شارپرێس:
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تا ئێستا قۆناغی یه‌كه‌می سیستمی بایۆمه‌تری موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێنه‌كراوه، به‌ڵام جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، " قۆناغی دووه‌می بایۆمه‌تری په‌سه‌ندكرا".
قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ده‌ستیانكردوه به پرۆسەی په‌سه‌ندكردنی قۆناغی دووه‌می پرۆژه‌ی بایۆمه‌تری.
پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تری بریتییه له چاكسازی له میلاكات و توانای مرۆییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، هاوكات له‌گه‌ڵ دروستكردنی ژماره‌ی بێ هاوتا بۆ سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌وه‌ش خۆیده‌بینێته‌وه له‌دروستكردنی ژماره‌یه‌كی بانكی بۆ موچه‌خۆران.
ساڵی 2017 قۆناغی یه‌كه‌می سیستمی بایۆمه‌تری كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه ئامانج لێی دۆزینه‌وه‌ی دوو موچه بوو له‌هه‌رێمی كوردستان، هاوكات وا بڕیاربوو به‌سیستمی بایۆمه‌تری موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكرێت، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ساڵێك نه‌ك سیستمه‌كه نه‌كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵكو تا ئێستاش ئه‌و كه‌سانه‌ی دوو موچه‌یان هه‌یه به‌رده‌وامن له‌وه‌رگرتنی هه‌ردوو موچه‌كه.
ڕ . ج