هەرێم رەتیدەكاتەوە لەسەر نەوتی كەركوك گفتوگۆی لەگەڵ عێراق كردبێت

عیراق

03/07/2018‌ 367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو قسانەی جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عێراق رەتكردەوە، كە رایگەیاندبوو، بەغداو هەولێر لەئێستادا لەگفتوگۆكردندان بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.

جەبار لوعێبی بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندبوو، گفتوگۆكان بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی پارێزگای كەركوك لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد دەستیپێكردووە.
 
لەو بارەوە كەناڵی رووداوی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای هەرێم رایگەیاندووە، هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك نەكراوە.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، ئەوان نازانن وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ كێ‌ كردووە، بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك، لەكاتێكدا، چەندین جار داوای گفتوگۆیان كردووە، بەڵام ئەوان رەتیانكردووەتەوە.

جەبار لعێبی ئاماژەی بەوەشكردبوو، گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە بەشداری توركیا ئەنجامدەدرێن‌و رایگەیاندبوو "رێككەوتنەكان كەوتوونەتەسەر ئەنجامی گفتوگۆكان".

بەوتەی وەزیری نەوتی عێراق لە ئێستا پارێزگای كەركوك رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێت و لە پاڵاوگەكانی ناوخۆی عێراقدا دەپاڵێورێت.

بەشێك لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و ئاڤانا و بای حەسەنی باكور و باشور لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ھەرێمی كوردستاندان، و كێڵگە نەوتییەكانی خەبازە و جمبور و بابەگوڕگوڕ لە ژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نەوتی باكوری حكومەتی عێراق-دان.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردەوە، لە ئێستادا 223 هەزار بەرمیل نەوت بەرمدەهێندرێت و لە پاڵاوگەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەپاڵێورێن.

بەپێی وتەی عەلی حەمەساڵح 28 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك رۆژانە لە پاڵاوگەی بازیان دەپاڵێورێت، و 30 هەزار بەرمیل دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی دۆرە، هەروەها 14 هەزار بەرمیلیش دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی گەیارەو پاڵاوگەیەكی دیكە.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەو نەوتەی لە كەركوك دەپاڵێورێت تەنها 56 هەزار بەرمیلی لە پاڵاوگەی كەركوك دەپاڵێورێت و هەموو ئەو نەوتە خاوەی دیكە كە بەرهەمدەهێندرێت لە پاڵاوگەكانی هەرێم دەپاڵێورێن و بەرهەمەكەشی رەوانەی بەغدا دەكرێت.

هـ ـ ح

بەپەلە