینی قوتی خەڵك لەژێر پەردەی چاكسازیدا

sharpress.net

699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

12/06/2018‌

شارپرێس: گەشە دارا حەفید
دوای ئەو قەیرانانەی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەژێر پەردەو بیانووی جیاجیاوە رووبەڕووی خەڵكیان كردەوە، بۆ درێژەدان بەو سیستەمە حوكمرانیەیان سیستەمی پاشەكەوتی موچەیان داهێنا، لەسایەیدا ماوەی دوو ساڵە مانگانەو جاری وا هەیە بە دوو مانگ چارەكە موچەیەك بە فەرمانبەران دەدەن. دواتریش بۆ شەرعیەتدان بەم سیستەمی بەناو پاشەكەوتەیان، بۆئەوەی جێگیری بكەن، پرۆژەیەكیان بەناوی چاكسازییەوە بۆ پەرلەمان نارد، سەرباری ئەوەی كۆمەڵێك خاڵی ئیجابی لە پرۆژەكەدا هەبوو، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانیش (ئەگەر حكومەت جورئەتی هەبوایە) دەیتوانی جێبەجێیان بكات، (وەك: بڕینی موچەی نایاسایی، موچەی ئەو پلە بالایانەی پۆستەكانیان نەبینیوە، بڕینی موچەی دووبارەو چەند بارە و لادان و كەمكردنەوەی لەشكرە پاسەوانی بەرپرسان و ...هتد)، بەلام حكومەت نەك بەخۆی نەیكرد و ئەو دەسەلاتەی خۆی پیادە نەكرد و بۆ پەرلەمانی نارد، جگە لە بێ جورئەتی حكومەت بۆ رووبەڕوو بوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییانەی خۆی دەری كردبوون، دەیوست لەژێر پەردەی چاكسازیدا سیستەمی پاشەكەوتی موچە بەیاسایی بكات، ئەویش لەڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران و موچەی زیندانیانی سیاسی و بەشێك لە كەسوكاری شەهیدانەوە، ئەم دەسەلاتە لە دوای (ریفراندۆمەوە) كە تا سەر ئێسقان خۆی بە عیراقی دەزانێ‌ و هەرگیز وەك ئێستا پێشبڕكێی خۆبەعیراقی بوونیان نەكردووە، كەچی ئامادەیی ئەوەیان نیە كەمترین موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عیراقدا هاوتا بكەن!

دووای ئەوەی حكومەت پرۆژەكەی ناردە پەرلەمان و پەسەند كرا، (بەو تێبینیانەشەوە كە هەم خەڵك و هەم بەشێك لە ئێمەی پەرلەمانتاران لەسەر موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران هەمانبوو)، دوای پەسەندكردنی لەپەرلەماندا، یاساكە گەڕێنرایەوە. دووای رەتكردنەوەی جارێكی تر لە رۆژی (4-6-2018) لەلایەن لیژنەكانی یاسایی و داراییەوە راپۆرتی لەسەر نوسرا، كەچی لەبەر ئەوەی بەدڵی حكومەت نەبوو، بەبیانووی جیاجیاوە چەند ئەندامێك واژۆكانیان پێ لەسەر راپۆرتەكە كێشرایەوە راپۆرتی لیژنەكان سەرەنگوم كرا، كە لەمێژووی پەرلەماندا نەریت و عورفی ئابڕووبەرانەی نایاسایی لەم جۆرە نەبووە. بەناچاری دووبارە رۆژی (11-6-2018) لیژنەكانی یاسایی و دارایی كۆبوونەوەو سێ بارە راپۆرتمان نوسیەوەو سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بانگهێشتی ئەندامانی كرد تا لە رۆژی (12-6-2018) دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی یاساكە ئەنجام بدرێت، بەلام دیسانەوە لەبەر ئەوەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەپێشنیارەكانی لیژنەكان كەلەراپۆرتەكەدا هاتبوو رازی نەبوون و خواستەكانی ئەوانی نەهێنابوویەدی، تەنها دووای یەك كاتژمێر لە كۆبوونەوەی لیژنەكان و نوسینی راپۆرتەكە، فشاریان خستەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان و ناچاریان كردن كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دوابخەن!

مەبەستی سەرەكی حكومەت لەو فشارەی ئەوەیە كەداوا لەپەرلەمان دەكات دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت و كەمترین موچەی خانەنشینیش لەگەل خانەنشینانی عیراقدا هاوتا نەكات و داوای لابردنی سیستەمی پاشەكەوتی موچە نەكات، بەكورتی حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی پەرلەمانەوە پاشەكەوتی موچە بەیاسا جێگیر بكات.

بەندە بەش بەحاڵی خۆم، كە ئەندامی لیژنەی یاساییم، هەم پێشتر و هەم لەو دوو كۆبوونەوەیەشدا، كە هەم لە كۆبوونەوەكان داوام كردووەو لە پرۆتۆكۆل تۆماركراوەو هەم لەسەر راپۆرتەكانیش كە واژۆم كردووە خۆپارێزی (تحفڤ)م نوسیوە لەو مادانەی لەگەلی نەبووم یا ئەوانەی داوامكردووەو جێگیریان نەكردووە، كە بەلگەكان لەبەر دەستن رام لەسەر پرۆژەكە بەم شێوەیە بووە:
1-ئەو موچانەی نایاسایین ببرێن و فەرمانبەرانی راستەقینە كە خزمەتیان هەیە لە خەلكانی تری ناشایستە جیابكرێنەوە.
2-بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ پەردەو بیانوێكدا دەرماڵەی فەرمانبەران نەبڕدرێت.
3-كەمترین موچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتا بكرێت لەگەڵ خانشینانی عیراقدا كە (400.000)چوارسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت.
4-موچەی پەرلەمانتارانی خانەنشین رێكبخرێت (بەوەی كەم بكرێتەوەو پێوەری بۆ دابنرێت)، وەك عیراق ئەوانەی تەمەنیان سەرووی (50) ساڵە و (15) ساڵ خزمەتیان هەیە خانەنشین بیانگرێتەوە (بەمەرجێك لەدیاریكردنی بڕی موچەكەدا عەدالەتی كۆمەلایەتی لەبەرچاو بگیرێت) و ئەوانەیش كە تەمەنیان خوار (50) ساڵەو خزمەتیان تەواو نیە بڕێك موچەی دیاریكراویان بۆ ببڕدرێتەوە تا ئەوكاتەی دەگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووتریان.
5-سیستەمی پاشەكەوت هەڵبگیرێت و ئەو بڕە پارەیەش كە بەناوی پاشەكەوتەوە لەفەرمانبەران بڕاوە لە دوو ساڵی رابردوودا، بۆیان بخرێتە سەر حیسابێك و بەفەرمی لەسەر حكومەت ماڵ بێت، (هەر لەم سۆنگەیەوە لە كۆبوونەوەی رۆژی (4-6-2018) پێشنیاری دانانی مادەیەكم كرد كە حكومەت مولزەم بكرێت بەهەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، بەسوپاسەوە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی هەردوو لیژنەوە پێشنیارەكەم وەرگیراو پشتگیریكراو لە راپۆرتەكەدا نوسرا، تاكو وەك مادەیەك لەیاساكەدا زیادبكرێت و بچەسپێت).

بەلام بەداخەوە، دوای ئەم هەموو هەوڵ و كێشمەكێشە، دوای دەیان كۆبوونەوەی لیژنەكان و دانیشتنەكانی پەرلەمان و بانگەشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان و خودی حكومەتیش، خەریكە پرۆژەكە لەبار بچێت، چونكە حكومەت دەیەوێت مەبەستەكانی لەڕێگەی پەرلەمانەوە جێبەجێ بكات كەخۆی لە بەیاسایی كردنی پاشەكەوتی موچەی خەلكیدا دەبینێتەوە، بەلام تا ئێستا زۆرینە لە پەرلەمان رازی نین لەسەری و بەئاسانی بۆی تێناپەڕێت.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لەساتی بڕیاری پاشەكەوتی موچەدا نرخی بەرمیلی نەوت (25) دۆلار بوو، كەچی ئێستا بۆ سەروی (80) دۆلار بەرز بۆتەوە، هەرچەندە سەرۆكی هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بەر لە كۆبوونەوەكان رایانگەیاند كە حكومەت رەزامەندە لەسەر ئەو پێشنیارانەو خودی حكومەتیش لەسەر زاری وەزیری داراییەوە رایگەیاند كە دووای پەسەندكردنی یاساكە راستەوخۆ پاشەكەوتی موچە هەڵدەگرن، بەلام لای هەموومان جێگەی سەرسوڕمانە! كە بۆچی حكومەت بەردەوامە لەسەر یاساشكێنی و خاوەنی بەڵێنی خۆی نیە، ئێستاشی لەگەڵدابێت سورە لەسەر هەمان خووە كۆنەكەی!







ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved