ماوەی پەرلەمان كۆتاییهات.. دەسەڵاتەكانی حكومەتەكەی عەبادی مشتومڕی توند دەنێتەوە

عیراق

07/07/2018‌ 874 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند رۆژێكە حزبە عێراقییەكان سەرقاڵی مشتومڕێكن سەبارەت بەدەسەڵاتەكانی حكومەت لەدوای كۆتاییهاتنی ماوەی پەرلەمان، لەكاتێكیشدا پێشبینی دەكرێت پێكهێنانی حكومەتی نوێ كاتێكی زۆری پێ بچێت.

ئێستا بەگەرموگوڕی‌ چەند هێزێكی سیاسی داوای دیاریكردنی ئەركی ئەم حكومەتەی ئێستا دەكەن لەسایەی نەبوونی چاودێری پەرلەمانتاراندا.

هەفتەی رابردوو ماوەی پەرلەمانی عێراق كۆتاییهات كە بەپێی دەستوور بە چوار ساڵ دیاری كراوە ئەویش دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانی نوێ لە ئایاری رابردوودا، بەڵام پێكهێنانی حكومەتی نوێ كاتێكی زۆر دەخایەنێت ئەوەش مانای وایە پێویستە كاری حكومەتی ئێستا بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بەردەوام بێت، بەڵام چاودێری پەرلەمانی لەسەر نابێت، كە ئەوەش مایەی نیگەرانی كوتلە سیاسیەكانە‌و داوادەكەن دەسەڵاتەكانی دیاری بكرێن.

بەپێی دەستووری عێراق دەبووایە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوای مانگێك لە ئەنجامدانی واتە لە 12ی حوزەیراندا پەسەند بكرایە‌و دوای دوو هەفتەش سەرۆك كۆمار بەر لە كۆتاییهاتنی كاری پەرلەمانی پێشوو لە 30ی حوزەیراندا بانگهێشتی پەرلەمانی نوێی بكردایە بۆ ئەنجامدانی یەكەم دانیشتن تا بەپێی دەستوور كارەكانی دەست پێبكردایە، بەڵام قەیرانی ساختەكاری ئەنجامی هەڵبژاردن ئاستەنگی بۆ حساباتە دەستوورییەكان دروست كرد.

پەرلەمانتار وائیل عەبدوللەتیف لە "ئیئتیلافی دەڵەتی یاسا" بە "نیقاش"ی وت: "قەیرانی ساختەكاری وادە دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی تێكدا، هێزە سیاسییەكان شێوازی دەنگدانی ئەلیكترۆنییان پەسەند كرد بۆ خێراكردنی راگەیاندنی ئەنجامەكان دوای چەند رۆژێك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام روودانی ساختەكاری زۆربەی حزبەكانی نائومێد كرد‌و ئێستا ئێمە چاوەڕوانی سەرلەنوێ ژماردنەوە‌و جیاكردنەوەی دەستین لەلایەن كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەوە‌و ناشزانرێت كارەكانی كەی تەواو دەبن".

هەروەها وتیشی: "ئەو دانوستانەی حزبە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ ئەنجامیان داوە تا ئێستا جددی نیە‌و چاوەڕوانی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكەن تا دوای ئەوە دانووستانی راستەقینە دەست پێبكات".

بەهۆی ئابڕووچوونی ساختەكارییەوە مانگی رابردوو پەرلەمان بڕیاری دا كاری ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رابگرێت‌و ئەندامی نوێ لە دادوەرانی عێراقی بۆ بەڕێوەبردنی كۆمسیۆن دەستنیشان بكات‌و دەنگی دەنگدەرانیش لە حەوت پارێزگادا بەدەست بژمێردرێنەوە كە ئەوانیش بریتین لە كەركوك‌و ئەنبار‌و موسڵ‌و سەڵاحەدین‌و هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك.

بەڵام كۆمسیۆنی نوێ سێشەممەی رابردوو ئەو پرۆسە ئاڵۆزەی دەست پێكرد‌و بەوردیش دیاری نەكردووە كەی كارەكانی تەواو دەبن، دوای كۆتاییهاتنی ئەم ئەركەش ئەنجامەكان بۆ دادگای فیدراڵی بەرزدەكرێنەوە بۆ بەڕەسمی پەسەندكردنیان ئەگەر حزبەكان تانەی نوێی لێ نەگرن، ئەوەش مانای ئەوەیە قەیرانی نەبوونی پەرلەمان بەردەوام دەبێت‌و كاری ئەم حكومەتەی ئێستاش لەنێو مشتومڕی تایبەت بە دەسەڵاتەكانی بەردەوام دەبێت.

پەرلەمانتار سەباح ساعیدی لە هاوپەیمانی "سائیرون" بە "نیقاش"ی وت: "كاری حكومەت بەبێ بوونی پەرلەمان شتێكی هەڵەیە، لەبەرئەوە دەبێت دەسەڵاتەكانی حكومەت لە راییكردنی كاروباری رۆژانەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دیاریكراو بن، هەرچەندە دەقێكی دەستووریش لەوبارەیەوە نییە، بەڵام پرەنسیپ دەڵێت ناكرێت كاری حكومەت بەدەسەڵاتی تەواوە بەردەوام بێت بەبێ بوونی دەسەڵاتێكی چاودێری كە خۆی لەو پەرلەمانەدا دەبینێتەوە كە كارەكانی كۆتاییان هاتووە".

پەرلەمانتار مەنسور بعێجی لە "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" پێی وایە "مانەوەی وڵات بەبێ دەسەڵاتی یاسادانان شتێكی هەڵەیە‌و پێویستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەلە بكات لە یەكلاكردنەوەی ژماردن‌و جیاكردنەوەی دەستی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەروەك بەردەوامبوونی كاری حكومەت لە راییكردنی كاروبارەكان بەبێ بوونی پەرلەمان شتێكی هەڵەیە".

مشتومڕەكە لەبارەی چەمكی "حكومەتی راییكردنی كاروبار"ە كە دووجار لە دەستووردا هاتووە، بەڵام روونكردنەوەی تەواو سەبارەت بە سروشتی ئەركەكانی ئەو حكومەتە.

لە ماددەی (61)ی دەستووردا هاتووە "لە حاڵەتی دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە لە تەواوی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزیرەكان لە پۆستەكانیاندا بەردەوام دەبن بۆ راییكردنی كاروباری رۆژانە بۆماوەیەك كە لە 30 رۆژ زیاتر نەبێت تا ئەو كاتەی ئەنجومەنی نوێی وەزیران پێكدەهێنرێت".

لە ماددەی (64)یشدا هاتووە: "لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، سەرۆك كۆمار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی گشتی دەكات لە وڵاتدا لەماوەیەكدا كە لە 60 رۆژ تێپەڕ نەكات لە بەرواری هەڵوەشاندنەكەوە، لەم حاڵەتەشدا ئەنجومەنی وەزیران بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت‌و بەردەوام دەبێت لە كاروباری رۆژانە".

ئەم دوو دەقە دەستوورییە ئەركەكانی حكومەت روون ناكەنەوە لە حاڵەتی بەڕەسمی كۆتاییهاتنی كاری پەرلەمان‌و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا، لەبەرئەوە چەند سیاسییەك ئەوەی ئێستا روودەدات بە "بۆشایی دەستووری" وەسف دەكەن، لەكاتێكدا چەند سیاسییەكی دیكە ئەوە رەتدەكەنەوە، ئەمەش كێشەیەكی نوێیە دەچێتە سەر كێشەكانی شیكردنەوەی دەستووری عێراق لەوەتەی لە ساڵی 2005وە پەسەند كراوە.

تارق حەرب پسپۆری یاسایی دووپاتی دەكاتەوە "حكومەتی ئێستا تەواوی دەسەڵاتەكانی هەیە، حكومەت تەنیا لەكاتی سەندنەوەی متمانە یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەكەی ئەركی راییكردنی كاروباری دیاریكراو ئەنجام دەدات".

حەرب لە لێدوانێكدا بۆ "نیقاش" وتیشی: "داواكاری هەندێك حزب بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتە دەستووریەكانی حكومەت پێویستی بە حوكمێكی دەستووریە".

بەڵام چەند حزبێكی عێراق مەترسی خۆیان پیشان داوە لە روودانی "بۆشایی دەستووری" لەڕێی بەردەوامبوونی كاری حكومەت‌و نەبوونی پەرلەمان بۆ ماوەی چەند مانگێك بەتایبەتی كە یەكلاكردنەوەی قەیرانی ساختەكاری‌و دواتر دەستپێكردنی دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەت رەنگە ماوەیەكی زۆر بخایەنێت.

فەرەح باسل ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان دەڵێت: "بۆشایی دەستووری دەسەڵاتی رەها دەداتە حكومەت بەبێ چاودێری یاسادانەران كە ئەوەش شتێكی مەترسیدارە‌و رەنگە بۆ ماوەیەكی زۆریش بەردەوام بێت لە حاڵەتی بەردەوامبوونی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلانەكردنەوەی قەیرانی ساختەكاری‌و پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن".

لە هەوڵێكیشدا بۆ رێگرتن لە كاری یەكلایەنەی حكومەت هەفتەی رابردوو پەرلەمان سێ جار هەوڵی دا بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی كاری خۆی بۆ شەش مانگ دەربكات، بەڵام شكستی هێنا، ئەمەش لە كاتێكدایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بایكۆتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە سەرۆك فوئاد مەعسوم داوای ئەنجامدانی كردبوو بە ئامادەبوونی سەرانی حزبە گەورەكان، ئەوەش ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێ لە كایەی سیاسی عێراقدا.

بەپەلە