ئەمەریكا لەرێگای فیشارەكانەوە شەری ئێران دەكات

جیهان

08/07/2018‌ 1212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گرژییەكانی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئێران لەزیادبووندایەو واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بگەیەنێتە سفر.

لەبەرانبەردا ئێرانیش هەڕەشە دەكات، بەوەی رێگری لەهەناردەی نەوتی وڵاتانی ناوچەكە دەكات، كە ئەمە ئەو پرسیارە دەهێنێتە پێشوەوە ئایا ئەمەریكا لە توانایدایە لە هەموو دەرگایەكەوە رێگا لەناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران بگرێت؟

موختار نەقشبەندی چاودێری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت: "ئەمەریكا دەیەوێت لەرووی یاساییەوە ئەو كارە بكات، لەرێگای گەمارۆ و سزاكانەوە، نایەوێت لەرێگای لەشكەرییەوە بەر بە كەشتییەكی نەوت كێشی ئێران بگرێت، لەبەر ئەوەی هەموو كەشتییە نەوت كێشەكان هی ئێران نین".

ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: ئەمەریكا دەیەوێت بڵێت هەر وڵاتێك، كە نایەوێت سزاكانی ئەمەریكا بگرێتەوە، یاخود بازاری ئەمەریكا لە دەست بدات تا چەند مانگی تر كڕینی نەوتی لە ئێران رابگرێت ، یان بەلای كەم لەگەڵ ئەمەریكا بسازێت، كە وردە وردە و پلە پلە كەم بێتەوە".

موختار هەروەها دەڵێت: "گەمارۆخستنە سەر ئێران ئاسایشی ئینرژی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە، هەرچەند ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران تەنیا دوو تا سێ ملیۆن بوشكەیە (بەرمیل)، بۆیە وڵاتانی ئەوروپایی نایانەوێت ئەمەریكا بەرژەوەندییەكانی ئەوان بخاتە مەترسییەوە".

ئەو چاودێرە ئەوەش دەڵێت: ئەمەریكا تا ئەو جێگای پێویستیان پێی بێت هەوڵ ئەدەن لەرووی سیاسییەوە كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە بەرێوەبەرایەتی ئۆباما هەر بە گەمارۆ و سزاكان و فیشاری ئابووری كۆماری ئیسلامی بە چۆك هێنا، ئێستاش ئەم كارانەی ترامپ هەر وا پێش بڕوات ئێران بەچۆك دەهێنێت، بەڵام ئەگەر ناچار بن بێگومان شەڕەكە ئەكەن".

هـ ـ ح